لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان وەدەرناوه لە موسڵ، بەڵگەی زیاتری پێشێلکاریەکانی گروپەکە دژی منداڵانی ئێزیدی ئاشکرابوون.
داعش هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی رفاند کاتێك شەنگالی داگیرکرد لە ئابی 2014، لەنێویاندا دوو منداڵ کە تهنها بە ناوی یەکەمیان ناسراون، دالیا و سەمەر.
ئەو دووانە رفێندران و بازرگانییان پێوە کرا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر پێشئەوەی هێزە ئەمنیەکان بیاندۆزنەوە لە موسڵ لە 6 تەمموز و بیاندەنەوە دەست خێزانەکانیان.
بەڵام منداڵەکان زۆر پێویستیان بە گێڕانەوە ههبوو بۆ دۆخی ئاسایی لەڕووی دەروونیەوە کە بەتەواوی زمانی دایکیان لەبیرچووبوهوە و هیچ یادەوەرییەکی پێش رفاندنیان نەمابوو.
سەرۆکی دەسەڵاتی چاودێری ژنان و منداڵانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، عەبیر چەلەبی، وتی وەزارەتەکە کاریکردووە بۆ دابینکردنی "ژینگەیەکی ئارام و تەندروست" بۆ هەموو ئەو منداڵانەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دۆزراونەتهوە.
چەلەبی بە دیارونای وت: "لەماوەی کاتی رفاندنەکەیاندا لە ژیانیکی تاڵدا ژیاون و پێویستیان بە چاودێریکردنە."
وتیشی: "ئێمە کاردەکەین بۆ پهكهێنانی بەرنامەیهكی ستانداردی گێڕانەوەی باری ئاسایی بۆ پاڵپشتی دەروونی بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی منداڵان." ههروهها ئاماژەشیدا بهوهی هەموو ئەو منداڵانەی مامهڵهی خراپیان لهگهڵ كراوه ئێستا لە روانگەیەکی مرۆییانەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
حکومەتی عێراق 24 تەمموز رایگەیاند بەرنامەیەکی فریاگوزاریی بۆ چاودێریکردنی ئەو منداڵانەی دایك و باوکیان دیارنیە و لە موسڵ دۆزراونەوە دامەزراندووە.
چەلەبی وتی ئەو بەرنامەیە هەموو منداڵان لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا ئێزیدیەکان و وتیشی وەزارەتەکە خانەی بێسەرپەرشتانی ئامادەکردووە بۆ وەرگرتنیان لە هێزە ئەمنیەکان و دابینکردنی چاودێری تاکو خێزانەکانیان دێن و داوایان دەکەن.
هەروەها وتی: "سەبارەت بەو منداڵانەی نەناسراون، لە خانەی بێسەرپەرشتان دادەنرێن و هەموو شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی خوێندنیان بۆ دابیندەکرێت کە پێشکەشی بێسەرپەرشتانی تر دەکرێت."
ئێزیدیەکان پێویستیان بە پشتیوانیی حکومەتە
بەگوێرەی دوایین ئامار کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی کاروباری ئێزیدیەکانی سەر بە وەزارەتی کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستانەوە 2 ئاب بڵاوکراوەتە، ژمارەی ئەو منداڵە ئێزیدیانەی رزگاریان بووە لەكاتی داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە، گەیشتووەتە 1,655 منداڵ.
بەڵام چارەنوسی 3,325 رفێندراو کە بەزۆری ژن و منداڵن بە نادیاری ماوەتەوە.
ئامارەکان پیشانیاندا کە هێرشی سەر شارەکە بووەتە هۆی بێ سهرپهرشتكردنی 2,745 ئێزیدی.
پەرلەمانتاری عێراقی، حاجی کەندۆر، کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگای ئێزیدیان دەکات، بە دیارونای وت رزگاربووانی ئێزیدی، بەتایبەتی منداڵان، پێویستیان بە پشتیوانیی حکومەت هەیە.
وتیشی: "ئەو کارەساتە تیرۆریستیەی بەسەریان هات گەورە بوو، ئێستا پێویستی بە هەوڵی گەورە هەیە بۆ سڕینەوەی کاریگەریەکانی."
هەروەها وتی: "پێویستە ناوهند و کلینکی تایبەت بکرێنەوە بۆ مامەڵەکردن و چاودێریکردنی منداڵ و ژنانی ئێزیدی." ئاماژەشی دا بەوەی قوربانیەکان پێویستیان بە هاوکاری دەروونی دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئهو ئەزمونهدا و گێڕانەوەی بڕوابهخۆبوون بۆیان.
وتیشی: "ئێمە میراتێکی سهنگینمان بۆماوهتهوه لە تاوانی تیرۆریستی کە تەنها دەتوانرێت بە پلانێکی درێژخایەن و گشتگیر مامهڵهی لهگهڵ بكرێت."
کەندۆر وتی: "تائێستا گهڕانەوەی هیچ ژنێکی ئێزیدیمان تۆمارنەکردووە لەژێردەستی تیرۆریستانهوه بە منداڵێك یان چەند منداڵێکەوە لەگەڵیدا."
خەدیجە خەڵەف عیدۆ کە نوێنەرایەتی ئێزیدیان دەکات لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، وتی: "لە چەندین هەڵهاتوی ئێزیدیەکان بیستومانە کە دهبوو حەبی بهرگرتن به منداڵبوون بخۆن بە فەرمانی دەستدرێژیکەرە تیرۆریستیەکانیان بۆئەوەی منداڵیان نەبێت."
عیدۆ بە دیارونای وت: "کۆمەڵگای ئێزیدی پشتیوانیی ئەو ژنە ئێزیدیانەی کردووە کە دەستدرێژییان کراوەتەسەر، بهوپێیهی مهرجهعیهتی ئێزیدی، بابا شێخ، بانگهشهی مامەڵەیەکی بەڕێزی ئەو ژنانەی كرد."