دەنگۆی کوشتنی ئەم بەناو موفتیەی عێراقی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ناكۆكیی قوڵی ئایدیۆلۆژی و دابەشبوون پیشاندهدت لەناو گروپەکەدا، چالاکوانانی سوریا بە دیارونایان وت.
عومەر قەحتانی بەرەگەز سعودی کە بە ئەبوبەکر قەحتانیش ناسراوە گەشتیکرد بۆ سوریا بۆ پەیوەندیکردن بە داعشهوه لە 2012 کە دواتر بەرزکرایەوە بۆ "بەرپرسی شەرعی" باڵای گروپەکە.
قەحتانی پێدەچێت لەلایەن ئهو ئەندامانهی داعشەوە کوژرابێت کە پهیڕهوی پاڵ ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی کەسایەتی سعودی، ئەحمەد حازمی دهكهن، كه ناسراون به حازمیەکان و بۆچونە زۆر توندڕەوەکانیان.
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکانی سوریا ئەندامانی حازمی بەزۆری دێرە زووریان لەژێردەستدایە و بەمدواییانە دەنگۆی ئهوه بڵاوبۆتەوە كه کێشە لەنێوان قەحتانی و ئهو بەرپرسانهی شەریعەی سهختگیری داعشدا پهیدابووه کە شوێن وانەکانی حازمی دەکەون .
هەرچەندە داعش رایگەیاند قەحتانی لە هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیماناندا لە تەلەعفەر کوژراوە لە عێراق، راپۆرتە میدیاییەکان دەڵێن لەراستیدا ئەو لەلایەن ئەندامە سهختگیرهكانی گروپەکەی خۆیەوە لە 7 ئاب کوژراوە لە دەوروبەری شارۆچکەی مەیادین لە دێرە زووری سوریا.
چالاکوانی بواری میدیا، جەمیل عابید، بە دیارونای وت قەحتانی، کە ئەندامێکی 42 ساڵهی کۆنی قاعیدە بوو، کەسێکی نزیکی سەرکردەی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی، بوو.
وتیشی: "بەناوبانگترین فەتوای ئەوە بوو کە رێگەی شەڕکردنی دا لە دژی بەرەی نوسرە و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر، بەتایبەتی لەڕێگەی بەکارهێنانی خۆکوژەوە."
دابەشبوونێکی توند لەنێوان ئەمیرەکاندا
عابید وتی دەنگۆی کوشتنی قەحتانی لە مەیادین بە فراوانی لەنێو ئەندامانی داعشدا بڵاوبووهوە "بەشێوەیەك کە پێدەچێت پەیامێك بنێرێت بۆ هەرکەسێك دژی بیروڕای باڵی حازمی بوەستێتەوە لەناو گروپەکەدا".
وتیشی: "چالاکوانانی سیاسی و سەربازی لە دەوروبەری ناوچەی دێرە زوور بەتەواوی ئاگاداری سروشتی پەیوەندیی نێوان ئەمیر و بەرپرسانی شەریعەی گروپەکەن لەگەڵ هەبوونی دابەشبوونی قوڵ لەنێوانیاندا."
هەروەها وتی ئەوە گەیشتۆتە ئەو خاڵەی کە سنوری گروپەکە بەتەواوی دابەشکراوە لەنێوان باڵە جیاوازەکاندا کە داعش پێکدەهێنن و هەریەکەیان ههوڵدهدهن شوێنکەوتوان و لایەنگرانی خۆیان بهێڵنهوه.
وتیشی: "ئەوە بۆ قەحتانیش راستە کە هەژمونی بە روونی کەمبۆتەوە لەم ماوەیهی دواییدا."
عابید وتی راپۆرتەکانی ئەمدواییانە ئەوە پیشاندەدەن كه قەحتانی لەماڵدا زیندانی کرابێت و جوڵانەوەکانی سنوردارکرابن لەڕێگەی بڕیارێكهوه لەلایەن کۆمیتەیەکەوە کە پێکدێت لە بەرپرسانی شەریعەی گروپەکە کە راستەوخۆ وەڵامی بەغدادی دەدەنەوە.
ناکۆکی ئایدۆلۆژی نێوخۆیی
رۆژنامەنوسی سوری، محەمەد عەبدوڵا، وتی ئەوە یەکەمجار نیە بەرپرسانی شەریعە یان کەسایەتییە کاریگەرەکانی نێو داعش لەلایە گروپەکەوە کوژرابن.
وتیشی ئەوە دەتوانرێت بۆ ناکۆکی ئایدۆلۆژی بگەڕێندرێتەوە لەسەر تەکفیر و کێشەی پەیوەست بە توندڕەوییەوە لەنێوان باڵەکانی ناو گروپەکەدا، بەزۆری لەنێوان حازمیەکان و ئەو باڵەی پێشتر لەلایەن تورکی بینالییەوە سەرکردایەتی دەکرا.
هەروەها وتی کاریگەرترین باڵ لەناو گروپەکەدا ئەو باڵەیە کە لەلایەن سەرۆکی گروپەکەوه، ئەبوبەکر بەغدادی، سەکردایەتی دەکرێت و پێدەچێت رازیبێت بە حازمیەکان کە ناوچەی دێرە زووریان لەژێردەستدایە.
وتیشی: "سەرەڕای ئەو راستیەی ئەبوبەکر قەحتانی لەپشت دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ئهو فەتوایهوه بوو كه شەرعیەت دهدات بە شەڕ دژی بەرەی نوسرە و سوپای ئازادی سوریا و هەموو باڵەکانی تری ئۆپۆزسیۆن،" ئەوە نەبووە هۆی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆی لەناو داعشدا لە ماوەی رابردوو.
روونیشیکردەوە لە ئێستادا داعش هەست بە پێوییستی دەکات بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەر گروپێك کە بتوانێت یارمەتیی بدات بتوانێت لەو سنورانەدا بمێنێتەوە کە هێشتا لەژێردەستیدان.
سەرکردە باڵاکان هەڵدێن
ئەفسەری خانەنشینی سەربازی میسری، لیوا وەعیل عەبدولموتەلیب، کە شارەزای بواری گروپە توندڕەوەکانە وتی: "بارودۆخی مەیدانیی گروپەکە لە سوریا و عێراق دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی زیاتری ناکۆکی و دابەشبوون لەنێوخۆیدا."
عەبدولموتەلیب بە دیارونای وت ئەوە ئەگەری روودانی هەیە بەزۆری لەنێوان سەرکردە باڵاکاندا کە لە وڵاتی جۆراوجۆرن و پەیوەستن بە رەچەڵەکی ئایدۆلۆژی جیاوازهوه و لەژێر چەتری داعشدا کۆکراونەتهوە.
وتیشی: "بە درێژایی ماوەی رابردوو هەمووان چاویان له هێز و هەژمون و پارە و بازرگانی نایاساییهوه بوو. ئێستا کە ئەمە هیچی نەما، لهناوبردنی کەسایەتیە باڵاکان بووەتە پێویستی بۆ گروپەکە."
بەگوێرەی راپۆرته میدیاییه جیاوازهكان ژمارەیەك سەرکردەی باڵای داعش وازیان لە پۆستەکانیان هێناوە کە گروپەکەی ناچارکردووە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سنوریەکانی ژێردەستی لە دێرە زوور پتەوبکات بۆ رێگرتن لە هەڵهاتنیان.