هەرکاتێك محەمەد غەفوری سەردانی نەجەف بکات، بە بەردێکی بەنرخەوە لەسەر پەنجەی دەگەڕێتەوە. وەك بۆ چەندین حاجیی تر، لە سەردانکردنی ئەو شارە پیرۆزەی عێراقدا کڕینی ئهو ئەنگوستیلانهی بەردی بەنرخیان بهسهرهوهیه بەشێكی بنەڕەتیی ئەزمونەکەیە.
غەفوری، کە دوو ئەنگوستیلەی قورسی لەدەستی راستدا و سێیەمیانی لەدەستی چەپدا بوو لە دوایین سەردانیدا، وتی ئەوانە تەنیا بەشێکی کەم بوون لەو کۆمەڵەی هەیەتی.
حاجییەکی 60 ساڵ کە لە بەحرەینەوە هاتبوو، رۆبێکی سپیی لهبهردا و ملپێچێکی بەدەوی لهملیدا، وتی کۆمەڵە بهردهكهی رەنگە سامانێکی کەمی بۆ خەرجکرابێت، بەڵام "بەردەکان بەهایەکی بێهاوتایان هەیە، نرخەکەی هەرچەندێك بێت".
خولیای غەفوری بۆ ئەنگوستیلانهی نهجهف كه بەردی بەنرخیان بهسهرهوهیه، بەردی عەقیق، یاقوت یان فەیروزە، خولیای زۆربەی حاجیانی تریشه کە سەردانی ئەو شارە دەکەن بۆ نزاکردن لە مەزاری ئیمام عەلی.
دوکاندار فەیاز ئەبو غونهیمی، 45 ساڵ، وتی کڕیاران لە "سعودیە، ئێران، بەحرەین، کوەیت، پاکستان و لوبنان"ەوە دێن.
لەم شارەدا کە چەندین كاسبیی خێزانی ناسراون بە قەبارە و جۆری بڕینی بەردە بەنرخەکانیان، حاجیەکان خۆیان دهكهن به دوکانەکەی ئەبو غونهیمەدا یهكسهر دوای سەردانکردنی نزرگەی برازای پەیامبەر محەمەد.
ئەبو غونهیم وتی: "زۆرێکیان ئەنگوستیلە یان تەزبیحێك دەکڕن وەك یادەوەری حەجەکەیان بۆ خێزان و هاوڕێیانیان لە ماڵەوە."
کێبڕکێی وڵاتانی دەرەوە
لە بازاڕی سەرەکیی نەجەفدا، کە شوێنێکی ستراتیژیی هەیە و روویکردۆتە دەروازەی نزرگەکە، رۆژمێری ئاینی شیعە کۆنترۆڵی ژیانی بازرگانانی بەردی بەنرخی وەك ئەبو غونهیم دەکات.
بۆنە ئایینیە سەرەکیەکان کە تێیاندا بە ملیۆنان دەڕژێنە نەجەفەوە کاتی بوژانەوەیە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی نرخەکان بەرزدەبنەوە بەهۆی زیادبوونی داواوە، کە وادەکات بەنرخترین ئەنگوستیلەکان بەهەیان بچێتە هەزاران دۆلار.
بەڵام هەموو حاجیان ئامادەنین بڕی زۆری پارە بدەن.
عیسا موسا، بازرگانێکی 70 ساڵان، وتی كاسبی کەمبۆتەوە چونکە ئەم بازاڕانە پڕبوون لە هاوردەی هەرزانی تورکی، چینی، تایلەندی و ئێرانی.
موسا وتی: "ئێستا بوومەتە فرۆشیاری ئەنگوستیلە لەکاتێکدا پێشتر زەڕەنگەر بووم."
ههرچی عەلی ئەنوەریشه، شانازی بەوەوە دەکات لەسەر پیشەی کلتوریی نەجەف بەردەوام بێت، کە باجی خۆی هەیە.
وتی: "کاڵای زەڕەنگەریی تورکی و تایلەندی بە گرام دەفرۆشرێن، لەکاتێکدا ئەنگوستیلەی نەجەف بە تاك دەفرۆشرێت، لەنێوان 40,000 بۆ 50,000 دیناردا،" یان نزیکەی 35 بۆ 40 دۆلار، بەبێ نرخی بەردەکە.
