http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/08/18/feature-01

میدیا |

عێراق بەنیازە دوایین ژمارەی مردوانی هێرشی موسڵ بڵاوبکاتەوە

خالید تائی

Di icons tw 35 Di icons fb 35

تیمەکانی بەرگریی شارستانی رزگاربووان لەژێر داروپەردوو دەردەهێنن دوای شەڕی رزگارکردنی خۆرئاوای موسڵ لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی بەڕێوەبەرێتی بەرگریی شارستانیەوە وەرگیراوە]

بەرپرسانی عێراق ماوەیەکە کاردەکەن بۆ خەمڵاندنێکی وردی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئەنجامی شەڕی نۆ مانگه‌ی رزگارکردنی موسڵ لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

بەڕێوەبەری رۆژنامەوانی له‌ وەزارەتی بەرگری، عەمید تەحسین خەفاجی، وتی وەزارەته‌كه‌ لە پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییدایە تا ئاماری فەرمیی تەواوی زیانەکان بڵاوبکاتەوە.

خه‌فاجی بە دیارونای وت: "لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت کاردەکەین، وەك دەسەڵاتی ناوخۆی نەینەوا، لە چوارچێوەی لیژنەکانی هاوکاریی هاوبەشدا تا ژمارەیەکی دروستمان دەستبکەوێت."

وتی: "لەئێستادا هیچ خەمڵاندن یان ئامارێکی پێشوەختمان نیە. چاوەڕێی ئەو لیژنانەین تا کارەکانیان تەواوبکەن تا ژمارەی قوربانیانمان دەستبکەوێت."

سەرژمێرییەکە قوربانیانی مەدەنی و کارمەندانی سوپا لەخۆدەگرێت، لەگەڵ قوربانیانی داعشیش.

خەفاجی وتی: "ئەم ئامارە دوایین و فەرمی دەبێت و ده‌خرێته‌ پێشچاوی دنیا و لە تۆمارە مێژووییەکاندا دەنوسرێت."

رەتکردنەوەی دەنگۆکانی داعش

هەندێك راپۆرت ئاماری قوربانیانی مەدەنی گەیاندۆتە 40,000 -- ژمارەیەك کە وەزارەت رەتیکردۆتەوە بەوەی زۆر بەرزە.

خەفاجی وتی "ئەم ئامارە زۆر نادروستە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە داعش دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکاتەوە بۆ کەمبایەخکردنی سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان.

وتی: "ئێمە سووربووین لەسەر پاراستنی مەدەنیەکان تا ئەو ڕادەیەی پێماندەکرا. سەرکەوتوانە هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد و هێرشە ئاسمانیەکانیان به‌ووردی ئامانجەکانیان دەپێکا."

وتی لە هەوڵێکدا بۆ بەرگرتن لە قوربانیانی مەدەنی، هەموو پێشڕەوییە سەربازییەکان هەماهەنگ بوون بە پەیامناردن لەڕێی مۆبایل و دەستگا رادیۆییەکان و بڵندگۆ و بەردانەوەی نامیلکەوه‌ بەفڕۆکە بۆ رێنماییکردنی مەدەنییەکان بەرەو راڕەوێکی سەلامەت.

موقەدەم رەبیع ئیبراهیم کە بەرپرسی تیمەکانی بەرگریی شارستانیە بە دیارونای وت تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە خۆرئاوای موسڵ بەردەوامن لە دەرهێنانەوەی جەستەکان لەژێر داروپەردووی موسڵی کۆندا.

وتی: "چەند جەستەیەکمان دەرهێناوە و سەرچاوەکانمان ئاماژە بە چەند پێگەیەکی دیکە دەکەن کە جەستەی لەژێر داروپەردوودا تێدا شاراوەتەوە، بەڵام هێشتا نازانین چەند."

تیمەکان راپۆرتی رۆژانە دەدەنه‌ بەڕێوبەرێتی بەرگریی شارستانی لە بەغدا.

ئیبراهیم وتی: "دوای ئەوەی ئەرکەکانمان تەواوکرد، بەڕێوبەرێتیەکە بەرپرس دەبێت لە دەرخستنی دوایین ئامار."

وتیشی ئەو ئامارانەی چەند بڵاوکراوەیەکی میدیایی ئاماژەی پێدەکەن "نادروست و زۆرن". هه‌روه‌ها بەخەختیكردەوه‌ لەوەی "ئێمە لێرەین و راستیەکان دەزانین".

ئیبراهیم تۆمەتی هەموو قوربانییەکانی خستە ئەستۆی داعش و وتی گروپەکە هەڕەمەکییانە گەڕەکەکانی بۆمباران دەکرد و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و تۆپخانەی لە گەڕەکە کۆنەکاندا دانابوو، لەگەڵ بەکارهێنانی خەڵك وەك قەڵغانی مرۆیی.

پاراستنی گیانی مەدەنیەکان

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا حەسەن شەبیب سەبعاوی بە دیارونای وت داعش تاوانی بێوێنەی تۆمارکرد لەکاتی داگیرکردنی موسڵدا.

وتی: "بەدەگمەن ناوچەیەك لە نەینەوا دەبینیت کاریگەریی ئەو گروپە بەربەرییەی لەسەر جێنەمابێت لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەدا."

وتیشی لەکاتی شەڕی رزگارکردنی موسڵدا، چەکدارانی داعش مەدەنیەکانیان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکارهێنا، بەوەی بە بارمتەیان گرتن لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی خۆیان.

هه‌روه‌ها وتی: "زیانێکی مرۆیی بەرچاو هەبووە لەسەر دەستی تیرۆریستان و دەکرا خراپتریش بێت، گەر پیشەییبوونی باڵای هێزەکانمان و تەرکیزیان لەسەر ژیانی مرۆڤ نەبوایە لەهەموو شتێك زیاتر."

وتیشی ئه‌وه‌ تەرکیزكردنه‌ سه‌ر پاراستنی ژیانی مەدەنیەکان بوو کە سەرکەوتنه‌كه‌ی به‌و راده‌یه‌ دواخست.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
12
8
Di icons no

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha