هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا بۆ رێگرتن لە گواستنەوەی چەکداران لە لوبنانەوە بۆ گەیشتن بە خۆرهەڵاتی سوریا، وتەبێژێکی هاوپەیمانێتیەکە چوارشەممە (30 ئاب) رایگەیاند.
بە سەدان چەکداری داعش دووشەمە گواسترانەوە لە ناوچەی سنووریی نێوان لوبنان و سوریا لەژێر ئاگربەستێکدا کە لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە کرا و بەرەو شارۆچكهیهكی ژێردەستی داعش چوون لە سنووری خۆرئاوای سوریا لەگەڵ عێراق.
رێککەوتنی گواستنەوەکە توڕەییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە عێراق، کە سێشەممە سەرهکوەزیران حەیدەر عەبادی وتی رێککەوتنەکە "پهسهندنەکراوه" و "سوکایەتییە بە خەڵکی عێراق".
وتی عێراق شەڕی داعشی دەکرد، نەك چەکدارانی داعش بنێرێت بۆ سوریا.
نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش، برێت مەکگورك، لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی: "تیرۆریستانی ناحاڵیی داعش دەبێت لە بەرەی شەڕدا بکوژرێن، نەك بە پاس بگوازرێنەوە بەنێو سوریادا بۆ سەر سنوری عێراق بەبێ رەزامەندیی عێراق."
وتیشی: "هاوپەیمانێتیەکەمان هەوڵدەدات تا دڵنیابێت لەوەی ئەم تیرۆریستانە هەرگیز نەتوانن بێنە عێراقەوە یان هەڵبێن لەوەی لە 'خەلافەت'ە لاوازەکەیان ماوەتەوە."
وتەبێژی هاوپەیمانان، رایان دیلۆن، چوارشەممە پشتڕاستیکردەوە کە هێرشی بۆمبارانی هاوپەیمانان رێگەی کاروانەکەیانی گرتووە.
دیلۆن وتی "بۆ رێگرتن لەوەی کاروانەکە زیاتر بەرەو خۆرهەڵات بچێت، رێگەکەمان تێکدا و پردێکی بچوکمان تێکشکاند،" بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر شوێنەکەیان بدات.
وتیشی: "داعش هەڕەشەیەکی جیهانییە. گواستنەوەی تیرۆریستان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە تا یەکێکی دیکە پێیانەوە خەریكبێت چارەسەرێکی بنەڕەتی نیە."
رێککەوتننامەیەکی 'نادادپەروەرانە' بۆ گواستنەوە
رێککەوتنی گواستنەوەکە لەنێوان داعش و حیزبوڵای لوبناندا کرابوو، کە دەستیوەرداوەتە شەڕەوە لە سوریای دراوسێی بۆ هێشتنەوەی رژێمی سوریا.
حیزبوڵا ماوەی هەفتەیەکە شەڕی دژی داعش دەکات لە بەری سوریای سنوور لەگەڵ لوبنان، هاوکات لهگهڵ هێرشی هێزەکانی لوبنان لە بەری سنووری خۆیانەوە.
شەڕەکان یەکشەممە کۆتاییان هات دوای راگەیاندنی رێککەوتنێك بۆ گواستنەوەی هێزەکانی داعش بە پاس و سەدان کیلۆمەتر دوور لە سنووری خۆرئاوای سوریاوه لهگهڵ لوبنان بۆ سنووری خۆرهەڵاتی لەگەڵ عێراق.
چەکداران و مەدەنیەکانی داعش، لەنێویاندا منداڵ، دوو رۆژ لەمەوبەر سنووری ناوچەکەیان بەجێهێشت، بەڵام چوارشەممە پاسەکانیان هێشتا وەستێنرابوون لە دەروازەی پارێزگای دێرەزوور.
روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ پشتڕاستیکردەوە کە دواکەوتن هەبووە بەڵام روونی نەکردەوە بۆچی و سەرچاوەکانی رژێمی سوریا کە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە پەیوەندیان پێوەکرا، رەتیانکردەوە قسە بکەن.
شیکاروانی عێراقی هیشام هاشمی گواستنەوەكهی بە "نادادپەروەرانە" ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئهوه "ههڵدانی داعشە لە لوبنانەوە بۆناو عێراق".
رۆژنامەنوس سەلما خەفاجی وتی گواستنەوەکە دەکرێت رێگەبدات بە "دروستکردنەوە و رێکخستنەوەی داعش، فڕێیاندەداتە شەڕێکی نوێوە لەگەڵ عێراق".
دووشەممە، تەقینەوەیەك کە داعش لە ئەستۆی گرت لە پایتەختی عێراق11 کەسی کوشت.
تکایە سەرنجبدەنە وتەکانی نەسروڵڵا. بە لایەنگرییەوە مەنوسن.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت