هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هاوپەیمانان دوکانەکانی پارەشۆردنەوەی داعش دەکەنە ئامانج

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

پارەگۆڕه‌ره‌وان چاوەڕوانی کڕیار دەکەن لەم دوکانی گۆڕینەوەی دراو و حەواڵەیەدا لە دەوروبەری دێرەزوور. خاوەنکاران رووبەڕووی سزای سەخت دەبنەوە گەر هاوکاری بکەن لەگەڵ رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [خاوەندارێتی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

پارەگۆڕه‌ره‌وان چاوەڕوانی کڕیار دەکەن لەم دوکانی گۆڕینەوەی دراو و حەواڵەیەدا لە دەوروبەری دێرەزوور. خاوەنکاران رووبەڕووی سزای سەخت دەبنەوە گەر هاوکاری بکەن لەگەڵ رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [خاوەندارێتی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

بۆ خۆدەربازکردن لە قەدەغەی نێودەوڵەتی لەسەر مامەڵە داراییەکانی، ماوەیەکە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دوکانەکانی حەواڵەی پارە بەکاردەهێنێت بۆ بەقاچاخبردنی سەروەتەکەی بۆ دەرەوەی سوریا، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

بۆ ئەنجامدانی ئەمە، گروپەکە چینێکی هەستیاری خەڵکەکە بەکاردەهێنێت -- ئەو سوریانەی پشت بە حەواڵەی دەرەوە دەبەستن وەك سەرچاوەی سەرەکی داهات.

خاوەنکار حسێن سەفار بە دیارونای وت کاتێك دوکانێکی گۆڕینەوەی پارە و حەواڵەی دراوی هەبوو لە دێرەزوور، رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووه‌وە لەلایەن داعشەوە تا وایلێهات ناچاربوو دوکانەکەی دابخات.

سەفار کە ئێستا دوکانێکی گۆڕینەوەی پارە و حەواڵەی دراوی هەیە لە شاری ئیدلیب، وتی پێشتر لێی قەدەغەکرابوو کار لەسەر هیچ حەواڵەیەك بکات بەبێ ئەوەی "نوسینگەی دارایی" گروپەکە بیپشکنێت.

وتی ئه‌مجار داعش دوکانەکەی قەدەغەکرد لە مامه‌ڵه‌كردن به‌ دراوی بیانییه‌وه‌ لە حەواڵەدا، بەتایبەتی دۆلاری ئەمریکی و یۆرۆ.

وتیشی دواتر داعش ئاگادارییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ رێنمایی به‌ هەموو کارمەندانی کەرتی تایبەتی دارایی دا کە حەواڵە بە لیره‌ی سوری بدەن.

وتی له‌ ئاگادارییه‌كی تردا رێنمایی هەمووانی کرد کە پارەکان بە دراوی داعش بدەنو دراوە بیانییەکان رۆژانە و راستەوخۆ بدەنە گروپەکە.

هه‌روه‌ها وتی بە پێدانی حەواڵەکە بە لیره‌ی سوری یان دراوەکەی خۆی، داعش دەتوانێت دراوە بیانیەکان بۆخۆی بەکاربهێنێت کە بەهایان زیاترە.

سەفار وتی: "گروپەکە دووجار باجی بەسەر هەموو ئاڵوگۆڕێکی دراودا دەسەپاند و کۆدەکردەوە، له‌كاتی ناردن و له‌كاتی گەیشتنیاندا و رێژەکەی پشتی دەبەست بە بەهای حەواڵەکە و ئه‌و وڵاته‌ی لێوه‌ی ده‌هات و هەندێك کات دەگەیشتە له‌سه‌دا 15."

هه‌ڵمه‌تی نێودەوڵەتی بۆسەر دارایی داعش

سەفار وتی لەم مانگانەی دواییدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو روویداوە.

وتیشی لە سێ مانگی رابردوودا تاکە حەواڵەیەك گەیشتبێتە دێرەزوور ئەوانەبوون لەلایەن کۆمپانیای حەواڵەی پارەی مۆڵەتپێدراوەوە کرابوون لە وڵاتانی بیانییدا.

وتی: "هەموو حەواڵە هەڕەمەکییەکان کە پێشتر دەگەیشتنە دانیشتوان هه‌مووی وه‌ستان." وتیشی کە کارمەندانی کەرتی پارە ئاڵوگۆڕکردن ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕێننەوە بۆ هه‌ڵمه‌تێكی نێودەوڵەتی بۆسەر دارایی داعش.

چالاکوانی بواری رۆژنامەوانی، خەڵکی دێرەزوور، ئەبوڕەحمان ده‌یری، بە دیارونای وت: "حەواڵە بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگی ژیان بۆ سوریەکان."

روونیشیکردەوە: "ئیش نەماوە و کرێکار و ئاوارە سوریەکانی دەرەوە بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی داهات بۆ سوریەکانی نێو وڵاتەکە."

