هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەنابەران

خێزانەکانی ئەنبار ژیانیان دەخەنە مەترسیەوە بۆ رزگاربوون لە داعش

خالید تائی

دانیشتوانی پارێزگای ئەنبار پاکه‌تی هاوکاری وەردەگرن لە حکومەت دوای ئەوەی رزگاریان بووە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە وێنەیەکدا کە رۆژی 8 تەمموز بڵاوبۆتەوە لەسەر ئینتەرنێت. [وێنەكه‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ په‌یجی فەیسبوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

دانیشتوانی پارێزگای ئەنبار پاکه‌تی هاوکاری وەردەگرن لە حکومەت دوای ئەوەی رزگاریان بووە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە وێنەیەکدا کە رۆژی 8 تەمموز بڵاوبۆتەوە لەسەر ئینتەرنێت. [وێنەكه‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ په‌یجی فەیسبوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

سەرباری هەموو ئەو مەترسیانەی بەشێکن لە هەڵهاتن لە هەندێك لە ناوچەکانی ژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، زۆربەی خێزانەکان هەستدەکەن ئەوه‌ ده‌هێنێت خۆیان بخه‌نه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌وه‌.

لەناو ئەوانەی کە شانسی خۆیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی هەڵبێن دانیشتووی قائیم ئەبو محەمەدە -- کە بەهۆی باری ئەمنیەوە ناوی خوازراوی بەکارهێنا -- لە شارۆچکەکەی خۆیەوە هەڵهاتووە لەگەڵ هاوژین و براکەیدا.

ئەبو محەمەد وتی لە کۆتایی تەمموزدا توانیی خێزانەکەی بگه‌یه‌نێته‌ نزیکترین بازگەی سوپای عێراق لە شارۆچکەی روتبە، دوای دوو رۆژ بە پێ رۆشتن بەپانتایی زەمینێکی سەخت.

ناوبراو بە دیارونای وت کە قاچاخچیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هاوکاریی بکەن رێگاکان بدۆزێتەوە بە درێژایی بیابانەکە "بە نرخی 300 دۆلاری [ئەمریکی] بۆ هەر کەسێك".

وتی: "ئەمە بۆ ئێمە زۆر گران بوو چونکە هیچ کارێکمان نییە، بەڵام توانیمان پارەکە پەیدابکەین و خۆمان رزگار بکەین سەرباری مەترسیەکان."

وتیشی: "کاتێك ئێمە ژیانی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئەمە بەڵگەیەکی روونە بۆ ئەو جەهەننەمەی تیایدا بووین لەگەڵ تیرۆریستەکاندا. داعش خەڵك دەچەوسێنێتەوە [لە قائیم]، ئەگەر خەڵك بەدەستی ئەندامانی گروپەکە نەکوژرێن، بەهۆی نەبوونی خواردن و دەرمانەوە دمرن."

هەزاران لە شارۆچکە سنووریەکان هەڵدێن

هەزاران دانیشتوان لە شارۆچکەکانی رۆژئاوای ئەنبار هەڵدێن، وەك قائیم و عه‌نه‌ و راوە، ئەوان زۆریان لێکراوە لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبێن بەهۆی سەرکوتکردن لەلایەن داعشەوە، کە ناوچەکەی داگیرکردووە و گەمارۆی خستۆتەسەر خەڵکەکە.

سەرۆكی شارەوانی روتبە، عیماد میشعەل دولەیمی، وتی: "لە سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 20,000 خه‌ڵك توانیویانە لەدەست تیرۆریستەکان هەڵبێن بە یارمەتیی قاچاخچیەکان، سەرباری هەموو ئەو مەترسیانە و ئەو نرخە بەرزە."

ناوبراو بە دیارونای وت: "شوێنێکی تایبەتمان هەیە بۆ ئەوەی خێزانە هەڵهاتووەکان وەربگرین، لەوێش چاره‌سه‌ری خێرا و خواردنیان بۆ دابیندەکرێت. دواتر دەگوازرێنەوە بۆ کەمپێك لە رۆژئاوای رەمادی بۆ ئەوەی جێگایان بۆ دابینبکەن و ئاگاداریان بن."

