وەزارەتی گواستنەوەی عێراق چوارشەممە (23 ئاب) رایگەیاند كه هەزاران مەدەنی هەڵاتوو لە بەرەکانی شەڕ لە تەلەعفەر بە سەلامەتی گوازراونەتەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان.
وتەبێژی وەزارەت سالم موسا بە دیارونای وت لە سهرهتای شەڕی رزگاریی تەلەعفەر لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه رۆژی یەکشەممە، وەزارەت دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی مرۆیی بۆ دانیشتوانی هەڵاتوو.
موسا وتی: "پەنجا پاس گەیشتونەتە تەلەعفەر و لەئێستادا خێزانە ئاوارەبووەکان دەگوازنەوە لە بەرەکانی شەڕەوە لە دەوری شارەکە بۆ ناوهندهكانی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان."
وتیشی: "لە سێ رۆژی رابردوودا، توانیومانە دەستەبەری دەرچوونی نزیکەی 24,000 ئاوارە بکەین لە 370 گەشتدا لە ناوچەکانی نزیك له شەڕەكهوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا."
ههروهها وتی "کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی کاروانی پاسەکانمان تا خۆمان بگونجێنین لەگەڵ هەر دۆخێکی کتوپڕی زیادبوونی شەپۆلی ئاوارەکاندا." وتیشی وەزارەت هەموو سەرچاوەکانی دەخاتەگەڕ بۆ پاراستن و کۆمەککردن بە خەڵکی ناوچەکە.
هێزەکانی عێراق چوارشەممە بەرەو ناوەندی تەلەعفەر پێشڕەوییانکرد، لە بەیانی زوودا بەرەو گەڕەکی نوور چوون لەکاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر سەریاندا دەسوڕانەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند هێزەکان لەئێستادا بەتەواوەتی کۆنترۆڵی گەڕەکەکانی کیفاح و نوور و عەسکەرییان کردووە.