هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

نرخی خۆراك لە شارە رزگارکراوەکانی ئەنبار بەرزدەبێتەوە

خالید تائی

به‌قاڵێكی عێراقی لە بازاڕی فەلوجە سەوزە دەفرۆشێت لە وێنەیەکدا کە لە 1 تشرینی دووەمی 2016 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی نوسینگەی قائیمقامیەتی فەلوجەوە وەرگیراوە]

به‌قاڵێكی عێراقی لە بازاڕی فەلوجە سەوزە دەفرۆشێت لە وێنەیەکدا کە لە 1 تشرینی دووەمی 2016 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی نوسینگەی قائیمقامیەتی فەلوجەوە وەرگیراوە]

عەلا ئیبراهیم، خەڵکی فەلوجە، ناچاربوو هەموو شتێك بفرۆشێت کە هەیبوو بۆ کڕینی خۆراك بۆ خێزانەکەی دوای ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) شارەکەی گرت.

ناوبراو بە دیارونای وت دانیشتوانی شاری ئەنبار لەژێر رەحمەتی داعشدا بوون و دەبوو لە بوونە پڕمەینەتیەکەیان بەردەوامبن چونکە خۆراك هەم دانسقە بوو هەم گران.

ئیبراهیم وتی: "نرخی شمەك دوو هێندە بوو ئەگەر هەشبوایە. دەبوو هەموشتێك بفرۆشم -- كه‌لوپه‌له‌كانی ناوماڵ و كه‌ره‌سه‌ کارەباییەکانمان -- تەنیا بۆ ئەوەی چەند کیلۆیەك ئارد و برنج و شەکر بکڕم."

وتیشی: "ئەو رۆژانە تەحەمولنەکراو بوون کە ناچاریکردین ژیانمان بخەینە مەترسیەوە و هەڵبێین تا لەبرسا نەمرین."

ئیبراهیم و خێزانەکەی لە شارەکە هەڵاتن و دوای ئەوەی رزگارکرا گەڕانەوە.

وتی ئێستا وەك شۆفێری تەکسی کاردەکات و وتیشی کە بە گەڕانەوەی نرخەکان بۆ سه‌رده‌می پێش داعش، "ئەو پارەیەی دەستمدەکەوێت بەشمان دەکات".

یارمەتیی حکومەتی فیدراڵ

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی محەمەد حەمەدانی بە دیارونای وت: "دەستبەجێ خۆراك دەبەخشین بە هەر شارێك کە رزگارکراوە. ئەو کاڵایانەی لەسەر کۆپۆنی خۆراكن ئێستا لە هەموو شارە رزگارکراوەکان هەن، بەبێ جیاوازی."

وتیشی: "ئاسایشی خۆراکمان هەیە و خەڵك دەتوانن خۆراکە سەرەتاییەکان لە وەزارەتی بازرگانییەوە بەدەستبهێنن بە نرخێکی کەمکراوە. بەشی پێویست شمەك هەیە."

وتیشی: "لەئێستادا هەوڵدەدەین هەموو جۆرە شمەکێك بگەیەنین و بازرگانی زیندووبکەینەوە." ئاماژەشی دا بە هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتەکه‌ بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ، به‌تایبه‌تی نرخی خۆراك.

وتی پێشتر 50 کیلۆ ئارد بە نرخێکی یه‌كجار بەرز دەفرۆشرا لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش، بەڵام ئێستا له‌به‌رده‌ست خه‌ڵكدان بە نرخێكی سیمبۆڵیی 500 دینار (0.43 دۆلار)، له‌وانه‌ شەکر و رۆن و برنج.

وتەبێژی وەزارەت حەمید نایف بە دیارونای وت وەزارەتی کشتوکاڵ هەنگاوی ناوە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچە ئازادکراوەکاندا.

وتی: "ئەم کەرتە بەهۆی داعشەوە زیانی توندی پێگەیشتووە، بەهۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنی گەورەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بەرهەمهێنانیان وەستاند."

وتیشی: "لەئێستادا هەوڵدەدەین بگەڕێینەوە بۆ بەرهەمێنانی کشتوکاڵی تا ئەوکاتەی خواستی خۆجێی به‌ به‌روبومه‌كان پڕدەکەینەوە، بەتایبەتی لە ناوچە ئازادکراوەکاندا."

نایف وتی بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەت ماوەیەکە تۆ و پەیین و دژە مێروو بە نیوەنرخ دەدات و قەرزی سوكیشی داوە بۆ "کڕینی ئامێر و وەشێنەری ئاو و بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەری و ماسیگرتن."

وەزارەت ماوەیەکە یارمەتی كشتیارانیش دەدات بە کڕینی دانەوێڵە سەرەکیه‌كانی وەك ئارد بە نرخێکی بەرز و ئەو کاتەی درێژکردۆتەوە کە دەبێت قەرزەکانی حکومەت بدرێنەوە "تا کات بدرێتە کشتیاران دانەوێڵەکانیان پێبگات".

نایف وتی ئەم هەنگاوانە کاریگەریی ئەرێنییان هەیە لەسەر بەدەستهێنانی خۆراك بۆ خەڵکە رزگارکراوەکە، لەگەڵ رێکخستنی نرخ.

'هیچ نیگەرانییەك نیە'

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار کەریم کەربولی بە دیارونای وت دۆخی ئاسایی بە هێواشی دەگەڕێتەوە بۆ شارە رزگارکراوەکانی ئەنبار.

وتی ئێستا خۆراك له‌به‌رده‌ستدایه‌ و هیچ نیگەرانیەکمان نیە لەبارەی ئاسایشی خۆراك و گەڕانەوەی چالاکی بازرگانی و کشتوکاڵیه‌وه‌، لەگەڵ پاڵپشتی دەوڵەت بۆ دانیشتوان.

وتیشی: "نرخەکان لەهەر شارێکی رزگارکراوی ئەنبار هەروەك بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکە وایە. هیچ نرخێکی هێجگار بەرز و کورتهێنانێك نیە."

وتیشی: "شمەك بەشێوەیەکی بەردەوام دێتە شارەکانەوە و بەهیواین بە کردنەوەی دەروازەی سنوریی ترێبیل [لەگەڵ ئەردەن]، چالاکی بازرگانی و قازانجی زیاتر هەبێت."

هاوکات وتی، دانیشتوانی دوایین شارەکانی ژێردەستی داعش "گیریانخواردووە و برسیین." روونیشیکردەوە کە "داعش قۆرخی خۆراكی كردووه‌".

وتی گروپەکە سەرەتا خۆراك دەداتە ئەندامانی خۆی و ئەوەی ده‌مێنێته‌وه‌ بە نرخێکی نەشیاو و بەرز دەفرۆشێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

سوێند بەخوا ئەمە گەورەترین درۆیە. عەلاگەیەك ئارد بە 500 دینارە. دوکاندارەکە 1,250 دینار لە هەر هاوڵاتییەك دەسێنێت و بایعیش رۆنی تێدانیه‌ و ته‌نها 3 کیلۆ برنج و 9 کیلۆ ئاردی تێدایه‌. هەندێکجار شەکر و رۆن و برنج دەدەن. خەڵکی عێراق چوار مانگە داوای فۆرمی بایعی دەکەن و پارەشیان داوە بۆی. دەوڵەت دەیەوێت هاوڵاتیان خواستیان لەسەری زۆربێت.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