نوێنەرانی هۆزەکانی ناوچهی بادیه (بیابان)ی رۆژهەڵات له سوریا کە ئەم هەفتەیە لە قاهیرە کۆبوونەوە جەختیان لەسەر پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی خێرا و یەکلاکەرەوە کردەوە بۆ کێشەکانی سوریا.
ئەوان پێویستیی یەکگرتنی هەموو گروپە نەتەوەییەکانیان دوپاتکردەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی سوریا و دوورکەوتنەوە لە دنەدان و بارگرژیی سیاسی.
ئەو کۆبوونەوە راوێژکاریە کە سەرکردەی هۆزەکانی دەوروبەری دێرە زوور، رەققە و حەسەکەی کۆکردەوە لەلایەن بزوتنەوەی ئەلغەد ئهلسوری (سبهینێی سوریا)هوه کە بارەگای لە قاهیرەیە، ئەنجامدرا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جەربا.
ژمارەیەکی زۆری نوێنەرانی هۆزەکان بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون کە سێشەممە و چوارشەممە (19 و 20 ئەیلول) ئەنجامدرا.
بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە بەیاننامەیەکی کۆتاییان راگەیاند کە تیایدا رۆڵی خەڵکی ناوچەی ژۆرهەڵاتیان (دێرە زوور، رەققە و حەسەکە) دوپاتکردەوە لە شهڕكردن دژی تیرۆریزم.
هەروەها جەختیان كردهسهر گرنگی پێگەیشتنی پاڵپشتی بۆ ئەو مەبەستە و پرۆسەی سیاسی کە کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا.
هەروەها دامەزراندنی ئەنجومەنی عەرەبییان لە ناوچەکانی جەزیرە و فوڕات راگەیاند.
سەرۆك هۆزێکی ناوچەی جەزیرەی حەسەکە، شێخ عەبدولستار سوڵتان میلحم، وتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە دەوروبەری دێرە زوو، رەققە و حهسەکە دەگرێتەوە، ناسراوه بە فرهئێتنی.
میلحم بە دیارونای وت بە لەبەرچاوگرتنی ئهمه، کاردەکرێت بۆ گەیشتن بە شێوازێکی نوێ کە کراوەیە بۆ هەموو کەسیك بۆ بهڕێوهبردنی ئەو ناوچانە دوای وەدەرنانی یەکجارهكی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
شەڕی دژی تیرۆریزم کاری لەپێشینەیە
میلحم وتی شەڕی دژی تیرۆریزم لەم کاتەدا کاری لەپێشینەی هەمووانە.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی هەستی چۆنە بەرامبەر بە ئەنجومەنە نێوخۆییەکان کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پێكهێنراون لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، وتی: "هەموو شێوازەکان شیاو و قبوڵکراون ئەگەر رازیبوونی هەموو لایەنەکانی لەسەربێت بە قسەی هەمووان بەیەکسانی."
ئەندامی سکرتاریەتی گشتی بزوتنەوەی ئەلغەد ئهلسوری، قاسم خەتیب، بە دیارونای وت مەبەستی سەرەکی هەموو ئەوانەی بەشداریی دیدارەکەیان کرد قۆناغی داهاتووە کە لە سروشتدا سیاسی دەبێت.
وتیشی هەماهەنگی سیاسی و سەربازی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەمیشە لە بەرنامەدا دەبێت و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە بەمدواییانە بڵاوبوونەوە سەبارەت بە کێشەی نێوان هێزە تایبەتەکانی سوریا بە سەرکردایەتی جەربا و هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا.
هەروەها وتی: "کێشەکە شتێکی بچوکی جیاوازی بیروڕایە سەبارەت بە سروشتی قۆناغی داهاتوو." ئاماژەشی دا بەوەی بەشداربووان جەختیان لە پێویستی رێکخستنی میدیا و هەوڵە کۆمەکبەخشیەکان کرد لە ناوچەی بادیە تا تهركیز بكهنهسەر خەڵکی مەدەنی.