هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق 13 گوند دەگرنەوە لە یەکەم رۆژی هێرشی تەلەعفەردا

خالید تائی

هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ بەرەو تەلەعفەر چوون بۆ بەشداریکردن لە شەڕی رزگارکردنی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی پۆلیسی فیدراڵی عێراقەوە وەرگیراوە]

هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ بەرەو تەلەعفەر چوون بۆ بەشداریکردن لە شەڕی رزگارکردنی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی پۆلیسی فیدراڵی عێراقەوە وەرگیراوە]

هێزەکانی عێراق گەمارۆی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لەسەر 13 گوندی تەلەعفەر شکاند وەك بەشێك لە هێرشێك بۆ گرتنەوەی دوایین قەڵای داعش لە وڵاتەکەدا.

سەره‌کوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی یەکشەممە (20 ئاب) دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی "ئێمە دێین، تەلەعفەر"ی راگەیاند بۆ رزگارکردنی شارەکە.

سوپای هاوبەش و پۆلیس و دەزگای دژەتیرۆر بەشداریدەکەن لە شەڕدا شانبەشانی چەکدارە خۆجێیەکاندا، بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ئەندامی ئەنجومەنی ناوخۆیی تەلەعفەر، تاریق عەکریش، بە دیارونای وت شەڕەکە لە هەر چوارلاوە بۆ شارەکە دەستیپێکردووە.

وتی: "لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا هێزەکانی عێراق توانیان هێڵەکانی بەرگریی داعش بشکێنن و کۆنترۆڵی پێنج گوندی خۆرئاوای تەلەعفەر بکەن."

وتی ئەو گوندانەش بریتیبوون له‌ جەبارە، عەبرە سەغیرە، عەبرە کەبیرە، کەسر میحراب و قەزەل قۆیون.

وتیشی هەشت گوندی دیکە لە خۆرهەڵاتی تەلەعفەر رزگارکران، كه‌ بریتیبوون له‌ بەتیشە، عەلەم، خەفاجە، حەلەبیە عولیا، مەرازیف، تەل سەمباك، حەلاوە و ئەبو شەکە.

وتی: "بەرگریی دوژمن بێهێزکراوە. ئەمە دەستپێکێکی باشە کە ئاماژەی سەرکەوتنێکی خێرایە."

دوایین قەڵای داعش

پسپۆڕی ئەمنی، فازل ئەبو رەغیف، وتی تەلەعفەر دوایین قەڵای چەکدارەکانە لە پارێزگای نەینەوا و گەڕاندنەوەی دەبێتە "دەستکەوتێکی مەزن".

ئه‌بو ره‌غیف بە دیارونای وت شارەکە رێك دەکەوێتە نێوان رێگای نێوان موسڵ و سنوری سوریاوە بە ئاراستەی رەققەدا. "رزگارکردنی [ئه‌و رێگایه‌] گرنگترین رێگەی گەیشتنی پاڵپشتی له‌ داعش دەبرێت."

وتی زۆر سەرکردەی باڵای داعش لە تەلەعفەر هەن و بنەبڕکردنیان دەبێتە زەبرێکی بەهێز بۆ گروپەکە.

ئەبو رەغیف وتی: "بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان ئەم ئەندامانە، لە دەستپێکی شەڕەکانەوە، بەڵێنی دڵسۆزیی تا مەرگیان داوە بە گروپەکە و ئامادەی شەڕن بە رێگا نەریتییه‌كانیان، بەتایبەتی خۆکوژی، ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو، بۆمبی دەستکرد و نیشانگر."

وتی هەروەها تونێل و پەناگەیان لێداوە و بەربەست و رێگریان بونیادناوه‌.

وتیشی: "بەڵام هێزەکانمان کارامەیی بەپێی پێویستیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەکتیکەکانی دوژمن."

هه‌روه‌ها وتی دەوترێت داعش "بەڵگەنامە نهێنیەکان"ی گروپەکەیان لە تەلەعفەر سوتاندووە بۆ بەرگرتن لەوەی بکەوێتە دەستی هێزەکانی عێراق.

وتی: "ئەم بەڵگەنامانە، بێ حسابکردن بۆ ناوەرۆکیان، هێندەی ئەو 32,000 بەڵگەنامەیە گرنگ نابن کە لەلایەن هێزەکانمانەوە سێ مانگ لەمەوبەر لە موسڵ دۆزرانەوە، کە گەنجینەیەکی پڕبەهان."

وتی ئەو بەڵگەنامانەی لە موسڵ دۆزرانەوە زانیاری گرنگیان پێشکەشکرد دەربارەی پەیکەربەندیی داعش، سەرچاوە و دابەشکردنی مووچەیان.

هێزەکانی عێراق مەدەنیەکان دەپارێزن

عەکریش وتی نزیکەی 2,000 خێزان لە تەلەعفەر هەڵاتوون لە هەفتەکانی پێش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەدا. وتیشی هێزەکانی عێراق ئامادەکاریی بەپێی پێویستیان کردووە بۆ پاراستنی مەدەنیە گیرخواردووەکان.

سوپا شەپۆلی رادیۆیی 104.5 Fی تەرخانکردووە بۆ گەیاندنی رێنمایی و زانیاری بە دانیشتوان دەربارەی راڕەوی سەلامەتیی هەڵاتن. هەروەها هێڵێکی تەلەفۆنی خۆڕایی داناوە، 195، کە هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێیەوە زانیاری دەربارەی هەر خەڵك و چالاکیەکی گوماناوی بدەن.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەنیان جەبرا متمانەی خۆی دەربڕی بە توانای هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی مەدەنیەکان.

بە دیارونای وت: "تەلەعفەر وەك موسڵ وایە، دانیشتوانێکی چڕ و گەڕەکی کۆنی تێدایە."

وتی ترسی ئەوە هەیە چەکدارەکان بە هەزاران کەس بەکاربهێنن وەك قەڵغانی مرۆیی یان هەوڵبدەن ئەو کەسانە بکوژن کە دەیانەوێت هەڵبێن، یان ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە.

وتیشی: "بەڵام متمانەمان بە توانای هێزەکانمان هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم تاقیکردنەوە نوێیەدا و پاراستنی ژیانی خەڵکی."

وتی هێزەکانی عێراق ئەزمونی بەرچاویان بەدەستهێناوە لەکاتی شەڕی موسڵدا لەبارەی ئاراستەکردنی هێرشی ورد و بەرگرتن بە کوشتنی مەدەنییەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500