هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە پێشڕەوی دەکات لە لابردنی میندا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

شاره‌زایه‌كی هەڵگرتنەوەی مین مینەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) پوچەڵدەکاتەوە لە شاری تەبقەی باکوری سوریا. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

شاره‌زایه‌كی هەڵگرتنەوەی مین مینەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) پوچەڵدەکاتەوە لە شاری تەبقەی باکوری سوریا. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

ماوەیەکە ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە سەرپەرشتی هەوڵەکانی پاککردنەوەی پاشماوەکانی مین و تەقەمەنی دەکات کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (ذاعش)ەوە چێنراون لەو ناوچانەی ئیدارەیان دەکات، بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت.

ماوەیەکە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هێزەکانی سوریای دیموکرات و رێکخراوە تایبەتمەندەکان لەگەڵ ئەنجومەنەکە كاریانكردووه‌ بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، کە لە گەڕەکەکاندا دەستیپێکرد و دواتر سەریکێشا بۆ کێڵگە و ناوچە کشتوکاڵیەکان.

محەمەد حامید، خەڵکی تەبقە، 60 ساڵ، بە دیاورنای وت کاری خێرای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژیانی ئەندامانی خێزانەکەی رزگارکرد.

حامید وتی بڕیاریدابوو بگەڕێتەوە بۆ ئەو زەوییە کشتوکاڵیەی خۆی نزیك تەبقە دوای زیاد لە دوو ساڵ جێهێشتنی لەبەر دۆخی ئەمنی.

ئەندامانی تیمە ئەندازیارییەکانی سەر بە ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە ناوچەکە کێوماڵ دەکەن لە هەرێمی تەبقەی پارێزگای رەققە بۆ پاککردنەوەیان لە مین. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

ئەندامانی تیمە ئەندازیارییەکانی سەر بە ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە ناوچەکە کێوماڵ دەکەن لە هەرێمی تەبقەی پارێزگای رەققە بۆ پاککردنەوەیان لە مین. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

وتی بە گەیشتنی، تێبینیی کرد زەوییەکە هەڵکەنراوە و بەردەکان هەڵگەڕێنراونەتەوە، کە نائاسایی بوو، لەبەرئەوەی موڵکەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ فەرامۆشکرابوو.

وتیشی پێیوابوو ئەکرێت ئەندامانی داعش زەوییەکەیان هەڵکەندبێت و تەقەمەنییان تێدا چاندبێت، بۆیە پەیوەندییکرد بە هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆوە.

کاتێك گەیشتنە ناوچەکە، هێزە ئەمنیە ناوخۆییەکان وێنەیەکیان لەسەر مۆبایلێکی جی-پی-ئێس دار گرت و بە بەرنامەی تەلەگرام ناردیان بۆ تیمێکی پاککردنەوەی مین.

وتی: "پێویستی نەکرد زۆر چاوەڕوانبین تا کارمەندانی تیمی پاککردنەوەی مین بگەن، لە ناوچەکە گواستیانینەوە تا بڕۆین بەرەو رێگە سەرەکیەکە."

تیمەکە زیاد لە 10 مینی دەرهێنایه‌وه‌، کە سەخت بوو دەستنیشانیان بکەیت چونکە هەمان رەنگی بەردەکانی ناوچەکەیان هەبوو.

حامید وتی هەریەکەیان بە کڵاوەیەکی زۆر هەستیارەوە لکێنرابوون کە دەکرا هەر بە جوڵاندن یان دەستلێدانیان بتەقنەوە.

وتیشی: "تیمەکە ئاماژەی هۆشداریدانی مینیان دانا و داوایانلێکردم نەگەڕێمەوە تا ئاگادار دەکرێمەوە کە پرۆسەی کێوماڵکردن و پاککردنەوەی مین تەواوبووە."

نەهێشتنی مین کاری لەپێشینەیە

جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنه‌كه‌، عەواس خەلیل، وتی: "پاککردنەوەی مین کاری هەرە لەپێشینەیە بۆ ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە، چونکە دانیشتوانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بەردەوامن لە ئازارچەشتن بەدەست مینەوە."

خه‌لیل بە دیارونای وت زۆرێك برینداربوون بەهۆی ئەو مینانەی داعش چاندوونی لە ماڵەکانیاندا، لەسەر زەوییە کشتوکاڵیەکان و لەناو و دەوروبەری دەزگاکانی حکومەت وەك وێستگەی ئاو و کارەبا و خوێندنگەکان.

وتی: "ئەنجومەنەکە لەگەڵ هێزە ئەمنیە ناوخۆییه‌كان، هێزەکانی سوریای دیموکرات و رێکخراوەکانی پاککردنەوەی مین هەماهەنگی دەکات بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین."

وتی ئەنجومەنەکە داوای لە رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانیش کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکانی نەهێشتن و پوچەڵکردنەوەی مین.

وتیشی به‌شێك لەوانەی وەڵامی بانگەوازەکەیان داوەتەوە رێکخراوی رۆژ بۆ کۆنترۆڵکردنی مین و گروپی راوێژکاریی مین و تێترا تێك بوون.

هه‌روه‌ها وتی هەریەکە لەم گروپانە "بەشدارییانکردووە لە نەهێشتن و پوچەڵکردنەوەی مین و هۆشداری و ئاگادارییان بڵاوکردۆتەوە بەنێو هاوڵاتیاندا و رێنماییان کردوون بۆ خۆلادان لە مین و هەواڵدان لەبارەیانەوە به‌ دەزگا ئەمنیەکان".

وتی نزیکەی 70 مین هەڵگیراونەتەوە و پوچەڵکراونەتەوە لە وێستگەیەکی گواستنەوەی کارەبای ناوخۆیی.

وتیشی ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ده‌رباره‌ی مین و بۆمبی دەستکرد بە بڵاوکردنەوەی پۆستەر و بەستنی کۆبوونەوەی گەڕەك.

وتیشی نزیکەی 50 کەس، زۆرێکیان منداڵ، بە مین کوژراون تەنیا لە شاری تەبقەدا.

هەوڵی پاراستنی مەدەنیەکان

مستەفا جەیلان کە سەر بە تیمێکی نەهێشتنی مینی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردە، وتی تیمەکانی نەهێشتنی مین لە تەبقە لەکاردابوون لەکاتی رزگارکردنی شارەکەوە لەدەستی داعش.

جه‌یلان بە دیارونای وت به‌شێك له‌ هەوڵەکان بریتین له‌ پوچەڵکردنەوەی موشەك و گوللە تۆپ و هاوەنی نەتەقیو کە مەترسییەکی گەورەن چونکە دەکرێت لەهەر ساتێکدا بتەقنەوە و بەهەر هۆکارێك بێت، وەك کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.

وتی: "تیمەکانی تایبەتمەند لە مامەڵەکردن لەگەڵ مین و پاشماوه‌ی مەترسیدار نێردراون بۆ تەواوی ناوچەکە."

جەیلان وتی ئەمانەش تیمەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و رێکخراوە خۆجێیەکان لەخۆدەگرن کە پاڵپشتی و مەشقیان پێکراوە لەلایەن رێکخراوە تایبەتمەندە نێودەوڵەتیەکانەوە.

هەموو لایەنەکان بە هاوکاریی ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە کاردەکەن، بەگوێرەی پلانێك کە وەڵامی بینینی زانیاری لەسەردراو و پلانی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی پاککردنەوەی مین لەخۆدەگرن لەو ناوچانەی بە مەترسیدار دەستنیشانکراون.

وتی کارەکە بە پاککردنەوەی مینی نێو ماڵەکان دەستیپێکرد و بەردەوامبوو بۆ رێگە سەرەکی و دەزگا گشتیەکانی وەك خوێندنگە و نەخۆشخانەکان و ئێستاش تەرکیزخراوەتە سەر دڵنیاییدان لەوەی کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵیەکان لە تەقەمەنی پاککراونەتەوە.

وتیشی دەستپێشخەریەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جەخت لە پێویستی وریایی خەڵك دەکەنەوە لە ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە هەر شتێکی گومانلێکراو یان رۆیشتن و پیاسەکردن لەو ناوچانەی کە هێشتا کێوماڵ نەکراون.

