هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن ئەوان لە نزیك "هەفتەی کۆتایی" هێرشەکەیانن بۆ وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە رەققە کە سهردهمێك قەڵای سوریایان بوو، لهكاتێكدا ئەو خەلافەتهی گروپەکە ناویدەبات دادەڕمێت.
لەدەستدانی رەققە تەنیا دوایین تێکشکانه له زنجیرەیەك تێکشکانی سەخت بۆ گروپە توندڕەوەکە کە سهردهمێك روبەرێکی فراوانی کۆنتڕۆڵکردبوو لە سەرانسەری سنوری نێوان سوریا و عێراقدا.
هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیکەی لە سەدا 90 رەققەیان گرتۆتەوە لەوکاتەوەی چوونە شارەکەوە لە حوزەیراندا دوای چەند مانگێك لە شەڕکردن بۆ گەمارۆدانی.
فەرماندە رۆژدا فیلات، کە سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فوڕات" دەکات، یەکشەممە (8 تشرینی یەکەم) وتی هاوپەیمانێتیهكهی شەڕکەرانی کورد و عەرەب ئێستا لە دوو بەرەوە پێشڕەوی دەکات بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی داعش لە باکور و رۆژهەڵاتی شارەکەوە.
وتیشی شەڕ هێشتا توندە لە سەرانسەری هێڵی پێشەوە کە داعش نیشانگر و خۆکوژ و ئهو هێزانهی لە تونێلەکاندا خۆیانقایمكردووه بەکاردێنێت بۆ رێگریکردن لە پێشڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ناوچەیهكی کەم ماوهتهوه
شەڕکەرە توندڕەوەکان هێستا نەخۆشخانەی میللی رەققەیان بەدەستەوەیە لەگەڵ یاریگای تۆپی پێی نزیك نەخۆشخانەکە و گەڕەکەكانی دەوروبەری، لەنێویاندا فولکەی بەدناوی نهعیم کە داعش سەربڕین و لەخاچدانی ئاشکرای تێدا ئەنجامدا.
سەرۆکی ناوهندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا باڵی، دووشەممە وتی: "ئەمڕۆ پێکدادانی پچڕپچڕ هەبوو لەدەوروبەری نەخۆشخانەکە و یاریگاکە."
"هیچ پێشوەچونێکی ئهوتۆ یان بهرچاو نەبوو، بەڵام بۆردومان و كردهی نیشانگرتن بەردەوامە."
فەرماندەیەکی مەیدانی لە هێزی کوردی یەکینەکانی پاراستنی گەل، عەلی شێر، وتی شەڕکەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات نەخۆشخانەکەیان دەورەدا پێش هێرشێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی نهعیم.
داعش پێدەچێت مەدەنیانی وەك قەڵغانی مرۆیی گلدابێتهوه لە نەخۆشخانەکەدا کە هەوڵەکانی ئاڵۆزکردوه بۆ گرتنەوەی ئەو شوێنە.
وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە پشتیوانی هێرشەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، کۆڵۆنیڵ رایان دیلۆن، وتی داعش نەخۆشخانەکەی وەك بنکەیەکی سەربازی بەکاردەهێنا و "بەچڕی قایمکرابوو."