هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراق سەرکەوتن بەسەر داعشدا رادەگەینێت لە نەینەوا

ئاژنسی فرانس پرێس

هێزەکانی عێراق نیشانەی سەرکەوتن پیشانده‌ده‌ن له‌كاتێكدا پێشڕەویدەکەن بەرەو عەیازییە لە باکوری تەلەعفەر لەدوایین قۆناغەکانی شەڕەکەدا بۆ وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە ناوچەکە لە 30 ئاب.

هێزەکانی عێراق نیشانەی سەرکەوتن پیشانده‌ده‌ن له‌كاتێكدا پێشڕەویدەکەن بەرەو عەیازییە لە باکوری تەلەعفەر لەدوایین قۆناغەکانی شەڕەکەدا بۆ وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە ناوچەکە لە 30 ئاب.

عێراق پێنجشەممە (31 ئاب) رایگەیاند هێزەکانی شاری تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی دەوروبەری گرتۆتەوە لە سەرکەوتنێکی تری گەورەدا بەسەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.

تەلەعفەر دوایین ناوه‌ندی گەورەی دانیشتوان بوو لە باکوری عێراق کە هێشتا لەژێردەستی گروپەکەدا بوو، شکستهێنانی لەوێ داعش بێبەری دەکات لەوشوێنەی کە پێشتر ناوه‌ندێكی سەرەکی بوو بۆ هێنانوبردنی شمه‌ك له‌نێوان ناوچه‌كانی ژێرده‌ستیدا له‌ سوریا و عێراق.

بەیاننامەیەك لە نوسینگەی سەرەکوەزیران، حەیدەر عەبادی، رایگەیاند: "بەختەوەریمان تەواوە، سەرکەوتن گەیشت و ئێستا پارێزگای نەینەوا بەتەواوی لەدەستی هێزەکانی ئێمەدایە."

دوای 12 رۆژ لە شەڕکردن، عەبادی رایگەیاند تەلەعفەر "شوێنی خۆی بەدەستهێنایەوە لە سنوری نیشتیماندا."

گرتنەوەی تەواوی پارێزگای نەینەوا دوای چەند هەفتەیەك لە وەدەرنانی داعش دێت لە موسڵ لەلایەن هێزەکانی عێراقه‌وه‌ بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای سێ ساڵ لەوەی گروپەکە "خەلافەت"ێكی تێداڕاگەیاند كه‌ به‌شێكی عێراق و سوریای ده‌گرته‌وه‌.

داعش زۆربەی ئەو سنورەی کۆنتڕۆڵی کردبوو لەدەستیداوه‌ لەو دوو وڵاتەدا لە کۆتایی 2014ەوە کاتێك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیەندرا.

شەڕکەرانی داعش لە عێراق ئێستا تەنیا شاری حەویجەیان لەژێر دەستدایە لەگەڵ چەند ناوچەیەکی کەم لە بیاباندا لەسەر سنوری سوریا.

گروپەکە تەلەعفەری داگیرکرد لە حوزەیرانی 2014. لەوکاتەدا شارەکە 200,000 دانیشتوی هەبوو بەڵام بەرپرسان دەڵێن کاتێك شەڕەکە بۆ گرتنەوەی شارەکە لە ئاب دەستیپێکرد نه‌ده‌زانرا چەند کەسی تێدا مابوو.

'کۆتایی داعش لە باکوری عێراق'

جێگری فەرماندەی هاوپەیمانان، جەنەڕاڵ روپه‌رت جۆنس، وتی كه‌وتنی ته‌له‌عفه‌ر مانای کۆتاییهاتنی داعشە لە باکوری عێراق.

جۆنس وتی: "ئازادکردنی شارەکە و ئەوەی لە پارێزگای نەینەوا ماوەته‌وه‌ بەشێوەیەکی بنەڕەتی کۆتایی بە بوونی سەربازیی داعش دەهێنێت لە باکوری عێراقدا."

بەرپرسان دەڵێن گرتنی تەلەعفەر زیاتر کاری گروپەکە سەختدەکات بۆ گواستنەوەی شەڕکەران و چەك لەنێوان عێراق و سوریادا.

داعش لە سوریاش توشی شکستی گەورە هاتووە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە نیوەی شاری رەققەیان گرتۆتەوە.

بەرپرسانی عێراق ئێستا چاوەڕێدەکرێت هێرشیکی نوێ دژی داعش ئەنجامبدەن لە شارۆچکەی حەویجەی پارێزگای کەرکوك بە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە باکوری بەغدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500