هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

خێلی بەکارە سەرۆکەکەیان رەتدەکەنەوە بەهۆی هاوكاریكردنی سوپای پاسدارانەوە

وەلید ئەبولخەیر له‌ قاهیرە

ریشسپییەکی خێڵی بەکارە قسەدەکات لە کۆنفرانسی گشتیی ئەنجومەنی شورای خێڵه‌دا 5 ئاب. [خاوەنی وێنە: ئەحمەد سالم]

ریشسپییەکی خێڵی بەکارە قسەدەکات لە کۆنفرانسی گشتیی ئەنجومەنی شورای خێڵه‌دا 5 ئاب. [خاوەنی وێنە: ئەحمەد سالم]

ریشسپیەکانی خێڵی بەکارە ئەم هەفتەیە پەیوەندیی خۆیان پچڕی بە سەرۆکەکەیانه‌وه‌ شێخ نەواف بەشیر لەسەر ئەوەی دەستی تێکەڵکردووە لەگەڵ رژێمی سوریا و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ درووستکردنی میلیشیایەکی نوێ لە بیابانی باشوری رۆژئاوای سوریا.

سەرکردەکان و ریشسپییەکان و شێخەکانی 28 هۆزه‌كه‌ی خێڵی بەکارە کە نوێنەرایەتی پیاوانی خێڵەکانیان دەکرد لە ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی ئیدلیب و دێرەزوور و رەققە و حەلەب، لە کۆنفرانسی ئەنجومەنی شورای گشتیی خێڵه‌كه‌ لە ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی ئیدلیب کۆبوونەوە له‌ 5 ئاب.

ئەوان هەوڵەکانی بەشیریان "بەتەواوەتی رەتکردەوە" لەسەر ئەوەی کە بڕیارەکانی خێڵه‌كه‌ دەخاتە دەستی رژێم و پاسدارانی ئـێرانەوە، بەپێی وتەی چالاکوان ئەحمەد سالم، کە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبووە.

ناوبراو بە دیارونای وت بەشیر دەیەوێت لە کاریگەریی ئێران بەسەر خێڵه‌كه‌وه‌ دڵنیابێت، ئەمەش گەورەترین خێڵی سوننەی عەرەبە لە بادییە (بیابان)ی سوریا.

وتی: "کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی شورای خێڵه‌كه‌، شێخ نامیس دۆش، بەڕێوەچوو، بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ رەتکردنەوەی پلانە تائیفیەکەی بەشیرلەلایەن خێڵه‌كه‌وه‌."

سالم وتی لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، ئامادەبووان پەیوەندییان لەگەڵ بەشیر پچڕاند و وەك "خیانەتکار" له‌قه‌ڵه‌میاندا و وتیان ئەو "نوێنەرایەتی تەنیا خۆی و ئەوانە دەکات کە لەگەڵ پلانە تائیفیەکەی ئەودان".

پلانەکە "زۆر شکستخواردووە"

سالم وتی لێدوانەکان لەناو کۆنفرانسەکەدا زۆربەی لەسەر ئەوەبوون کە هەوڵەکانی بەشیر بۆ ئەوەیە هۆزەکە تەسلیم بە کۆنتڕۆڵی پاسدارانی ئێران بکات و بیکاتە باسکێکی دیکەی پاسداران لە هەرێمەکە.

وتی ئەمەش ده‌شێت کاریگەر بێت "بەهۆی ئەوەی خێڵه‌كان زۆر دەستیان دەڕوات لە زۆربەی ناوچەکانی سوریادا، بەتایبەتی لە باکور و ناوچەی بادییە."

وتیشی: "ناساندی بەشیر وەکو خیانەتکار و رێککەوتن لەسەر لابردنی، ئەوی خستۆتە رەوشێکی نەخوازراوەوە، چونکە بەپێی یاسا و رێساکانی خێڵەکە، سزای تاوانی لەوشێوەیە دەکرێت زۆر توند بێت تا ده‌گاته‌ دەرکردنی هەتاهەتایی لە خێڵەکە."

سالم وتی: "بەشیر هەوڵیدا پرۆژەکەی لەناو پیاوانی ئەو خیڵانەی بە مەزهەب شیعەن و لەناو پیاوە خێڵەکیەکانی ئاوارەکاندا لە لوبنان بڵاوبکاتەوە."

وتی: "بەڵام سەرباری فشارەکان و هەلە داراییەکان، پرۆژەکەی بەشیر بۆ دامەزراندنی میلیشیایەكی حه‌شدی شه‌عبی لەژێر فەرماندەیی خۆیدا زۆر شکستخواردوو بووە."

وتیشی ئەوانەی کە پەیوەدنییان بە میلیشیا نوێکەوە کردووە ژمارەیان زۆر کەمە و لە چەند ناوچەیەکی حەلەب و حەسەکە دەژین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500