هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

پەرتوکە بەخشراوەکان پەرتوکخانەی زانکۆی موسڵ دەبوژێننەوە

خالید تائی

گەنجە عێراقیەکان پەرتوکەکانی پەرتوکخانەی ناوەندیی زانکۆی موسڵ دەپارێزن کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تاڵانیکرد و دواتر سوتاندی. [خاوەندارێتی وێنە پەیجی فەیسبوکی عەین موسڵ]

گەنجە عێراقیەکان پەرتوکەکانی پەرتوکخانەی ناوەندیی زانکۆی موسڵ دەپارێزن کە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تاڵانیکرد و دواتر سوتاندی. [خاوەندارێتی وێنە پەیجی فەیسبوکی عەین موسڵ]

پەرتوکە بەخشراوەکان لە هەموو دنیاوە هاتوون بۆ ئەوەی پەرتوکخانەی ناوەندیی زاکۆی موسڵ پڕبکەنەوە بەر لە دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لە مانگی ئەیلولدا.

ئەو کاتەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ئه‌م شارەی پارێزگای نەینەوادا، دەستنوس و پەرتوکە زۆر بەنرخەکانی تاڵانکرد و دواتربیناکەی سوتاند لەگەڵ ئەوەی لە ناویدا مابوو.

لەو کاتەوەی کە هێزە عێراقیەکان شارەکەیان گرتەوە، "لەگەل لایەنی نیشتمانی و جیهانی کاریان کردووە بۆ ئەوەی بە هەزاران پەرتوک کۆبکەنەوە،"سەرۆکی زانکۆی موسڵ عوبەید سەعید دیوەچی بە دیارونای وت.

وتی ئەو پەرتوکانە ئێستا تومارکراون و پۆلێنکراون بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ بەکارهێنان لەلایەن هەموو خوێندکاران و لێکۆڵەرەوانەوە.

وتی: "ئێمە چەندین پەرتوکی ئەکادیمی بەنرخمان بەدەستگەیشتووە و دوایین هاوکاری لەلایەن زانکۆی کۆرنێل بووە لە ئەمریکا، کە رێگەی بەکارهێنانی پەرتوکخانە ئەلکترۆنیەکەی خۆیانیان پێداوین."

وتی پەرتوکخانە ئەلکترۆنییەکە 450 گۆڤار و تێزی ئەکادیمی لەخۆدەگرێت لەسەر زانستەکانی کشتوکاڵ کە خوێندکارانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و پزیشکی ئاژەڵان و دارستان و بایۆلۆژی دەتوانن سودی لێوەربگرن.

پەرتوکخانەی ئەسکەندەریە لە میسر 1,500 پەرتوکی بەخشیوە بە بەشی ئاشوربانیپال، کە تایبەتمەندە بە خوێندنی شوێنەوارناسی و هیرۆگلیفی.

پەرتوکخانەکە هەروەها لەلایەن کەسایەتی و دامەزراوەی دیکەشەوە پەرتوکی وەرگرتووە، وەک سەندیکای رۆژنامەوانی عێراق و زانکۆی دیالە.

دیوەچی وتی: "ئێمە سوورین لەسەر دروستکردنەوی پەرتوکخانەكه‌ و گەڕانەوەی شکۆی جارانی وك سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زانست و زانیاری. ئێمە هاوكار و هاوکاریی سنگفراوانمان لە چەندین سەرچآوە وەرگرتووە و زۆر دڵخۆشین بە بەخشەرەکان."

سکرتێری گشتی پەرتوکخانەی ناوەندیی زانکۆی موسڵ محەمەد جاسم وتی نزیکەی یه‌ك ملیۆن پەرتوکی ئەکادیمی و زانستی فه‌وتان.

جاسم بە دیارونای وت: "هەموو ئەو سەرچاوانە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە سوتێنران لەبەرئەوەی دژی روناکی و ژیانن و دەیانەوێت ئایدۆلۆژیایەکی لادەر بڵاوبکەنەوە و مێشکی خوێندکارەکان ژەهراوی بکەن."

وتی: "ئێمە پێشتر 3,500 دۆکومێنتی بەنرخمان لابووە، بە دەستنووس و گۆڤارەوە کە زیاتر لە 300 ساڵ کۆن بوون، لەگەڵ کۆپی قورئانی پیرۆز کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 9، به‌ڵام هەموویان دزران و سوتێنران."

ئه‌و پەرتوکانه‌ی لە داعش شاردرانەوە

جاسم وتی ته‌نها نزیکەی 15,000 پەرتوك لە نەمان پارێزران، چونکە لە سوچێکی پەرتوکخانەکە بوون کە زیانی پێ نەگەیشتووە.

وتیشی هەفتەی رابردووش هاوڵاتیەکی موسڵ 700 پەرتوکی گەڕاندەوە کە لە پەرتوکخانەکە بردبوونی و لە ماڵەکەی خۆیدا شاردبوونیەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی داعش.

هه‌روه‌ها وتی: "هەندێك لەو پەرتوکانە لێرە لەم پەرتوکخانەیە بوون، لەکاتێکدا هەندێکی دیکەیان هی پەرتوکخانەی گشتی نەینەوا بوون."

وتی: "ئێمە ئێستا بە وریاییەوە دەمانەوێت پەرتوکخانەکە بگەڕێنینەوە بۆ رەوشی رەسەنی خۆی." ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە تا ئێستا نزیکەی 20,000 پەرتوکیان کۆکردۆتەوە لەو لایەنانەی پێیان بەخشیون.

وتیشی کۆمیتەیەکی تایبەت پەرتوکەکان وەردەگرێت لەوانەی دەیبەخشن، پاشآن تۆمار و پۆلێنیان دەکات بۆ ئەوەی خوێندکاران بەکاریان بهێنن.

هه‌روه‌ها وتی: "ئێمە لەگەڵ چەند لایەنێکدا کاردەکەیەن و زانکۆی هۆستن یارمەتیمان دەدات. هەروەها چاوەڕێی هاتنی 3,000 پەرتوك دەکەین لە بووك ئەید ئینتەرناشناڵ [هاوکاری پەرتوكی جیهانی]."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، سەیدۆ حسێن تاتانی، بە دیارونای وت کە بۆ چەندین دەیە پەرتوکخانەی زانکۆی موسڵ "یەکێك بوو لە بەناوبانگترین پەرتوکخانەکان لە عێراق و جیهاندا."

وتی پەرتوکخانەکە گەورەترین سەرچاوەی زانیاری بووە لە بەشەکانی کەلتوور و ئەدەب و زانستەکاندا.

وتیشی: "ئێمە هانی هەر هەوڵێك ده‌ده‌ین بۆ بوژاندنەوەی پەرتوکخانەکە و بەخێرهاتنی ئەو هەوڵانە ده‌كه‌ین بۆ ئەم مەبەستە و پاڵپشتی تەواویانین."

تاتانی هیوای خواست کە پەرتوکخانەکان و زانکۆکان لە جیهانەوە پشتگیریی بوژاندنەوەی پەرتوکخانەی زانکۆی موسڵ بکەن.

وتی هەموو هاوکاران دەبێت بەیەکەوە کاربکەن بەرەو ئەو ئامانجە "چونکە ئەو زیانەی پەرتوکخانەکە بەریکەوتووە زۆر ئازاربەخشە و لەلایەکی دیکەشەوە جێگای شۆك بوو بەڵام هیواخوازین ئەوەی لە دەستمانداوە بەدەستیبهێنینەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

جوانه‌!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