خەڵکی هۆشدارییان پێدراوە لەوەی خۆیان بەدووربگرن لەو ناوچانەی بە مەترسیدار دیاریکراون، کە ئاماژەی بوونی مین تیایاندا دانراوە.

دانیشتوان دەتوانن ئاگادارکردنەوە لە بوونی مین بدەن

جەیلان تکای لە دانیشتوان کرد کە زانیاری لەسەر مین و کاڵای گومانلێکراو بدەن لەڕێی ئه‌كاونتی تەلەگرامی Atlas03@، کە دروستکراوە بۆ ئەو مەبەستە.

وتی داوا لە دانیشتوان دەکرێت وێنەیەکی شتە گومانلێکراوەکە بنێرن و شوێنی دیاریکراوی بنێرن بەهۆی جی پی ئێسەوە.

وتیشی: "هەر کە تیمە ئەمنیەکان زانیارییەکەیان بەدەستگەیشت، دەچنە ناوچەکە بۆ لێکۆڵینەوە، دواتر پەیوەندیده‌كه‌ن بە تیمەکانی ئەندازیارییەوە." وتیشی کە "شوێنەکە دیاریدەکرێت، ئاماژەی هۆشداری دادەنرێت و هەندێك کات بازگەیەك دادەمەزرێنرێت بۆ بەرگرتن لە لێكه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی".

هه‌روه‌ها وتی: "مێتۆده‌كه‌ زۆر کاریگەرە، کات دەپارێزێت و شوێنی دیاریکراوی شتەکە دەستنیشاندەکات، بەتایبەتی کە ناوچە کشتوکاڵیەکە فراوانە و بە دەیان شارۆچکە و گوند و کێڵگەی تێدایە."

جەیلان وتی: "بەبێ ئەم مێتۆده‌ دەکرێت هەڵە بکرێت لە دەستنیشانکردنی شوێن و دەکرێت کارکردنی تیمە تایبەتمەندەکان دوابخرێت."

وتیشی: "دانیشتوان رێنماییان پێدراوە کە تەنیا رێگا سەرەکیەکان و ئەوانە بەکاربهێنن کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەکاردەهێنرێن و خۆیان به‌دووربگرن لە بەکارهێنانی لاڕێ و رێگەی کشتوکاڵی -- لانیکەم تا تیمە ئەندازیارییەکان کێوماڵەکەیان تەواودەکەن و دڵنیایی دەدەن لەوەی تەقەمەنی لێنەماوە."

جەیلان وتی زۆر جۆری مین هەیە، لەنێویاندا مینی دژە-کەسی بە فشار ده‌ته‌قێته‌وه‌ و دەکرێت ببێتە هۆی بڕینەوەی قاچی مرۆڤ، لەگەڵ مینی دژە-زرێپۆش کە ئەویش بە فشار دەتەقێتەوە.

هه‌ندێك له‌ جۆرەکانی دیکە بریتین له‌و مینانه‌ی لە دوورەوە ده‌ته‌قێنرێنه‌وه‌ یان به‌ له‌رزه‌ ده‌ته‌قنه‌وه‌.

وتی: "داعش زیرەك بوو لە دروستکردنی مین و بۆمب به‌ده‌ستی خۆیان و لە شوێنکارەکانی خۆیاندا و هەندێکجار وەك بەرد و تاوێر دروستکراون و هەندێك کات خراونەتە دەفری گەورەوە و لەژێر زەوییدا دانراون."

وتی وادەردەکەوێت کە مینەکان بۆ زیان گەیاندن بە مەدەنیەکان چێنراون، چونکە هیچ ئاماژەیەك نیە بەوەی چێنرابن بۆ خۆئامادەکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی.

وتیشی تائێستا زیاد لە 20,000 مین لە ناوچەی تەبقە لابراون، 100,000 مین لە ناوچەکانی باکوری سوریا کە لەدەستی داعش رزگارکراون لابراون لەگەڵ 2,000 پاشماوەی تەقەمەنییه‌كانی شه‌ڕ و 4,000 بۆمبڕێژ.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500