هەندێك کڕیار ئەنگوستیلەی لە دەرەوە دروستکراوی خۆیان دەهێنن بۆ بەردەکان، تا لە دوکانەکانی نەجەفدا ببڕدرێنەوە.
ئەنگوستیلەی هاوردەکراو بە باوهش دەفرۆشرێن، هەر پارچەیەی بە شتێك زیاتر لە 10 دۆلار، لەکاتی پشووە ئاینیەکانی وەك مانگی پیرۆزی موحەڕەم یان یادکردنەوەی ساڵانەی ئەربەعینیدا.
کڕیاران و سەردانکەران گەڕەکەکانی بازاڕەکە پڕدەکەن، مهتاههیهك لە دوکان درستکراون بە بەردی زەردی ناوچەی کەربەلا و ناوهكانیان به مۆزایكی شین لەسەریان نەخشێنراون.
ئەم بازاڕە کە پڕە لە نەخشەسازیی ئیسلامی لە وەرزەکانی پشوودا زیاتر شوێنی پیاوانی ئایینی نەجەف و خوێندکارەکانیانە، بە ناوخۆیی و بیانییهكانهوه، کە ژمارەیان بە 25,000 دەخەمڵێنرێت.
زۆرێك لەوانه یەك یان چەند ئەنگوستیلەیەکیان لەدەستدایە، زۆربەی کات دەستی راستیان -- کە نیشانەی ئهوهیه موسڵمانی شیعەن و لاسایی ئیمامی عەلی دەکەنهوه.
بۆ تەندروستی و بەختی باش
بۆ حاجییان، کڕینی ئەنگوستیلەیەکی نەجەف بۆ زۆرێك وەك دوایین نەریتی ئایینیی دەبینرێت.
وەك شێخ جاسم مەندەلاوی، 42 ساڵ، بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی روونکردەوە، هەندێك بەرد "بەخشین دەهێنن وەك عەقیقی یەمەنی، لەکاتێکدا زمڕوت مژدەی سەرکەوتنە".
وتی ئەنگوستیلە بە عەقیقی شینەوە یان یاقوتی زەردەوە دەتوانرێت بە 100,000 دینار (85 دۆلار) یان زیاتر بفرۆشرێت.
محەمەد شەماراتی، 30 ساڵ، کە بازرگانی بەردە بەنرخەکانە، روونیکردەوە کاڵای "هەرەپێویست" کوارتزی نەجەفە، بەردێکە کە لە شوشە دەچێت بەڵام وەك بەرد رەقە و لەو بیابانەدا هەیە کە دەوری شارەکەی داوە.
فازل ئەبو عەبدوڵا، 50 ساڵ، وتی ئەو بەردانەی ئەو دەیانفرۆشێت هێزی تیمارکردنیان هەیە.
وتی: "بۆ نمونە یاقوتی زەرد بۆ لێدانی دڵ باشە و دەتوانێت چارهسهری زەردووییش بکات لە منداڵاندا" لەکاتێکدا بەردەکانی دیکە دەتوانن لە "بەختی خراپ و دێوودرنج" بەدوورتبگرن.
شەماراتی وتی ژنی رەبەنی لاو ئەم ئەنگوستیلانە دەکڕن بۆ دۆزینەوەی مێرد.
بۆ ئەبو عەباسی 40 ساڵ لە ناوچەی دەرەوەی نەجەف، ئەنگوستیلە کە دێڕی قورئانی تێدا هەڵکەنرابێت یان یەكێك لە 99 ناوەکەی ئەڵڵا (خودا) دەتوانێت کەسی لەدەستکەر بپارێزێت.
"هەندێکجار گەشت بە ناوچە بیابانیەکاندا دەکەم و دەکرێت هەرکاتێك بێت بە چەك هێرشبکرێتە سەرم،" وتی، لەکاتێکدا دووکانەکان دەگەڕا بۆ بەردێکی شیاو.