هێزەکانی عێراق شارۆچکەی تەلەعفەریان رزگارکرد بە خێراییەك کە ساختەیی بانگەشەی بههێزیی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ی دەرخست، فەرماندەیەکی سەربازیی عێراقی سێشەممە (29 ئاب) رایگەیاند.
هێزەکانی عێراق هەموو گەڕەکەکانی تەلەعفەریان گرتهوه لە پارێزگا نەینەوا له خۆرئاوا، تەنیا لە ماوەی نۆ رۆژی شەڕدا.
ئاماژەی تێکشکان دەرکەوت لە ریزی چەکدارەکاندا هەر لە یهكهمین کاتژمێرەکانی شەڕی رزگارکردندا.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لیوا نەجمەدین جبوری وتی: "وەك پێشتر پێشبینیمانکردبوو، شەڕەکە 10 رۆژ زیاتری نەخایاند."
لەئێستادا شەڕ لە شارۆچکەی عەیازیە بەڕێوەدەچێت، 15 کیلۆمەتر باکوری تەلەعفەر، کە هێزەکانی عێراق دووشەممە لە شەڕی سەختدا بوون لەگەڵ دوایین پاشماوەکانی چەکدارانی داعش کە لە نەینەوا ماونەتەوە.
جبوری بە دیارونای وت: "تیرۆریستانی داعش زۆر بەرگەناگرن، رەنگە چەند رۆژێکی کەمی مابێت، گەر کەمتریش نەبێت، پێش ئەوەی عەیازییە رزگاربکرێت."
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسوڵ بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق لە سێ بەرەوە هێرشیانکردۆتە سەر عەیازییە لەکاتی روخانی ریزەکانی چەکدارانی داعشدا."
وتی هێزەکانی عێراق تائێستا دوو گوندیان گرتۆتهوه و بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و کەتیبەی تانکی ئەبرامزی سوپای عێراقی پێشڕەوییان بەردەوامە.
جبوری وتی ئەو هێرشە ئاسمانیە چڕوپڕانەی پێش شەڕی تەلەعفەر کران توانای مرۆیی و ماددیی داعشیان لاوازکرد، وتیشی گەمارۆی تەلەعفەر لە نۆ مانگی پێشووشدا یارمەتیدەری سەرکەوتنێکی خێرا بوو.
وتیشی: "ئەو خێراییەی سەرکەوتنی پێ بەدەستهات ساختەیی بانگەشەی بەهێزیی داعشی دەرخست. گروپەکە له پڵنگێكی كاغهزین زیاتر هیچی تر نیه."
داعش لە گێژاوی ناکۆکی ناوخۆییدایە
بەگوێرەی جبوری: "دووبەرەکییهكانی نێوان چەکدارانی ناوخۆیی و بیانی کە پێش دەستپێکی شەڕەکە زیادیکرد زۆر کاریگەریی لەسەر ورەی چەکدارەکان دانا."
وتی زۆر چەکداری ناوخۆیی داعش ئەوەیان هەڵبژارد پێش شەڕەکە هەڵبێن، چەکدارە بیانییەکانیان بهتەنیا جێهێشت تا شەڕبکەن.
وتیشی: "سەرکەوتن لە تەلەعفەر کۆتایی داعش لە عێراق خێراتر دەکات."
ههروهها وتی: "ئەم دەستکەوتە سوودی ههیه بۆ ورهبهرزیی هێزەکانمان و هاندەریان دەبێت بۆ بەردەوامی لە شەڕ تا دوا بستی ناوچە داگیرکراوەکان ئازادبکەن."