کەمپی نافەرمی روکبانی ئاوارەکانی سوریا کەوتۆتە ناوچەی بێلایەنی بێفەڕی نێوان سوریا و ئەردەنەوە، تووشی کورتهێنانێکی سەختی خۆراك و ئاوی خواردنەوە بووە، چالاکوانێك و دانیشتوویەکی کەمپەکە بە دیارونایان وت.
وتیان ئەمە بەهۆی ئەوەی هەموو رێگەکانی قاچاخ و گەیاندنی شمەك بە کەمپەکە بڕدران بە پێشڕەویی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە، هەروەها رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یش.
کارمەندی فریاگوزاری، تاریق نەعیمی، بە دیارونای وت: "روکبان روبهڕووی کورتهێنانێکی سەختی شمەکی خۆراك بووهتهوه کە هەڕەشەی وەرچەرخانێکی لێدەکرێت بۆ قاتوقڕیی راستەقینە." هۆشداریشی دا لەوەی قەیرانەکە رۆژبهڕۆژ بهرهو خراپتر دهچێت.
شەڕی بەردەوام هەیە لە ناوچەی بادیە (بیابان)ی دەوروبەری کەمپەکە، کە هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانهكانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەك حیزبوڵای لوبنانی و لیوای فاتمیونی ئهفغانی، چەند ناوچەیەکیان گرتۆتەدەست.
وتی بەهۆی ئەو پێشڕەوییەوە، ئەو رێگایانەی بۆ گەیاندنی شمەك بەکاردەهێنران بڕدراون و روکبان و ناوچەکانی دەوروبەریان -- کە لەژێردەستی هێزەکانی سوریای ئازاددان -- تاڕادهیهك بەتەواوی خستۆتەژێر گهمارۆوه.
وتیشی هاوکات، داعش ناوچەی زیاتری گرتووە لە ناوچەی بادیەی نزیك پارێزگای حومس و دۆخەکەی خراپترکردووە.
'ئاکامی کارەساتبار'
پێشتر شمەکی خۆراك دەگەیشتە کەمپەکە لەڕێی ناوچه گوندنشینهكانی پارێزگای سوەیدا و ناوچه گوندنشینهكانی دیمەشق له خۆرههڵاتهوه و ههروهها شاری مەیادین لە پارێزگای دێرەزوور.
نەعیمی وتی بەڵام هەموو رێگەکان بۆ ئهم ناوچەیه بڕدراون.
وتیشی: "گەر دۆخی کەمپەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت کە هەیە، ئاکامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە." ئاماژەشی كرد بە نەبوونی دەزگاکانی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ژمارەیەکی زۆری منداڵ و پیر کە پێویستیان بە خواردەمەنی تایبەتە.
وتی قەیرانەکە خراپتر دەبێت، چونکە بە دەیان خێزان گەیشتونەتە روکبان لە کەمپەکانی حەدالات و روەیشیدهوه، کە چەند رۆژێك لەمەوبەر تۆپباران کران.
دانیشتوویهكی روکبان، باسم عەقیدات، 40 ساڵ، کە لە نێوەندی 2016دا گەیشتە کەمپەکە لە ناوچەی تەدمورەوە، بە دیارونای وت دۆخی نێو کەمپەکە سەختتر بووە لە پێشتر.
وتی سەرەڕای قەیرانێکی ماوەدرێژی ئاوی خواردنەوە، کەمپەکە شمەکی بنەڕەتیی وەك کەلوپەل و شیری منداڵانی تێدانیە، لەکاتێکدا كهموكورتییهكی زۆر هەیە لە نەوت، شەکر، برنج، ئارد و دانەوێڵە و پاقلهمهنی.
وتیشی: "هەندێك بازارگانانی بازاڕی رەش ئەم شمەکە بنەڕەتییانە دەفرۆشن، بەڵام نرخەکانی زۆر بەرزە، شەکر و ئارد كیلۆی بە 1,200 لیرهی سوری (2.32 دۆلار) و لیترێك نەوت بە 3,000 لیرهیه (5.82 دۆلار)."
ههروهها وتی: "ئەم نرخانە بەرزترن لە توانای کڕینی دانیشتوانی کەمپەکە و تەنیا هەندێك ئاوارەی خواپێداو دەتوانن ئەو نرخە دابینبکەن."
عەقیدات وتی هەندێك دانیشتوانی کەمپەکە توانیویانە جێیبهێڵن و هەڵبێن لە ناوچەکە بە رێگەی قاچاخ.
وتی بەڵام بە نزیکبوونەوەی شەڕ و چڕتربوونی، رێگەکان بەتەواوی گیراون، بۆیە "شێتانەیە" ئێستا هەوڵی ئەوە بدرێت.
وتیشی ئەوانەی هەوڵی هەڵاتن لە جێگەکە دەدەن دەدرێنە بەر دەستڕێژی هێزەکانی رژێمی سوریا یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران، یان بەر تەقە و مینی داعش دەکەون.