چەندین ئاوارەی ناوخۆ دەگەڕێنەوە گوند و شارۆچکەکانیان لە دەشتی نەینەوای باکوی عێراق سەرەڕای کەمیی خزمەتگوزارییه سەرەتاییهكان لە ناوچەکەدا، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.
دانیشتوانهكه ناچارکران هەڵبێن کاتێك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی دەشتی نەینەوادا گرت لە هاوینی 2014.
سەقامگیری بەزۆی گەڕاوەتەوە بۆ قەزای حەمدانیە، ناوچەیەکی شارنشینی گەورە لە دەشتی نەینەوا، لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق گرتویانەتەوە لە تشرینی یەکەمی 2016.
وەعد سلێمان، 48 ساڵ، یەکێکە لەو هەزاران دانیشتووەی گەڕاوەتەوە.
سلێمان بە دیارونای وت: "من لەگەڵ خێزانەکەم گەڕامەوە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر چونکە نەماندەتوانی لەوەزیاتر بە ئاوارەیی بژیین. داعش چەندین خانوی سوتاندووە، لەنێویاندا خانوهكهی من و ئێستا هەوڵدەدەم چاکی بکەمەوە."
وتیشی: "ژیان لێرە زهحمهته بەڵام له كەمپەکە زیاتر نا و لانیکەم لە ماڵهكهی خۆمدام."
خزمەتگوزاریەکان کێشەی سەرەکین
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای حەمدانیە، فەیسەڵ ئەسکەندەر، بە دیارونای وت دانیشتوان دەگەڕێنەوە ناوچەکە "بە ژمارەی زۆر کە بە شێوەیەکی دیار زیاددەکات لەگەڵ تێپەڕینی هەر رۆژێك."
وتی بەربەست زۆرن، بهڵام دانیشتوانه ئاوارەكه حەزدەکەن بگەڕێنەوە وهك لەوەی لە کهمپەکاندا بمێننەوە.
هەروەها وتی: "ئەو بەربەستانە پەیوەندیدارنین بە بارودۆخی ئەمنیەوە." رونیشیکردەوە كه "باودۆخەکە جێگیرە و هیچ نیگەرانییەك لەمبارەیەوە نیە".
وتیشی بەربەستی سەرەکی پەیوەندیی بە خزمەتگوزارییەوە هەیە کە ژێرخانی حەمدانیە و ماڵهكان زیانی زۆریان بەرکەوتووە به دەستی داعش.
ئەسکەندەر وتی: "ئێمە ئەمڕۆ کاردەکەین بۆ بەگەڕخستنی هەموو سەرچاوەکانمان بۆ دابینکردنی ئاستێکی باشی خزمەتگوزای بۆ خەڵکەکە. کارەبا و ئاومان بۆ سەنتەری قەزاکە چاککردۆتەوە و چەندین خوێندنگەمان نۆژەنکردۆتەوە و نەخۆشخانەكهی حەمدانیەمان خستۆتهوه گهڕ."
وتیشی ناحیە و گوندەکانی تریش کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییان هەیە و پێویستیان بە هەوڵی چڕوپڕی بنیاتنانەوە هەیە.
هەروەها وتی: "ئێمە پێویستمان بە پشتگیریی زیاتری حکومەت هەیە چونکە تواناکانمان سنودارن" کە نزیکەی سێ یەکی خانوهكانی قەزاکەمان زیانیان بەرکەوتووە یان تێکشکاون.
وتیشی: "بۆئەوەی پڕۆسەی گێڕانەوە خێرابکەین پێویستە خەڵك قەرەبوو بکرێتەوە یان یارمەتییان بدرێت بۆ بنیاتنانەوەی ماڵەکانیان."
بەرپرسی فەرمانگەی کۆچبەرانی نەینەوا، محەمەد ئیحسان، وتی: "نزیکەی چارەکێكی دانیشتوان کە لەو ناوچانە رایانکردبوو گەڕاونەتهوە. خەڵکەکە هەوڵدەدهن رووبەڕووی هەموو بەربەستەکان ببنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان."
ئیحسان بە دیاونای وت: "تەنیا یەك گروپ یان رەگەز ناگەڕێتەوە بەڵکو خەڵکەكه سهربه هەموو گروپەکانن، وەك مەسیحی، شەبەك، ئێزیدی و کاکەیی."
وتیشی: "ئەوەی وامانلێدەكات گەشبین بین ئەوەیە کە خەڵك بەردەوامن لە گەڕانەوە." ئاماژەشی دا بەوەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ هەوڵدەدەن خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دابینبکەن.
باشتربوونی بارودۆخی ئەمنی
ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی حەمدانیە، ئەبو رەبیع حەیانی، بە دیارونای وت بارودۆخی ئەمنی لە دەشتی نەینەوا جێگیربووە.
وتیشی: "ناوچەکە سەد لە سەد پارێزراوە و هێزی تەواوی لێیە لە سوپا، پۆلیس و پێشمەرگەی کوردی بۆ پاراستنی هاوشانی شەڕکەرانی ناوخۆیی."
هەروەها وتی ئەمە هانی دانیشتوانی ئاوارەی داوە بگەڕێنەوە تەنانەت لەگەڵ کەمی خزمەتگوزاری و بەرکەوتنی زیان بە خانوەکانیان کە زۆربەیان ناچاربوون لەسەر ئەرکی خۆیان چاکیان بکەنەوە.
حەیانی وتی ئیدارەی قەزای حەمدانیە کارەبا و ئاوی خواردنەوەی لە زۆربەی ناوچەکاندا چاککردهوه و پڕۆژەشی لە کەرتی خزمەتگوزاریی تردا ئەنجامدا.
وتیشی: "هیوادارین پێشوەچوونی زیاتر لەم رووەوە بەدەستبێنین بۆ گێڕانەوەی ناوچەکان بۆ دۆخی خۆیان و تەنانەت باشتریش."
حەیانی وتی ژمارەی ئەو ئاوارانەی بۆ دەشتی نەینەوا دەگەڕێنەوە پێدەچێت لە ماوەی داهاتودا بەخێرایی زیاد بکات.
وتیشی: "رێپێدانی ئەمنی دەرکراوە بۆ گێڕانەوەی دانیشتوانی 10 گوند لە قەزای حەمدانیە کە ئێستا لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین."