هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

سەرکردەکانی داعش بەتوندی یەکتری تۆمەتباردەکەن پێش دەستپێکی شەڕی تەلەعفەر

خالید تائی

هێزە عێراقییەکان ئۆتۆمبیلە رزێپۆشەکانیان چاککردۆتەوە دوای هێرشەکەی موسڵ لە ئامادەکارییاندا بۆ شەڕی ئازادکردنی تەلەعفەر. [وێنەکە له‌ پەیجی فەیسبوکی بزوتنەوەی ئازادکردنی تەلەعفەرەوە وەرگیراوە]

هێزە عێراقییەکان ئۆتۆمبیلە رزێپۆشەکانیان چاککردۆتەوە دوای هێرشەکەی موسڵ لە ئامادەکارییاندا بۆ شەڕی ئازادکردنی تەلەعفەر. [وێنەکە له‌ پەیجی فەیسبوکی بزوتنەوەی ئازادکردنی تەلەعفەرەوە وەرگیراوە]

لەکاتێکدا هێزە عێراقیەکان و هاوپەیمانان ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشی ده‌رپه‌ڕاندنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە تەلەعفەر، گروپەکە ئامێری پروپاگەندەکەی بەکاردەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارە گەمارۆدراوەکانی، چاودێران وتیان.

وتیان لەڕێگەی میدیاكه‌یەوە، داعش هەوڵدەدات چەکدارانی لە تەلەعفەر، دوایین قەڵای گروپەکە لە پارێزگای نەینەوا، قایلبکات بەوەی کە "شکستی" نەهێناوە.

وتیشیان گروپەکە لۆمەی هەندێك لە چەکدارەکانی خۆی دەکات بەهۆی شکستەکانیەوە لە موسڵ و تۆمەتباریان دەکات بەوەی هاوکاریی هێزە عێراقیەکانیان کردووە.

داعش دەستیکردووە بە ناوبردنی موسڵ بە "خاکی تواناسازی و یاخیبوون" دوای ئەوەی پێشتر ناودەبرا بە "خاکی بەهێزی و گوێڕایەڵی" لەنێو گروپەکەدا.

شیکاروانی ئەمنی، فازڵ ئەبو رەغیف، بە دیارونای وت لەجیاتی داننان بە شکستی روخێنەردا لە موسڵ، گروپەکە بانگەشەی ئەوە دەکات چەکدارانی "لێی کشانەوە، چونکە سەرکردەکان هەستیانکرد بە ئاستی ئه‌و خیانەته‌ی لەنێو ریزەکاندا روویانداوە".

وتی داعش هەوڵیدا دروستیی ئەم بانگەشەیە بسەلمێنێت بە باسکردنی وردی پێکانی هێرشە ئاسمانییەکان کە بەناوبانگترین سەرکردەکانی کوشت و بنکەکانیانی روخاند.

وتیشی بەگوێرەی پروپاگەندەکارانی گروپەکە، پێکانی وردی هێرشەکان ئاماژەیەکی روونە بە "دزەکردنە ناو ریزەکانی و پەیوەندییەکانی ژمارەیەك لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان".

مشتومڕی ناوخۆ و پشێوی

ئەبو رەغیف وتی لەکاتی شکستی موسڵەوە، سەرکردەکانی داعش تێوەگلاون لە تۆمارتبارکردنێکی توندی یەکترییەوە و "تۆمەتی بەربڵاوی یەکتر ده‌كه‌ن بە خیانەت و فەرامۆشکاری و بێپەروایی".

شکستەکە گروپەکەی ناچارکردووە بەوەی تەرکیزبکەنە سەر گەڕاندنەوەی مۆراڵی تێكشکاوی چەکدارەکانی و داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی نێو ریزەکانی لێکەوتۆتەوە کە بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگرییەکەیەتی.

ئەبو رەغیف وتی بەگوێرەی زانیاریی هەواڵگری، داعش سەرکردایەتییه‌كه‌ی لە تەلەعفەر داڕشتۆتەوە بە رێگەدان بە بەناوبانگترین و بەهێزترین کەسایەتییەکانی تا گروپی په‌رشوبڵاو و سەربەخۆ پێکبهێنن.

وتی ئەمە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەوەی "نەرمییەکی زیاتر بدات" بە ئەندامانی لە شەڕی نوێی شەقام بە شەقامدا و بۆ زیاترکردنی پشتبەستن به‌ هێرشە تاکەکەسییە تیرۆریستییەکان.

وتیشی لە چاوەڕوانیی شەڕی داهاتوی تەلەعفەردا، داعش 250 خۆکوژی بەکرێگرتووە و ئۆتۆمبیلی دەستکەوتووە بۆ بەکارهێنان لە هێرشەکاندا و تونێل و خەندەقی خۆشاردنەوە و بەربەستی لەنێو شارەکەدا دروستکردووە.

وتی بەڵام ئەم ئامادەکارییانە بەپێی پێویست نین بۆ شکستهێنان بە هێزە عێراقییەکان.

شاردنەوەی لەناوچوونی حەتمی

پەرلەمانتاری عێراقی، ئەسکەندەر ویتویت ،کە ئەندامی لیژنەی پەرلەمانیی ئاسایش و بەرگرییە، بە دیارونای وت بڕوای وایە کە پروپاگەندەی داعش لە تەلەعفەر بەمەبه‌ستی شاردنەوەی شکست و لەناوچونی حەتمیی گروپەکەیه‌.

وتی هەوڵی پاساودان بە شکست بە بانگەشەی خیانەت بەئاشكرا دروستکراوە بۆ "داپۆشینی کێشه‌كان و لاوازیی گەورە کە لە گروپەکە دیاریداوە لە ئەنجامی شکستە یەك له‌دوای یەکەکانی".

وتیشی: "دەیانەوێت ئەو راستییە بشارنەوە کە ئەوان بەتەواوی كۆتاییان هاتووه‌ بەهۆی شکستی موسڵیانەوە، بنکەی بەناو خەلافەتەکەیان. هێزیان، کە سەرچاوەی شانازییان بوو، نەماوە و خەونی وڵاتەکەیان کە سنوور ببڕێت بووه‌ رابردوو."

ویتویت وتی شەڕی رزگارکردنی تەلەعفەر رەنگە هێندە قورس نەبێت وەك هەندێك لە چاودێران وێنای دەکەن و سەرنجی ئەوەشیدا کە شارەکە لە موسڵ جیاوازە لەوەدا کە گەڕەکەکان کراوەن و کەمتر قەرەباڵغن.

وتیشی ئەمە وادەکات هێزەکانی عێراق بتوانن تۆپخانە بەکاربهێنن لەگەڵ هێرشی ئاسمانییدا بۆ پشتگیریی هێزە زەمینییەکان.

تەلەعفەر 'لەهەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە'

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بنیان جەربا، بە دیارونای وت پێیوایە داعش شکستێکی تەواو دەهێنێت لە تەلەعفەر، چونکە هێزی ئەوەی نیە بیپارێزێت.

وتی تەلەعفەر "لەئێستادا لەڕووی سەربازییەوە لەهەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان "زەبرێکی ئازاربەخش"یان داوە لە پێگەی چەکدارانیان.

وتی لەکاتی فەرمانڕەواییدا لە موسڵ، داعش "زۆر درۆی کرد، لەنێویاندا ئەوەی موسڵ خاكی تواناسازی و گوێڕایەڵییە"، وتی: "بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە خەڵکی شارەکە لەدژی بوونی تیرۆریستان هەستان."

وتی: "کاتێك رزگاری دەستیپێکرد، خەڵکه‌كه‌ رۆیشتن یارمەتی هێزە رزگارکەرەکان بدەن و هەموو زانیارییەکی پێویستیان پێدان، بەگوێرەی شایەتیی فەرماندە سەربازییەکان."

جەربا وتی: "خۆگریی خەڵکی ناوچەکە و هاوکارییان لەگەڵ سوپا و پۆلیسدا ئەوەبوو کە تیرۆریستانی تێكشکاند."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500