هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

چەکدارانی داعش هەڵدێن، بەڵام بۆ کوێ دەچن؟

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات تەقە دەکات لەکاتی پێکدادان لەگەڵ توندڕەوەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) نزیك بە نەخۆشخانەی ناوەندیی رەققە لە 1 تشرینی یەکەمدا. چەکدارانی سوریا شەڕدەکەن تا دوایین پاشماوەکانی چەکدارانی داعش نەهێڵن کە لە بنکە هه‌ڵته‌كیوه‌كه‌ی رەققەدا خۆیان شاردۆتەوە. [بولەنت کیلیچ / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات تەقە دەکات لەکاتی پێکدادان لەگەڵ توندڕەوەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) نزیك بە نەخۆشخانەی ناوەندیی رەققە لە 1 تشرینی یەکەمدا. چەکدارانی سوریا شەڕدەکەن تا دوایین پاشماوەکانی چەکدارانی داعش نەهێڵن کە لە بنکە هه‌ڵته‌كیوه‌كه‌ی رەققەدا خۆیان شاردۆتەوە. [بولەنت کیلیچ / ئاژانسی فرانس پرێس]

رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە لە بەشە ماوەکەی بەناو خەلافەتەکەی خۆیدا، بەڵام چی به‌سه‌ر هەزاران چەکداردا دێت کاتێك گروپەکە ناوچەکانی لەدەستدەدات؟

بەهۆی هێرشی زۆرەوە، ئەو گروپە توندڕەوە شاری سیرتی لیبیای لەدەستداوە، موسڵ و رەمادی عێراق و لەئێستاشدا لەسەر سنوری دەرکرانە لە بنکەکەی پێشووی سوریای، رەققە.

لە لوتکەی خۆیدا، داعش دەیان هەزار چەکداری لە ریزەکانیدا هەبوو، بەرپرسانی ئەمریکا 40,000 چەکداری بیانییان خەمڵاندبوو کە لەو چەند ساڵەدا گەشتیانکردبوو بۆ پەیوەندیکردن بە گروپەکەوە.

ئەو هێزانەی هێرشدەکەنە سەر داعش به‌رده‌وام كوژران و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە توندڕەوان رادەگەیەنن، بەڵام زۆرجار ژمارەکانیان روون نیە و ناتوانرێت پشتڕاستبکرێتەوە.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئێستا شەڕی داعش دەکەن لە سوریا، مستەفا بالی، وتی: "ناتوانین ژمارەیەکی تەواوتان بدەینێ لەسەر ئەوانەی دەستگیرکراون بەڵام دەتوانین بڵێین ژمارەیەکی باشیان لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستبەسەرکراون."

خۆشاردنەوە لەنێو مەدەنییەکاندا؟

ترسێکی بەردەوامی ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر داعش ئەوەیە چەکدارەکانی خۆیان تێکەڵ بە خەڵکە مەدەنییەکە بکەن، جا بە هەڵاتن بێت لەگەڵ خەڵكە ئاوارەکە یان لە ماڵەکاندا بمێننەوە.

توێژەر لە مونتەدای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەیمەن تەمیمی وتی: "کێشەی ئەو ئەندامانەی [گروپەکە] کە خۆیان لەنێو ئەو مەدەنیانەدا شاردۆتەوە کە هەڵدێن، بەدڵنیاییەوە کێشەیەکی سەرەکیە."

وتیشی: "ئەو ئەندامانە ده‌شێت بمێننەوە یان خۆیان تێکەڵ بە خەڵکەکە بکەن و وەك شانەی نوستوو کاربکەن یان خەڵکی دیکە رابکێشن تا ئەوانیش ببنە شانەی نوستوو."

بالی وتی لە سوریا، هەندێك لە چەکداران "لەو کەمپانەدا دۆزراونەتەوە کە هی ئاوارەکانن، لەڕێی داتابەیسەکەمانەوە".

ئەوانیدیکە لەلایەن ئەو مەدەنیانەوە رادەستکراون کە ناسیویاننەتەوە و هەواڵیان لێداون.

بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رامی عەبدولڕەحمان وتی بەڵام هەندێك له‌ چەکداران هێشتا دزەیانکردووە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی "هەندێك مەدەنی ترسیان لەوەیە هەواڵیان لێبدەن، لە ترسی ئەوەی تۆڵەیان لێدەکرێتەوە".

هێزەکانی عێراق، وەك هاوشانەکانیان لە سوریا، داتابەیسێك بەکاردەهێنن بۆ جیاکردنەوەی گومانلێکراوانی داعش لە مەدەنیەکان.

بەڵام بەرپرسانی خۆجێی رایانگەیاند كه‌ "ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی داعش خۆیان لەنێو خەڵکی موسڵدا شاردۆتەوە، بەتایبەتی لە موسڵی کۆن".

توێژەری تایبەتمەند لە بزووتنەوە توندڕەوەکان هیشام هاشمی وتی بوونی ئەوان بە بەڵگە سەلمێنراوە بەهۆی "تیرۆر و تەقینەوەی رۆژانەوه‌".

ئەی چەکدارانی بیانی چی؟

چەکدارە زۆرە نا-عەرەبەكانی نێو ریزەکانی داعش رەنگە نەتوانن بە ئاسانی تێکەڵی مەدەنیە هەڵاتووەکان ببن، بەهۆی رواڵه‌ت و زمانەکەیانەوە کە لە بەرژەوەندییان نیە.

فەرماندەی باڵای هاوپەیمانان کە راوێژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "چەکدارێکی زۆری بیانی (داعش) هەن کە نایانەوێت وازبهێنن و دەیانەوێت زۆر بەسەختی شەڕبکەن."

هاشمی وتی چەکدارە بیانییەکان زۆرجار هێرشی خۆکوژی دەکەن و لەکۆتایی هه‌ر شه‌ڕێكدا "ئەو ژمارەیەی لێیان ده‌مێنێته‌وه‌ زۆر کەمە".

دەرفەتی گەیشتنەوەیان بە وڵات کەمە، بەهۆی ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەکان بەوردی چاودێریی گەڕانەوەیان دەکەن و سنوری تورکیا بە توندی چاودێریکراوە.

توێژەری باڵا لە سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی رادیکاڵبوون و توندوتیژی سیاسی، چارلی وینتەر، وتی پروپاگەندەی داعش خۆی ئاماژەیە بە لاوازبوونی کۆنترۆڵی یاسا توندەکانی بەرامبەر جێهێشتنی ناوچەکەی بۆ ئەوانەی "باوەڕیان نیە".

وتی: "گروپەکە ناڕاستەوخۆ -- بەڵام بەڕای من بە ئاشكرا -- له‌ بنەڕەتدا وتی چیتر رێگر نیە لە هەڵاتن لە ناوچەکانی ژیردەستی داعش."

پەنابردن بۆ ناوچە ماوەکانی داعش؟

پسپۆڕان دەڵێن بە بچوکبوونەوەی خێرا و بەردەوامی ناوچەکه‌ی لە سوریا و عێراق، داعش ئێستا تەرکیز دەخاتەسەر دەشتی روباری فورات کە دەکەوێتە سەر سنوری سوریا-عێراق.

وینتەر وتی "ئێستا بۆ ماوەیەکی زۆره‌ چه‌قی قورسایی داعش گۆڕاوه‌... بەرەو شوێنەکانی وەك مەیادین و ئەلبوکەمال،" لە پارێزگای دێرەزووری خۆرهەڵاتی سوریا.

وتیشی: "داعش بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دانراو ژێرخان و جەماوەری خۆی لەم ناوچانەدا کەڵەکەدەکات."

وتی پێدەچیت داعش ئه‌وه‌ی مسۆگه‌ر كردبێت كه‌ ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی بباتە ئەم ناوچانە زۆر پێش ئەوەی گەمارۆیان بدرێت لە ناوچەی وەك رەققە و موسڵ.

هه‌روه‌ها وتی ئەمە مانای وایە ئێستا شەڕ بۆ ناوچەکانی وەك مەیادین و ئەلبوکەمال دەکرێت "بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە توندبێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500