هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە دەستدەکات بە کردنەوەی خوێندنگەکان

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

هەندێك منداڵ لە شاری تەبقەی باکوری سوریا بۆ یەکەمین جار لە ژیانیاندا دەچنە خوێندنگە. [خاوەندارێتی وێنە: ناوه‌ندی میدیای رەققە]

هەندێك منداڵ لە شاری تەبقەی باکوری سوریا بۆ یەکەمین جار لە ژیانیاندا دەچنە خوێندنگە. [خاوەندارێتی وێنە: ناوه‌ندی میدیای رەققە]

ماوەیەکە ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی لە خوێندن دابڕێندرابوون بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵ له‌كاته‌وه‌ی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ده‌ستیگرتبوو بەسەر خوێندنگەکانی ناوچەی تەبقەدا.

بەڵام پێش ئەوەی ئەمە بکرێت، خوێندنگەکان دەبێت پڕتفاق بکرێن، ستافی فێرکاری کۆبکرێنەوە، شمەك دابینبکرێت و رۆحیەتی فێربوون ببوژێنرێتەوە لە خوێندنکاراندا دوای وەستانێکی زۆر.

نزیکەی 15 خوێندنگەی شاری تەبقەی پارێزگای رەققە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە، عەواس خەلیل، وتی حکومەتی ئەمریکا بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی پێنج خوێندنگەی داوە، لەکاتێکدا خوێندنگەکانی دیکە چاوەڕوانن کەسێك دەرکەوێت و بەشداریبکات لە نۆژەنکردنەوەیاندا.

خوێندکاران لە شاری تەبقەی سوریا بەشداریده‌كه‌ن له‌ وانەیەكدا لە خوێندنگەیەکدا کە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشی کراوەتەوە. [خاوەندارێتی وێنە: ناوه‌ندی میدیای رەققە]

خوێندکاران لە شاری تەبقەی سوریا بەشداریده‌كه‌ن له‌ وانەیەكدا لە خوێندنگەیەکدا کە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشی کراوەتەوە. [خاوەندارێتی وێنە: ناوه‌ندی میدیای رەققە]

خه‌لیل بە دیارونای وت ئەنجومەنەکە بەمدواییانە پۆلی تایبه‌تی کردەوە بۆ ئەو خوێندکارانەی نەچوونەته‌ خوێندنگە لەکاتی فەرمانڕەوایی داعشدا، بە بەکارهێنانی سەرچاوەی ساكار و بە یارمەتی دایکوباوکان.

وتی ئەم وانانە دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ دایکوباوکان ئەنجامدران، کە تیایاندا ئەنجومەنەکە جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پەروەردە و پێویستی دووبارە ناردنەوەی منداڵان بۆ خوێندنگەکان.

خەلیل وتی: "ئێمە وەك ئەنجومەن سوورین لەسەر خوێندنی منداڵەکانمان لە هەر بارودۆخێکدا بێت. گەر کورسییمان دەستنەکەوێت، لەسەر زەوییەکە دادەنیشین و وانه‌ده‌ڵێینه‌وه‌ و فێردەبین."

وتیشی: "منداڵی 13 ساڵان هەن لە تەبقە کە هیچ جۆرە خوێندنێکیان نەخوێندووە و گەر پەروەردەیان نەکەین، دەبنە بارێك بەسەر ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە."

هه‌روه‌ها وتی: "خوێندن دابیندەکەین بەهەر سەرچاوەیەك لەبەردەستماندا بێت." ئاماژەی بەوەشکرد کە نزیکەی 13,000 خوێندکار لە شارەکەدا هەن، لەنێویاندا ئاوارەکان.

وتیشی ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان بوونەتە خۆبەخش بۆ وانه‌وتنه‌وه‌.

ساڵی خوێندن لە ناوه‌ڕاستی ئەیلولدا دەستپێدەکات

ئەندامی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنەکە، غانم فەرەج، وتی لیژنەكه‌ بڕیاریداوە ساڵی خوێندنی 2018/2017 لە نێوەندی ئەیلولدا دەستپێبکات.

فه‌ره‌ج بە دیارونای وت یەکەمین خوێندنگەکان کە دەکرێنەوە ئەوانەی تەبقە دەبن و هه‌روه‌ها له‌ شارۆچکەکانی جورنیە و مەنسورە.

