هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

عێراق چاودێریکردنی منداڵانی چه‌كدارەكانی داعشی به‌سه‌رداكه‌وتووه‌

عەلا حسێن لە بەغدا

هێزەکانی عێراق ئەم کچە چیچانیەیان لە موسڵ دۆزیەوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی وەدەرنانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا لە شارەکە. [خاوەنی وێنە: شانەی میدیای جەنگیی عێراق]

هێزەکانی عێراق ئەم کچە چیچانیەیان لە موسڵ دۆزیەوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی وەدەرنانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا لە شارەکە. [خاوەنی وێنە: شانەی میدیای جەنگیی عێراق]

دوایئەوەی هێزەکانی عێراق رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لە موسڵ وەدەرنا، تراژیدیایه‌كی مرۆیی كه‌وته‌ به‌رچاوی هەموان، كه‌ منداڵانی بەجێهێڵدراو یان بێسەرپەرشتی شەڕکەرانی بیانیی گروپەکە کە بەجێهێڵدراون بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆیان.

بەرپرسێکی عێراق وتی هێزەکانی عێراق نزیکەی 12 منداڵی بیانییان دۆزیوەتەوە کە تا ئه‌م ساته‌ش بەتەنیا لە شەقامه‌كانی شارەکەدا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و زۆربەیان وادەردەکەون لە باوكودایكی ئاسیایی بن و هیچ شتیك سەبارەت بە چارەنوسی دایك و باوکیان نازانن.

دۆزینەوەی ئەو منداڵانە کە زۆربەیان عەرەبی نازانن، کێشەیەکی بێوێنەیان بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە.

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی منداڵەکانی بۆ خانەی بێسەرپەرشتان گواستۆتەوە لە بەغدا تا ئه‌وكاته‌ی دەتوانرێت بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و بدرێنەوە به‌ کەسوکاریان کاتیك بەباشی بناسرێنەوە.

وتەبێژی وەزارەتەکە، عەمار مونعیم، بە دیارونای وت منداڵەکان لە نەتەوەی جیاوازن لە نێویاندا چیچانی، ئەفغانی، تاجیکی و چینی.

وتیشی بەپێی فەرمانی دادگای نەوجەوانان لە عێراق، حکومەت ئەو منداڵانە دەپارێزێت و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابیندەکات لە خانەی بێسەرپەرشتان هەتا دەناسرێنەوە و دەدرێنەوە بە وڵاتی خۆیان.

ناسینەوەی منداڵانی داعش

مونعیم وتی: "چەند منداڵێك بەڕێكه‌وت دۆزراونەتەوە لەکاتی راپۆرتی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە بارودۆخی عێراق کە لە کەناڵێکی بیانیدا پەخشکرابوو."

وتیشی کەسوکاری منداڵێکی چیچانی کە ونبوبوو لە تەلەفزیۆندا ناسیانەوە کە وای لە حکومەتی چیچان کرد بە فەرمی داوای گەڕاندنەوەی ئەو و منداڵانی تر بکات کە لەهەمان بارودۆخدان.

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، محەمەد شایا سودانی، رونیکردەوە ئەو منداڵانە وەك قوربانی خێزانە تیرۆریستیەکان ئەژماردەکرێن.

وتوێژی نێوان دوو وڵاتەکە پێشتر بووەتە هۆی رادەستکردنەوەی پێنج منداڵی چیچانی بۆ حکومەتی چیچان کە نێردرابوون بۆ خانەی بێسەرپەرشتانی عێراق دوایئەوەی لەلایەن کەسوکاریانه‌وه‌ ناسرانەوە، ئەمەش هەوڵێك بوو کە بە هەماهەنگی شانەی قەیرانی عێراق ئەنجامدرا.

سەرۆکی دەسەڵاتی گوزەرانی ژنان و منداڵان لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، عەبیر چەلەبی، وتی وەزارەتەکە کاردەکات لەگەڵ رێکخراوی هاوکاری منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور بۆ چاودێریكردنی منداڵە بیانیەکان کە لە موسڵ دۆزراونەته‌وە.

چەلەبی بە دیارونای وت: "دەسەڵاتەکە فریاگوزاری سەرەتایی و چاودێریی بۆ ئەو منداڵانە دابینکردووە بۆ یارمەتیدانیان تا زاڵبن بەسەر ئەو نەهامەتییەی تێیکەوتون پێشئەوەی بنێردرێن بۆ په‌ناگای حکومی بۆ منداڵان."

وتیشی وەزارەتەکە کاردەکات بۆ رادەستکردنەوەی منداڵە ناسراوەکان بە خێزانەکان یان وڵاتەکانیان و ئاماژەشی دا بەوەی ئەو منداڵانەی هیچ ناسنامەیه‌كیان نیە وەك کەسانی بێ خزموکەس ئەژماردەکرێن بەپێی یاساکانی عێراق.

رونیشیکردەوە: "رێکاری یاسایی لەم کەیسانەدا پێویستی بە پیشاندانی روخساریان هەیە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیای فەرمی و دواتر چاوەڕونکردن بۆ ساڵێك. ئەگەر هیچ کەس نەیتوانی لەم ماوەیەدا بیانناسێتەوە ئەوا ناسنامه‌ی نوێیان پێدەدرێت لەلایەن وەزارەتەوە.

قەیرانێکی نێودەوڵەتی

دەروونناسی عێراقی، محەمەد عەبدول حەسەن، بە دیارونای وت: "دۆزینەوەی منداڵانی داعش لە موسڵ تەنیا بەشێکی کەمی کێشەکەیە." ئاماژەشی دا بەوەی کێشە گەورەکە ئەوەیە منداڵان لە هەموو جێگایەك لە تیرۆریستان لەدایك دەبن.

سەبارەت بە چارەنوسی ئەو منداڵانە پرسیاری کرد: "ئایا پێوسیتە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەخۆبگیرێن و لە خانەی بێسەرپەرشتاندا چاودێری بکرێن تا بتوانن بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی و ببنە هاوڵاتی عێراقی، یان پێویستە بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و ببنە بۆمبی تەوقیتکراو؟"

وتی ئەوە کێشەیەکە پێویستی بە دیدی کۆمەڵگایەکی هۆشیار و چارەسەری حکومەتێکی بەرپرسیار هەیە و ئاماژەشی دا بەوەی پێویستە عێراق داوای یارمەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو کە لایەنی مرۆیی لەبەرچاو بگرێت.

عەبدول حەسەن وتی: "منداڵێك کە لە دایك و باوکێکی تیرۆریست لەدایك ببێت لەو بارودۆخانەدا بێگومان داهاتویەکی رەشی دەبێت."

وتیشی ئەگەر مافی مرۆڤ و رێوشوێنی گەورەکردنی منداڵ پەیڕەونەکرێن، ئەو منداڵە رەنگە بۆ ئەوە پێبگات تا ببێتە تیرۆریستێکی داهاتوو.

عەبدول حەسەن داوای چارەسەرێکی کرد کە هۆكاره‌ بنەڕەتییه‌كه‌ی كێشه‌كه‌ لەبەرچاوبگرێت "بۆئەوەی توشی سەرسوڕمان نەبین بە بینینی منداڵان وەك قوربانی لە بەرەکانی شه‌ڕدا."

هه‌روه‌ها ئاماژەی كرد بە رۆڵی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێنانه‌كایه‌ی سەرچاوەکانی فێركردن لە سەرانسەی جیهاندا کە کۆتایی دێنێت بە هەژمونی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و بەرزکردنەوەی ئاستی میانڕەوی.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی عەبدول حەسەن بۆ بارودۆخەکە، عێراق بەباشی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی دانانی بەرنامەی گێڕانەوەی منداڵان بۆ دۆخی ئاسایی بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

لەناوبردنی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی لە هەموو هۆکارێکی تر بەهێزترە.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