هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

سزا نوێکان زەبرێکن بۆ پشتیوانانی پاسداران

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتده‌به‌ستێت به‌ هێرشی بەلەمی خێرا بۆ وەستاندنی چالاکیی دەریایی مەدەنی و ئابوری لە کەنداودا. [وێنەکە لە ئیرانیان نیوز وەرگیراوە]

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتده‌به‌ستێت به‌ هێرشی بەلەمی خێرا بۆ وەستاندنی چالاکیی دەریایی مەدەنی و ئابوری لە کەنداودا. [وێنەکە لە ئیرانیان نیوز وەرگیراوە]

ئەو سزا نوێیانەی بەسەر ئەو کەس و کیان و تۆڕانەدا سەپێنراون کە پاڵپشتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن پێویستن بۆ لغاوکردنی چالاکیە شەڕانگێزەکانی رژێمەکە لە ناوچەکەدا، پسپۆڕان بە مەشاریقیان وت.

شانزە کیان و کەس سزادران لە 18ی تەمموزدا له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی لایه‌نه‌ نایاساییه‌كان یان چالاکیه‌ تاوانکارانەكانی ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌كه‌ی خۆی.

سزاکانی وەزارەتی دارایی ئەمریکا حەوت کیان و پێنج کەسی تێدایە له‌سه‌ر بەشداربوون لە چالاکیی وەهادا کە پاڵپشتی سوپای ئێران یان پاسداران دەکەن، هه‌روه‌ها رێکخراوێکی تاوانکارانەی سنوربڕی ئێرانی و سێ کەسی سەر بەو رێکخراوە.

ئەو سێ تۆڕەی دیاریکراون پاڵپشتی دەستکەوتی سەربازیی ئێران یان پاسدارانیان کردووە لەڕێی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەسەی سەربازی، بەرهەمهێنان و چاودێریی بەلەمی خێرای هێرشبەر یان بەدەستهێنانی پێکهاتەی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کیانانەی پاڵپشتی سوپای ئێران دەکەن.

ئه‌و رێکخراوه‌ تاوانكاره‌ سنوربڕه‌ی ده‌ستنیشانكراوه‌، لەگەڵ دوو بزنسمانی ئێرانی و کیانێکی په‌یوه‌ندیداردا، ئه‌نجامدانی دزینی پرۆگرامی کۆمپیوتەرییان رێکخستووە كه‌ فرۆشراون بە حکومەتی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوو رێکخراوی ئێرانیشی ده‌ستنیشانكرد کە بەشداربوون لە پرۆگرامی موشەکی بایلستی ئێراندا.

سزاکان 'ئیلزامی' بوون

توێژەری ناوەندی شەرق بۆ توێژینەوە ناوچەیی و ستراتیژییەکان، فەتحی سەیید، کە تایبەتمەندە لە کاروباری ئێراندا وتی ئەو سزایانەی سەپێنراون بەسەر ئەو کەسانەدا كه‌ لە بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستییەوە گلاون بۆ پاسداران، ئیلزامی بوون.

سه‌یید بە مەشاریقی وت: "ئەم هەنگاوە له‌به‌ر ئه‌و زیانە پێشبینیکراوەیە کە لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکانی پیشه‌سازیی سەربازییەوە دێته‌كایه‌وه‌ کە رێگه‌ به‌ ئێران ده‌ده‌ن گەشەی خۆی لە ناوچەکەدا زیادبکات."

وتی شەڕ لە سوریا و عێراق دەریخست کە هه‌وادارانی سوپای پاسداران لەو وڵاتانە -- حیزبوڵا و هێزەکانی حەشدی شەعبی -- چەکی له‌لایه‌نی ته‌كنۆلۆژییه‌وه‌ پێشکەوتوویان پێیە کە لەلایەن ئێرانەوە بەرهەمهێنراون.

وتیشی: "له‌وانه‌ش ئه‌و چەکانه‌ی نوێترین سیستمی شوێنپێهەڵگرتنی لەسەرە لەگەڵ میكانیزمی تەقەکردنی دەستبەجێ، هه‌روه‌ها درۆنیش (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)."

هه‌روه‌ها وتی ئەمە هەڕەشەیه‌كی جددیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئەو پاشاگەردانییە درێژدەکاتەوە کە وادەکات کۆنترۆڵی پاسداران توندتربێت.

سەیید وتی گەشەپێدانی بەلەمی خێرای سەربازی لەلایەن پاسدارانەوە هەڕەشەیە بۆ ئه‌منیه‌تی گەشتی دەریایی لە کەنداو و گەرووی هورمزدا -- كه‌ رێگایەکی گرنگه‌ بۆ بازرگانیی جیهانی لە ناوچەکەدا.

گەشەپێدانی نایاسایی چەك

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی ئه‌مریكا دوو کۆمپانیا، رایان روشد و قیشم مەدکاندەلۆ سزادراون لەبەر رۆڵیان لە بەرهەمهێنانی ئه‌و ماددانه‌ی پشتگیری له‌ هەنگاوەکانی گەشەپێدانی نایاسایی چەك ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن پاسدارانه‌وه‌.

