هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

زیندانییه‌ کوژراوەکانی بادوش لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە له‌ 16 تەمموزدا تیمێکی شارەزا دەبینرێت كه‌ کاردەکەن بۆ دەرهێنانی قوربانیەکانی دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە پارێزگای سەڵاحەدین. [وێنەكه‌ لە پەیجی فەسیبوکی وەزارەتی تەندروستی عێراقی وەرگیراوە.]

لەم وێنەیەدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە له‌ 16 تەمموزدا تیمێکی شارەزا دەبینرێت كه‌ کاردەکەن بۆ دەرهێنانی قوربانیەکانی دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە پارێزگای سەڵاحەدین. [وێنەكه‌ لە پەیجی فەسیبوکی وەزارەتی تەندروستی عێراقی وەرگیراوە.]

بەرپرسان وتیان هێزە عێراقیەکان دوو گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە لە باکوری موسڵ کە سەدان تەرمی زیندانیانی بەندیخانه‌ی بادوشی تیادان کە سێ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ کوژراون.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ، وتی لەوکاته‌وه‌ی دوزۆراونەتەوە، هێزە عێراقیەکان سەرقاڵی ئەوەن بزانن چی بەسەر ئەم قوربانیانەدا هاتووه‌ و هەوڵدەدەن شوێنی ناشتنه‌كه‌یان هەڵبکەنن بۆئەوەی تەرمەکان دەربهێننه‌وه‌.

رەسوڵ چوارشەممە (30 ئاب) به‌ دیارونای وت چەند ڕۆژ لەمەوبەر شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزرانەوە لە بادوش، 15 کیلۆمەتر لە باکوری موسڵ.

وتی هەردوو گۆڕه‌كه‌ تەرمی قوربانیە كوژراوه‌کانیان تێدایه‌ و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ "یەکێك لە شوێنەکان تەرمی 430 قوربانیی تیادا بوو، ئەوەی دیکەش 70، واتا سه‌رجه‌می 500 [قوربانین]."

وتی حکومەتی عێراق دەستیکردوە بە هەوڵەکانی بۆ لابردنی تەرمەکان لە هەردوو شوێنەکەدا بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی بۆ هەر یەك لە قوربانیەکان بکرێت و به‌رواوردبكرێت لەگەڵ نمونەی دی ئێن ئەی ئەندامانی خێزانه‌كانیان بۆ ناسینه‌وه‌یان.

دۆزینەوەکە راپۆرتی میدیاکانی پشتڕاستکردەوە لەسەر هەبوونی گۆڕێکی بە کۆمەڵی زیندانییه‌ کوژراوەکان به‌ پشتبه‌ستن به‌ شایه‌تییه‌كانی چەکدارە ناوخۆییه‌كان.

'گومان نییە' قوربانیەکان زیندانی بوون

رەسوڵ وتی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەکەدا دۆزرایەوە، کەمتر لە هەفتەیەك پاشئه‌وه‌ی هێزە عێراقیەکان لە 8 ئازاردا بەندیخانەی بادوشیان له‌ده‌ست داعش سه‌نده‌وه‌.

وتیشی زۆربەی قوربانیەکان خەڵكی پارێزگاکانی ناوەند و باشوری عێراق بوون و ئه‌وه‌شی دەستنیشانكرد كه‌ کوشتنیان زیاتر پەیوەندیی بە تائیفەگەریەوە هەبووە.

سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، محەمەد ئیبراهیم، بە دیارونای وت: "گومانی تێدا نییە هەردوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی دۆزراونەتەوە گۆڕی بەندکراوەکانی بادوشن."

وتی: "ئێمە زانیاریمان پێده‌گەشیت لەسەر تاوانی زۆر دڕندانه‌" و بیستبووشیان کە داعش "یەکەمجار هەموو بەندکراوەکانیان لای خۆیان دەستگیرکردووە" -- كه‌ سه‌رجه‌م نزیکەی 3,000 بوون.

وتیشی گروپەکە "ئەوانەیان ناسیوەتەوە کە خەڵكی پارێزگاکانی ناوەند و باشوری عێراق بوون بە پشتبەستن بە زانیاری بەندکراوەکانی دیکە" بەرلەوەی بیانکوژن و ئاگربەردەن لە لاشەکانیان.

هه‌روه‌ها وتی: "تەنیا چەند بەندکراوێك لەم کۆمەڵکوژیە رزگاریانبووە، ئەوەش بە یارمەتی خەڵكی ناوچەکە، کە بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوایان بردوون."

ئیبراهیم وتی زۆربەی بەندکراوەکان تاوانی بچوکیان ئەنجامدابوو ئەوکاتەی داعش هێرشی هێنا له‌ 11 حوزەیرانی 2014.

شارەزایان کاردەکەن بۆ ناسینەوەی لاشەکان

ئیبراهیم وتی لەوکاتەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە، تیمێکی بەرپرسانی باڵا و شارەزایانی پزیشکی لە نەینەوا درووستبوون بۆ بەدواداچونی رەوشەکە.

وتیشی: "تیمەکە زۆر کاری ماوە، چونکە دەبێت هەموو تەرمەکان دەربهێنرێن و تاقیکردنەوەی پزیشکییان بۆ بکرێت بۆئەوەی تەرمەکان بناسنەوە و بیاندەنەوە بە خانەوادەکانیان بۆئەوەی بەشێوەیەکی شیاو بنێژرێن."

سەرۆکی کۆمیتەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، غەزوان حەمید، وتی هەردوو گۆڕە تازە دۆزراوەکە نمونەیەکی دیکەی نامرۆڤانەی داعش و تاوانه‌ لە ژماردن نەهاتوەکانیەتی دژی مرۆڤایەتی.

حه‌مید بە دیارونای وت: "لە دوو ساڵی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە لە نەینەوا، کە قوربانییان لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان تیادابوون."

وتی: "چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە لە شارۆچکەکانی شەنگال و سنونی بەڵام لە هەموویان خراپتر گۆڕە به‌کۆمەڵەکەی خەسفە بوو -- کە ناسراوە بە "کونی مەرگ".

وتیشی لاشەی قوربانیەکان نەدرابوونەوە دەست خێزانەکانیان، بەڵکو هەڵدرابوونەسەر یەکتری لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی خەسفە، کە نزیکی حەمام عەلیلی باشوری موسڵە.

هه‌روه‌ها وتی لەکاتی داگیرکردنی موسڵدا، داعش کوشتنی بەکۆمەڵی دانیشتوانی له‌ شارەکەدا ئەنجامدا به‌تۆمه‌تی نادڵسۆزی، پێشبینیشی کرد کە دەکرێت تا 5,000 لاشە لەناو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ناوچەکەدا هەبن.

وتیشی: "ئەم تاوانانە بەڵگەن لەسەر ئەو قۆناغە تاریکەی وڵاتەکەمان و دەبێت جیهان وەکو جێنوساید له‌قه‌ڵه‌می بدات."

حەمید وتی کۆمیتەکەی ئەو کاردەکات لەسەر بە بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی داعش ئەنجامی داون و چەندین راپۆرتی پڕ لە زانیاری کۆکردۆتەوە بۆ رێکخراوە پەیوەندیدارەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500