دولەیمی وتی تاوەکو ئەو کاتەی کە ئەم ئاوارانە دەگەنە هێزە ئەمنیەکان، لە رەوشێکی خراپدان لەبەر ئەوەی کە ترس و هیلاکییان چەشتووە.

زۆریان چیرۆکی تراژیدییان هەیە باسی بکەن لەسەر ژیان لەژێر سایەی داعشدا.

وتی هەندێکیان دەڵێن بەندکراون، لێیاندراوه‌ و موڵكوماڵ یان خانوه‌كانیان لێزه‌وتكراوه‌. هەندێکی دیکە دەڵێن لە ناوچەکانیان گیریانخواردووە و رێگەیان پێنەدراوە بڕۆن، تەنانەت ئەگەر رووبەروی برسێتی و نەخۆشیش بووبنەوە.

دولەیمی وتی: "ئەم ژیانە ناخۆشە زۆری لە خێزانەکان کردووە گەشتێکی پڕ مەترسی و سەخت بگرنەبەر به‌ره‌و ئازادی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان پێ باشتره‌ خۆیان بخه‌نه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌وه‌ وه‌ك لەوەی لەو جەهەننەمەدا بمێننەوە."

ئەندامی ئەنجومەنی کاتیی ئەنبار، عه‌زال فەهداوی، وتی: "کاتێك خێزانە هەڵهاتووەکان دەگەنە شوێنە ئارامەکان پێمان دەڵێن کە بڕواناکەن توانیویانە دەربازبن." وتیشی: "وەکو ئەوە وایە شانسی ژیانێکی نوێیان پێبدرێت."

"هیچ بەزەییەك لە دڵیاندا نییە"

فەهداوی وتی بەرلەوەی ئەو خەڵکە بتوانن هه‌ڵبێن "لەژێر کۆنتڕۆڵی خەڵكێکدا بوون کە هیچ بەزەییەك لە دڵیاندا نییە."

وتی: "خەڵك تەنیا ئاو و خورما و نانی وشکیان هەبووە بیخۆن و له‌سه‌رخۆ دەمردن." وتیشی هەندێك لەوانەی کە هەوڵیانداوە هه‌ڵبێن نەیانتوانیوە و"داعش بە دڕندانەترین شێوە کوشتوونی".

فەهداوی وتی پێشبینی ده‌كات لەگەڵ نزیكبوونه‌وه‌ی شەڕی ده‌رپه‌ڕاندنی داعش لە رۆژئاوای ئەنبار، خەڵكێکی زۆر لە ناوچەکە هەڵبێن.

بەرپرسە خۆجێییەکان گریمانەدەکەن نزیکەی 60,000 كه‌س لەو ناوچانە گیریانخواردبێت، کە بووەتە دوا شوێن و جۆرێك لە جێگەی ئه‌مین و دوا پێگه‌ی گروپەکە لە دوای شکستەکەیان لە موسڵ.

هه‌رچی ژمارەی چەکدارانی داعشیشه‌، شارەزای ئەمنی جاسم حه‌نون بە دیارونای وت: "زۆر سەختە کە بتوانیت ژمارەیەکی دیاریکراوت دەستبکەوێت، چونکە ئەو ناوچانەی ئه‌وان کۆنتڕۆڵی دەکەن راستەوخۆ کراونەتەوە بەرەو بیابان و شارەكانی سوریا".

وتی بەڵام گریمانەکان دەڵێن ژمارەکە نزیکەی 6,000 كه‌س ده‌بێت كه‌ هەندێکیان په‌نایان بردۆته‌به‌ر بیابانی ئەنبار دوای شەڕی رزگارکردنی سەڵاحەدین و نەینەوا.

وتیشی: "نه‌هامه‌تییه‌كانی مەدەنییە گیرخواردوەکان زۆر بە ئازارە لەبەرئەوەی گروپەکە بەدڕندەیی و توندوتیژییەکی زۆره‌وه‌ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. ئەوانەش کە هەڵخەڵەتابوون ئێستا تێگەشتوون لە سروشتی راستی تیرۆریستەکان و بانگەوازەکانیان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500