لەناو شەقامێکی رووخاوی رەققەی سوریادا، دەنگی شەرڤانێکی دژە توندڕەوان لە بڵندگۆیەکەوە دەنگدەداتەوە: "مەدەنیەکان، ئێمە چاوەڕێتانین بێن بەرەو ئارامی."
هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن ئەوان نزیکن لەوەی شکست بە دوا چەکدارەکانی"دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بێنن کە لەناو شارەکەدا خۆیان حەشارداوە.
هاوپەیمانیە کوردی و عەرەبیەکە زۆربەی ئەو شوێنەی گرتۆتەوە کە پێشتر قەڵای داعش بوو، شارێك کە بووە ناوێکی دیکە بۆ کردەوە دڕندەکانی گروپەکە.
بهڵام ترس هەیە بە هەزاران مەدەنی لەناو رەققەدا مابن،هەندێکیان لەلایەن داعشەوە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنرێن، بەوتهی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
لەو شوێنانەی لەژێردەستی گروپەکەدا ماون، شەڕڤانان هەوڵدەدەن هانی مەدەنیەکان بدەن هەڵبێن بەرلەوەی بچنە ناویەوە.
نزیکی سایلۆی گەنمی شارەکە، شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەدەنیەکانیان ئاگادارکردەوە لەوەی ترسی نیشانگرهكانی داعشیان هەبێت کە لە ماڵەکانیان هاتنەدەرەوە.
ئەحمەد ئەبو شێخ، شەرڤانێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە ریشێکی درێژی هەیە و ملپێچێکی رەشی لەسەری دابوو، چاودێریی رەوشەکەی دەکرد بە لاسلکیەك لەدەستیدا.
ئەبو شێخ سەرۆکی یەکینەیەکە و بەرپرسیارە لە هاوکاریکردنی گواستنەوەی مەدەنیەکان.
وتی: "ئێمە هاتوین بۆ ئێرە لەبەرئەوەی مەدەنی هەن نزیك لەم خاڵە و زانیاریمان بەدەستگەیشتووه لەسەر دەرچوونیان."
وتیشی: "نزیکەی 70 مەتر جیاماندەکاتەوە لە مەدەنیەکان و دەڕۆین لەدەستی داعش دەریان بهێنین."
دوا مۆڵگهكانی شەڕ
دەیان هەزار مەدەنی لە رەققە هەڵهاتن لە چەند مانگی رابردوودا، هەندێکیان ئەو کاتە رایانکرد کە هێزەکانی سوریای دیموکرات کاریان دەکرد بۆ گەمارۆدانی شارەکە بەرلەوەی بچنە ناویەوە لە حوزەیراندا.
بەڵام نەتەوە یەکگرتوەکان پێی وایە نزیکەی 15,000 مەدەنی دەکرێت لە بەشەکانی رەققە مابن و رووبەڕووی "رەوشێکی یهكجار سەخت" بووبنەوە وەك کەمی خواردن و ئاو و دەرمان.
هەڵهاتن كردهیهكی پڕمەترسییه، چونکە نیشانگرهكانی داعش بەردەوام تەقە لە مەدەنیە هەڵهاتوەکان دەکەن و رێگاکان پڕکراون لە مین.
بەڵگەی دەسەڵاتی داعش هێشتا لە چواردەوردا دیارە، وەك تابلۆیەك کە لەسەری نووسراوە "جیهاد" كه لهناو وێرانهكاندا قوتبۆتهوه.
تەپۆڵکەکانی داعش درووستیکردبوون بۆ ئەوەی پێشڕەویی هێزەکانی سوریای دیموکرات خاوبکەنەوە لە زۆربەی شەقامەکانی شارەکەدا دەبینرێن و لەسەر دیوارەکان "خوا گەورەترینە" بە رەش نووسراوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشەکەیان بۆسەر شارەکە لە حوزەیراندا لە دوو بەرەوە دەستپێکرد، لە رۆژهەڵاتەوە چوونە ناوەوە و دواتر لە رۆژئاواوە.
پێشڕەویەکانی ناو ناوەندی رەققە ئێستا مانای وایە شەڕڤانەکان دەتوانن لەمبەر بۆ ئەوبەری شارەکە راستەوخۆ بێن و بڕۆن.
جیهان شێخ ئەحمەد، وتەبێژی ژنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ گرتنی رەققە، وتی: "ئێمە یەکەمجارە لە بەرەی رۆژئاواوە دەپەڕینەوە بۆ بەرەی رۆژهەڵات چونکە هێزەکانمان ئێستا زۆربەی شارەکەیان بەدەستەوەیە."
ناوبراو لەناو شاری رەققەوە پێنجشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە لە سەدا 80 ی رەققەمان کۆنتڕۆڵکردووە و لە سەدا 20 لە مهودای تەقەی هێزەکانماندایە."
وتی داعش خۆیان شاردۆتەوە لەناو نەخۆشخانەی نیشتمانی رەققە و یاریگای تۆپی پێی خۆجێی و چەند پارکێکی نزیکی.
وتیشی: "چەندین تونێلیش هەن چەند ناوچەیەکی ستراتیژی بەیەکەوە دەبەستنەوە. ئێمە هەوڵدەدەین نەخۆشخانەی نیشتمانی بگرین بەڵام داعش مەدەنیەکان لەناویدا وەك قەڵغانی مرۆیی گرتووە و ئەمەش پێشڕەوی ئێمەی خاو کردۆتەوە."
'ساتە مێژووییەکان'
هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان پێنجشەممە سایلۆکان و یاریگاکەی پێکا و چەندین پەڵەی دوکەڵی خۆڵهمێشی رهنگی بەرەو ئاسمان برد.
دەنگی جار بە جارەی چەك و هاوەنەکان دەبیستران، بەڵام ورەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەرزبوونەوەدا بوو.
هەندێك لە شەڕڤانەکانی دەوری شێخ ئەحمەد گۆرانییان دەچڕی و تەنانەت دەستیانگرت بۆ شایی فۆلکلۆری بۆ ئەوەی نیشانیبدەن ئەوان دڵنیان شەڕی گرتنی شارەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
شێخ ئەحمەد وتی: "ئێمە لە قۆناغی کۆتاییداین و سەرکەوتن بهدهستدێنین بۆ گەلەکەمان لە رەققە لە چەند هەفتەی داهاتوودا."
"سەرکەوتن نزیکە."
فەرماندهی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژدا فەلات، وتی ئەو چەکدارانەی داعش کە ماون لە شارەکەدا "ئیدی توانایان نەماوە هێرشبکەن یان ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژکراو بنێرن."
وتی: "ئەمە بەڕوونی لە جوڵەکانی ئەم دواییانەیاندا دەرکەوتووە. ئێمە چاوەڕێ دەکەین هەموویان لە رەققەدا بکوژرێن."
بە وتەی شێخ ئەحمەد، هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشبینی راگەیاندنی سەرکەوتن لە شارەکە دەکەن لە "چەند هەفتە"ی دیکەدا.
بەرخۆدان، کە شەڕڤانێکی گەنجە و ملپێچێکی سەوزی گوڵداری لەسەردابوو، وتی: "ئێمە بەڵێنی ئەم سەرکەوتنەمان بە هەڤاڵەکانمان داوە کە شەهید بوون."
وتیشی: "ئێمە دڵمان خۆشە چونکە ساتە مێژووییەکان دەبینین لەگەڵ کەوتنی رەققە و شکستی داعشدا."
"رزگارکردنی رەققە دەچێتە پەرتوکە مێژووییەکانەوە."