وتی دۆخی دارایی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا خراپترینە، بۆیە حەواڵە زۆر گرنگە بۆ خێزانەکان تا رزگاریان ببێت.

وتیشی هەرچەندە حەواڵەی دارایی کۆنترۆڵی توندی بەسەردا سەپێنراوە، زۆرێك لەو سوریانەی لە دەرەوە دەژین توانیویانە پارە بنێرن بۆ خزمەکانیان لە وڵات لەڕێگەی کۆمپانیا و بازرگانانی نافەرمییەوە.

هەندێك لەم ئۆپەراسیۆنانە بە هاریکاریی داعش دەکرێن، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە رەنگە بتوانرێت پاوانبکرێن.

وتی: "بە سەپاندنی دراوی خۆی لە ئاڵوگۆڕی دراودا، داعش دراوی بەهادار لای خۆی دەهێڵێتەوە و تەنانەت قازانجیش دەکات لە ئه‌نجامدانی ئاڵوگۆڕەکەدا."

هێرشەکانی هاوپەیمانان هاریکاران دەکەنە ئامانج

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام، بە دیارونای وت ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی پارە لە سوریا کە هاریکاریی داعش دەکەن بوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان.

هاریکارێكی داعش، فەواز محەمەد جوبەیر راوی، کە کۆمپانیای فرەلقی ئاڵوگۆڕی حەنیفەی دەبردبەڕێوە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا 16 حوزەیران لە ئەلبوکەمال کوژرا.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاسانکاری دارایی داعش و شۆرەره‌وەی نێودەوڵەتی پارە، سامر ئیدریس، لە هێرشێکی ئاسمانیدا 7 حوزەیران له‌نزیك مەیادینی سوریا کوژرا.

بەیاننامەکە رایگەیاند سەرکردایەتی باڵای گروپەکە متمانەیان پێبه‌خشیبوو بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی سنوورەکان بۆ پارەدان بە هێرشە تیرۆریستیەكانی دەرەوه‌.

بەسام وتی: "هەوڵه‌كانی رێگرتن لە داعش لە سوودبینین لە حەواڵەکان، بڵاوکردنەوەی نامیلەکەیەکی ئەمنیش لەخۆدەگرن کە لیستی ناوی کۆمپانیا و ئەو کەسانەی تێدایە کە لەم بوارەدا کاردەکەن و گومانیان لێدەکرێت."

وتیشی لە چەند وڵاتێك هه‌ڵمه‌تبراوه‌ته‌سەر کۆمەڵێك بازرگانی دراوی بێمۆڵەت و ئەوانەی تێوەگلاون لە چالاکیی گومانلێکراودا کارەکانیان هەڵپەسێردراوە.

سنوردانان بۆ حه‌واڵه‌ نێودەوڵەتیەکان

بەسام وتی: "زۆربەی وڵاتان سنوری توند دادەنێن بۆ ئاڵوگۆڕی پارە." وتیشی بە تیشكخستنە سەر ئەم چالاکیانە، "داعش ناچاربوو رێگەی بەدیل بدۆزێتەوە" بۆ ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕە داراییەکانی.

بۆ خۆلادان لەم سنوربەندییانە، داعش چەند هەواڵگرێکی نارد کە پەیوەندییان بە سوریاوە مابوو بۆ دەرەوە تا شانەیەك لەو کەسانە پێکبهێنن کە ئامادەن بەشداری بازرگانی ئاڵوگۆڕی پارە بکەن.

روونیشیکردەوە كه‌ ئەم هەواڵگرانە یان بەتەواوی دڵسۆزی گروپەکەن، یان گیریانخواردووە بەدەست گروپەکەوە لە ئەنجامی دۆخی دارایی خۆیان.

بەسام وتی هەندێك هەن کە پارە حه‌واڵه‌ ده‌كه‌ن بۆ نێو سوریا و لە سوریاوەش بەبێ زانینی شوناسی خاوەنی پارەکە.

وتی زۆربەی ئەم حەواڵانە بڕێکی بچوكی کەمترن لە 500 دۆلار، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لەنێوان 100 دۆلار بۆ 300 دۆلاردان.

وتیشی: "ئەمە حەواڵەی مانگانەن بۆ ئەو خێزانانەی کە کەسێکیان لە دەرەوەیە."

هه‌روه‌ها وتی هەندێك پێیانوایە ئەم بڕانە کەمن و نابنە هەڕەشە، بەڵام مەترسییەکە لە تاکە بڕێکی حەواڵکراودا نیە بەڵکو لە بڕی کەڵەکەبووی ئەم حەواڵانەدایە.

وتی پێكه‌وه‌، ئەمانە دەکرێت مانگانە بگەنە سەدان هەزار دۆلار.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500