مامۆستای بواری پەیوەندییەکان لە زانکۆی حەلوان، مەحمود شاهین، کە وەك راوێژکاری تەکنیکی کۆمپانیایەکی تەلەکۆمونیکەیشنی میسری کاردەکات، وتی ئەو دوو کیانە پاڵپشتی سەرەکیی هەوڵەکانی پاسدارانن بۆ گەشەپێدانی چەك.

شاهین بە مەشاریقی وت هەردوو کۆمپانیاكه‌ ناوه‌ندی توێژینەوە و گەشەپێدانی گرنگیان هەیە.

وتی لەژێر رۆشنایی زیادبوونی ئه‌و پرگرامانه‌ی به‌كارده‌ن بۆ لابردنی قەدەغە له‌سەر ماڵپەڕه‌كان لە ئێران، رایان روشد "بۆتە کۆمپانیای سەرەکی کە رژێمی ئێران بەکاریدەهێنێت بۆ توندكردنه‌وه‌ی کۆنترۆڵی بەسەر کەرتی تەلەکۆمونیکەیشندا".

شاهین وتی رایان روشد بەرنامەی وای دروستکردووە ئەو کەسانە دەناسێتەوە کە دەچنە ناو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەوه‌ كه‌ لەلایەن رژێمەوە قەدەغەکراون یان هەوڵ بۆ لادانی قەدەغەی سەر ماڵپەڕه‌كان دەده‌ن یان هەوڵدەدەن لەڕێگەی شکاندنی کۆدەوە بچنە سەر ئەو ماڵپەڕانەی لە دەرەوەی ئێرانن.

وتیشی کۆمپانیاکە گەشەی بە شێوازێکی شوێنپێهەڵگرتن داوە کە تیمە ئەمنییە ئینتەرنێتیەکانی ئێران بەکاریدەهێنن بۆ زانیاریدان لەسەر ئەو کەسانەی بەرنامەی شکاندنی قەدەغەی سەر ماڵپەڕ بەکاردەهێنن.

هه‌روه‌ها وتی: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی لاوان لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبوك و تویتەر و بەمدواییانەش تەلەگرام، بە رێژەیەکی زۆر کەمیکرد." ئاماژەشی کرد بەوەی رژێم فەیسبوك و تویتەری قەدەغەکردووە و چاودێریی تەلەگرامیش دەکات.

شاهین وتی ئازادیی رادەربڕین لە ئێران کەمیکردووە بەهۆی تەکنەلۆژیای چاودێرییەوە.

به‌شداریكردن له‌ بەرهەمهێنانی چەكدا

پسپۆڕی سەربازی و ئەفسەری خانەنشینی سوپای میسر لیوا تەلعەت موسا بە مەشاریقی وت زۆربەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە ئێران بەشدارییانکردووە لە دروستکردنی چەك بەجۆرێك لە جۆرەکان.

وتی کۆمپانیا پیشه‌سازییه‌كانی سەر بە پاسداران چالاکانە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی بەلەمی خێرا و فڕۆكه‌ی له‌دووره‌وه‌ کۆنترۆڵكراو، لەپاڵ چەکی پێشکەوتووشدا كه‌ سێنسۆری ئه‌لیكترۆنیی هەستداریان تێدایه‌ بۆ بینین.

وتیشی سەپاندنی سزا بەسەر قیشم مەدکاندەلۆدا هیچ سەیرنەبوو چونکە ئەو کۆمپانیایە بەشداربووە لە بەرهەمهێنانی چەك بۆ پاسداران و هاوردەکردنی بەشە پێویستەکانی بۆ پرۆسەکە.

هه‌روه‌ها وتی یەکەی توێژینەوە و گەشەپێدانی بەشی ئاسمانیی کۆمپانیاکە بەرهەمهێنەری سەرەکیی تەکنەلۆژیای فڕۆكه‌ی له‌دووره‌وه‌ کۆنترۆڵكراوه‌ و ئه‌و فڕۆکانه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێت کە توانای گواستنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کوالیتی بەرزیان هەیە.

موسا وتی قیشم مەدکاندەلۆ توانیشی كێشی فڕۆكه‌ی له‌دووره‌وه‌ کۆنترۆڵكراو کەمبکاتەوە و بزوێنه‌ری پاڵپێوه‌نانه‌كه‌ی هێندە بەهێزبکات کە بتوانێت تەقەمەنی و موشەکی له‌دووره‌وه‌ ئاراستەکراو هەڵبگرێت.

وتیشی: "بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی له‌لایه‌ن رژێمی ئێرانه‌وه‌ كۆمه‌كده‌كرێت بە پاڵپشتیكردنی له‌لایه‌ن ئەم کۆمپانیایە و کۆمپانیای رایان روشده‌وه‌." هه‌روه‌ها وتی ئەو دوو کۆمپانیایە پێکەوە کاریانکردووە بۆ هێنانی بەشەکانی لە دەرەوە.

وتی ئەمە بۆ بەلەمی خێراش راستە، کە ئێستا دەتوانن دووریی زۆر ببڕن لە کاتێکی زۆر کەمدا.

پاسداران ئەم بەلەمە هێرشبەرە خێرایانە بەکاردەهێنێت بۆ ته‌گه‌ره‌خستنه‌به‌ر جوڵەی بازرگانی و ئەمنیەتی نێودەوڵەتی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500