یەکە سەربازیە هاوبەشەکان ئامادەکاریدەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر دوایین پێگە بەهێزەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە خۆرئاوای ئەنبار، بەرپرسێکی عێراقی سێشەممە (12 ئەیلول) رایگەیاند.
یەکە سەربازیەکان -- کە پێكدێن لە هێزی زەمینیی سوپا، پۆلیس و هۆزەکان -- دەستیانکردووە بە خۆڕێکخستن، لهكاتێكدا فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق و هاوپەیمانان پێگەکانی داعش بەچڕی بۆردومان دەکەن.
جێگری پارێزگای ئەنبار، عەلی فەرحان، بە دیارونای وت: "من دوشەممە سەردانی شاری حەدیسەم کرد و لەکاتی سەردانەکەدا چاوم بە چەندین سەرکردەی سەربازی و هۆزەکان کەوت."
وتیشی هەموو ئامادەکاریەکان چاویان پێدا خشێنرایەوە پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بۆ ئازادکردنی شارەکانی عهننە و راوە و قائیمی ئەوپەڕی خۆرئاوا لەدەست داعش.
هەروەها وتی: "ژماەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و یەکەی سەربازی پێشتر گەیشتونەتە حەدیسە و ئامادەکاری دەکەن بۆ جێگیبوون لە سەرانسەری هێڵە هاوبەشەکان لەگەڵ دوژمن لە نزیك شای عهننە."
وتیشی یەکەکانی سوپا، فەوجە فریاگوزاریەکان و پۆلیسی فیدراڵی و تاکتیك لە بنکەی سوپای عەین ئەسەد کۆبوونەوە لەنزیك ناوچەی بەغدادی وەك ئامادەکاری بۆ شەڕەکە.
هێزه خێڵهكیهكان بەشداریی شەڕەکە دەکەن
فەرحان وتی یەکەکانی هێزه خێڵهكیهكانیش لە رهمادی و فەلوجەو بەشەکانی تری ئەنبار گەیشتونەتە بنکەکە بۆ دابینکردنی پاڵپشت بۆ ئۆپەراسیۆنەکە.
وتیشی هێزێکی 1,500 کەسی هۆزەکانیش دامەزرێنراوە کە زۆربەیان خەڵکی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای ئەنبارن کە هێشتا لەژێردەستی داعشدان.
فەرحان وتی: "ئەو یەکەیە راهێنانی تەواوی بینیوە سەبارەت بە هونەری شەڕ لە سەختترین بارودۆخدا و ئەندامانی رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە گرتنەوەی ناوچەکانیان و بەهێزکردنی ئاسایشدا لەوێ."
وتیشی فەرماندەیی هێزە سەربازیەکان رۆژێك دیاریدەکات بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و ئاماژەشی دا بەوەی "بە رەچاوکردنی قەبارەی ئامادەکاریەکان، پێدەچێت لەچەند رۆژێکی کەمدا دەستپێبکات".
هەروەها وتی: "پێشبینیدەکەم هێرشێکی خێرا و یەکلاییکەرەوە بێت."
وتیشی هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان هێرشە ئاسمانیەکانینان بۆ سەر پێگەکانی داعش چڕکردۆتەوە لە ناوچەی فوڕاتی سەرو و ئەم هەفتەیە چەندین شوێنیان بۆردومانکردووە.
هێرشە ئاسمانیەکان ئەو شوێنكارانهیان تێکشکاند كه ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی لێ دروستدەکرا و چەندینیان لهو ئەندامانه كوشت كه به "ئینغیماسی" ناودهبرێن -- ئهو هێرشبەره خۆکوژانهی خۆیان دهكهن بهناو ریزهكانی دوژمندا.
فەرحان وتی: "زۆربەی چەکدارانی داعش کە لە شەڕی تەلەعفەر و موسڵ و ناوچەکانی تردا تێکشکاون هەڵهاتون بۆ رۆژئاوای ئەنبار و بەزۆری بۆ شاری قائیم."
وتیشی راپۆرتەکان لەو ناوچانەوه ئەوە پیشاندەدەن کە شەڕکەرانی داعش "تێکشکاون".