وتی: "لەنێو 33 خوێندنگەی ناوچەکەدا، تەنیا پێنجیان دەتوانن خوێندکاران لە شارەکانی تەبقە و چوار ناوچەی دەوروبەری وەربگرن، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە بەتەواوی رووخاون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی چڕوپڕ هەیە."

فەرەج وتی هەندێك خوێندنگەی ناوچەکە پڕبوون لە ئاوارە و ئەستەمە لەئێستادا چۆڵبکرێن.

وتیشی دوو خوێندنگە لەسەر بنەمای کاری خۆبەخشانە کراونەتەوە: خوێندنگەیەکی هاوبه‌ش لە گەڕەکی بوحەیرە، کە 580 خوێندکار لەخۆدەگرێت و خوێندنگەیەکی سەرەتایی لە ناوچەی وەهاب له‌ گەڕەکی رافیدەینی تەبقە، کە زیاد لە 500 خوێندکار لەخۆدەگرێت.

فەرەج وتی: "ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی نەخوێندەواری و نەزانی، کە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی داگیرکاریی داعشەوە له‌ ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە و نەوەیەکیان بەرهەمهێناوە هیچ خوێندنێکیان نەبووە."

وتی مامۆستا خاوەن ئەزمونەکان ئەولەویەتیان پێدەدرێت لەوەی دەیانەوێت لەکوێ وانەبڵێنەوە و لەمساڵدا ژمارەیەکی زۆری خۆبەخش حەزی خۆیان دەربڕیوە بۆ وانه‌وتنه‌وه‌.

وتیشی مامۆستایان ئامادەی خولی راهێنان بوون وەك ئامادەکاری بۆ خوێندنی ئەمساڵ.

نەخوێندەواریی بەربڵاو لەسایه‌ی داعشدا

سالم خەڵەف، خەڵکی تەبقە و کارمەندی پێشووی حکومەت، وتی: "لەکاتی داگیرکاریی ناوچەکەدا، [داعش] نەخوێندەواری و نەزانیی بڵاوکردەوە، خوێندنی قەدەغەکرد، هەندێك خوێندنگەی داگیرکرد و ئەوانیدیکەی تێكدا و روخاند."

خه‌ڵه‌ف بە دیارونای وت گروپەکە زۆرباش دەیزانی کە گەورەکردنی نەوەیەکی نەخوێندەوار کۆنترۆڵکردنی مێشکی گەنجەکان ئاسان دەکات بۆی.

وتیشی ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە بە سووربوونەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات و سوورە لەسەر دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ ئەو منداڵانەی لێی بێبەریبوون.

خەڵەف وتی سێ منداڵەکەی -- كه‌ یەکێکیان 11 ساڵە -- هیچ نەیانخوێندووە.

وتیشی منداڵە 11 ساڵەکەی دەبوو ئەو ساڵە دەستبکات بە خوێندن کە داعش ناوچەکەی داگیرکرد، "دووانەکەی دیکە لەبەر هەمان هۆ نەیانتوانی بڕۆن بۆ خوێندنگە".

وتی ژنەکەی توانیویەتی فێری خوێندنه‌وه‌یان بكات.

وتی: "بەڵام کارەساتەکە لەهەمووی خراپتر بوو بۆ ئەو دایکوباوکە نەخوێندەوارانەی نەیاندەتوانی منداڵەکانیان فێربکەن یان دۆخەکە رێگەی پێنەدەدان."

خەڵەف وتی ئەمەش وایکرد زۆر منداڵی تەبقە نەتوانن بخوێننەوە و بنوسن، وتیشی کە "گەڕانەوەیان بۆ خوێندنگە لەئێستادا بەتەواوی رزگاریان دەکات لە بەڵای نەخوێندەواری".

وتیشی: "زۆر خۆشحاڵم بەوەی زۆرێك لە دایکوباوکان بڕیاریانداوە منداڵەکانیان بنێرن بۆ خوێندنگە دوای ئەوەی زانیان منداڵەکانیان لە کاروان جێماون."

هه‌روه‌ها وتی لە هەندێك حاڵەتدا ئەمە بەهۆی دەستوەردانی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی مەدەنی تەبقە و هەندێك مامۆستاوە بووە کە پێکەوە کاریانکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەنێو دایكوباوکان و منداڵاندا دەربارەی گرنگیی خوێندن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500