هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە خوێندنگەکانی ناوچەکە دەکاتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

مامۆستاکان لە ئەکادیمیای راهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی راهێنانیان پێدەکرێت لە گوندی تەل حەبەشە لە قەزای عامودای پارێزگای رەققە. [خاوەندارێتی وێنە: ئەنجومەنی مەدەنی رەققە]

مامۆستاکان لە ئەکادیمیای راهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی راهێنانیان پێدەکرێت لە گوندی تەل حەبەشە لە قەزای عامودای پارێزگای رەققە. [خاوەندارێتی وێنە: ئەنجومەنی مەدەنی رەققە]

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە ئامادەکاریی کردووە بۆ ناردنەوەی منداڵانی ناوچە رزگارکراوەکانی ئەو پارێزگایەی باکوری سوریا بۆ خوێندنگەکان دوای چەند ساڵێك لە نەبوونی خوێندن لەژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.

بۆ ئەو مەبەستە، ئەنجومەنەکە راهێنان بە ستافی فێرکردن دەکات، بینای خوێندنگەکان نۆژەندەکاتەوە و گرنگیی پەروەردە و خوێندن بە بیری دایکوباوکان و منداڵان دەهێنێتەوە.

محەمەد حەسەن کە راهێنان بە مامۆستایانی نوێ دەکات لە ناوه‌ندی پەروەردەی عەین عیسای سەربە ئەنجومەنەکە وتی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنەکە لە کێبڕکێدایە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 پێش کۆتایی ئەیلول.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەو خوێندنگانەی ئامادەن، لە ناوەندی ئەیلولدا دەستده‌کەنەوە به‌ وانه‌كان و خوێندنگەکانی دیکەش وادانراوە هەر كه‌ ئامادەبوون دەستپێبکەنەوە.

راهێنانی مامۆستایان

حەسەن وتی: "راهێنان بۆ ستافی پەروەردەیی و کارگێڕی بەردەوامە." وتیشی کە مامۆستایان دادەمەزرێنرێن هەر کە سەرکەوتوانە خولێکی دوو مانگەی راهێنانیان تەواوکرد.

ئاماژەی بەوەش کرد 365 مامۆستای ژن و پیاو کە راهێنانیان پێکراوە پەیوەندیدەکەن بەو مامۆستا خاوەن ئەزمون و دەستەكانی کارگێڕییەوە کە خاوەنی ئەزمونێکی بەرچاون.

وتی: "موچەی مامۆستا بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی مەدەنی رەققەیە، لەگەڵ شتومەکی خوێندنگە و ئامادەکاری و تفاقی خوێندنگەکان."

وتیشی ژمارەیەك مامۆستاش راهێنانیان پێکراوە لە ئەکادیمیای راهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە گوندی تەل حەبەشە لە قەزای عامۆدا.

حەسەن وتی: "ئەنجومەنی مەدەنی رەققە هاوکاریی لەگەڵ هەموان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی خوێندنگەکان بۆ خەڵکی رەققە."

وتیشی: "هەندێك رێکخراو هاوکارییان دابینکردووە و هەندێك شارۆچکەش دانیشتوانەکانیان بینای خوێندنگەیان دابینکردووە لەگەڵ تفاقی سەرەتایی. لەهەندێك ناوچە دانیشتوان تەنانەت ماڵەکانیشیان بۆ خوێندنی منداڵەکان کردۆتەوە."

هه‌روه‌ها وتی: "زۆر گرنگە منداڵان لە رەققە بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگە. ئەنجومەن سوورە لەسەر سەرکەوتنی ئەو ئەرکە، لەبەرئەوەی رووداوەکانی رابردو و فەرمانڕەوایی داعش بەسەر ناوچەکەدا هەندێك منداڵی لە خوێندن دوورخستۆتەوە بۆ ماوه‌ی سێ بۆ چوار ساڵ."

حەسەن وتی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنەکە کاردەکات تا گرنگیی گەڕانەوە بۆ خوێندن بەبیری دایکوبکاون و منداڵان بهێنێتەوە تا "شەڕی ئەو نەزانیە بکات کە داعش ویستی لە مێشکی نەوەی نوێدا بیچێنێت".

نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکان

سەرۆکی لیژنەی بنیاتنانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، عەبدوڵا ئاریان، بە دیارونای وت نرخی بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی هەندێك خوێندنگە زۆر بەرزە.

وتی: "هەرچۆنێك بێت، کارکردن بەردەوامە بۆ ئامادەکردنی خوێندنگەی شیاو یان نیمچه‌شیاو تا پێشوازی لە خوێندکاران بکات."

وتیشی ئەم خوێندنگانە لەو ناوچانەن کە درێژدەبنەوە لە باکور و دەوروبەری رەققەوە بۆ دەوروبەری عەین عیسا و دوو کاتی خوێندنیان هەیە، بەیانیان و ئێواران، تا زۆرترین ژمارەی خوێندکاران لەخۆبگرن.

هه‌روه‌ها وتی ژمارەی تەواوی ئەو خوێندنگانەی کە دەبێت بکرێنەوە هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە، چونکە هێشتا کارکردن بەردەوامە و دۆخی ئەمنی فاكته‌ری بڕیاردەرە.

وتی ناکرێت خوێندنگەیەك بکەینەوە کە دەکرێت لەژێر هەڕەشەدا بێت و جەختیکردەوە کە "هەموو ئەو خوێندنگانەی دەکرێنەوە لەو ناوچانان کە بەتەواوی سەلامەتن".

هه‌روه‌ها وتی کردنەوەی خوێندنگەکان کارێکی هاوبەشە بۆ هەموو لیژنە و نوسینگەکان و وتیشی کە یەکێکە لە ئەولەیەتە باڵاکانی ئەنجومەن.

'ئەو بەڵا کۆمەڵایەتیەی دەبێت چارەسەربکرێت'

مامۆستای خاوەن ئەزمون، مەحمود مەتەر، کە لە شاری رەققە هەڵات بۆ بەشی باکوری پارێزگاکە بە دیارونای وت زۆرینەی مامۆستایانی ناوچەکە هەڵاتوون لەو شوێنە.

وتی بڕی پێویستی مامۆستا لەبەردەستدانیە بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی خوێندن بۆ پێش ئێستا، بۆیە مامۆستای نوێ بەکرێگیراون و دامەزرێنراون بە خولی راهێنانی چڕوپڕەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی مەدەنی رەققەوە پێشکەشدەکرێت.

وتی گرنگییەکی زۆری هەیە کە ئەنجومەن خوێندنگەکان بکاتەوە، "چونکە نەوەیەك هەیە لەو منداڵانەی کە هەر هیچ نەیانخوێندووە."

وتیشی: "ئەمە بەڵایەکی کۆمەڵایەتییە و دەبێت بەهەر جۆرێك بێت چارەسەر بکرێت و هەوڵی هەموانی دەوێت، بەبێ جیاوازی، چونکە لە بەرژەوەندی هەموانە بەسەریدا زاڵبین."

مەتەر وتی پێش ئەوەی لە رەققە هەڵبێت ئەزمونی فەرمانڕەوایی داعشی کرد و "بەچاوی خۆم بینیم چۆن گروپەکە قەدەغەی خوێندنی راستەقینەی کرد و بە بڵاوکردنەوەی بیرۆکە تیرۆریستیە تاریکەکانی جێی گرتەوە".

وتی: "بەداخەوە، زۆر منداڵ کەوتنە ئەو تەڵەیەوە و مێشکیان گۆڕا و کارەساتەکە خراپتر دەبوو گەر شەڕی دژی گروپەکە دەستیپێنەکردایە و ئۆپەراسیۆنی رزگاری بەگەڕنەخرایە."

وتیشی: "رزگاری لەدەستی داعش تەنیا کاتێك تەواودەبیت کە هۆشیاری و زانیاری دووبارە لەنێو منداڵاندا بڵاوبکرێتەوە."

مەتەر وتی لە دیدگای ئەکادیمیەوە، منداڵانی رەققە پێویستیان بە مامەڵەی تایبەت هەیە لەبەر ئەو جیاوازیی تەمەنەی لەنێوان خوێندکارانی هەر پۆلێکدا دروستبووە.

وتیشی: "بۆنمونە، ژمارەیەکی زۆر منداڵی سەروو تەمەنی 10 ساڵ هەیە کە هەرگیز پێی نەخستۆتە خوێندنگەوە، لەکاتێکدا دەبوو خوێندنی سەرەتاییان تەواوکردبێت یان لانیکەم لە پۆلی سێ و چوار بن."

هه‌روه‌ها وتی قۆناغی سەرەتایی سەختترینە، بەڵام زۆر نامێنێتەوە، چونکە منداڵان هێواش هێواش رادێن بە دیسپلین و تەرکیزکردنە سەر وانەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500