قائیمقامیەتی رەمادی چوارشەممە (2 ئاب) پرۆگرامێکی نوێی رایگەیاند بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی بوونەتە قوربانیی ئەو تاوانانەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە ئەنجامدراون.
قائیمامی رەمادی ئیبراهیم عەوسەج بە دیارونای وت بەرنامەکە، کە لەلایەن پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆمەکی دارایی دەکرێت، پاره دەبەخشێتە ئەو خێزانانەی کە نانپەیداکەریان لەدەستداوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانەوە.
وتی: "وەك هەنگاوی یەکەم، بەرنامەی کۆمەکمان 3,000 خێزان دەگرێتەوە، کە هەر خێزانەی مانگانە 500 دۆلار وەردەگرن." ئاماژەشیکرد بەوەی ژمارەی خێزانە سودمەندەکان رەنگە لە قۆناغەکانی دواتری پرۆگرامەکەدا زیادبکات.
عەوسەج وتی شارەکە "ئەمڕۆ بەدەست ئاکامهكانی تیرۆریزمەوە دەناڵێنێت، کە بووهتههۆی بهرزبوونهوهی ژمارەی بێوەژنان بۆ نزیکەی 17,000 و زیاد لە 150,000 [منداڵی] بێسهرپهرشت".
وتی ئیدارەکەی هەوڵدەدات کاریگەریی بوونی داعش لە شارەکەدا بسڕێتەوە بە کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان و نۆژەنکردنەوەی دەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی.
وتیشی: "هەموو خەڵکی ئاوارەی رەمادی گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی رهسهنی خۆیان [...] ژمارەیەکی کەم نەبێت کە هەنوکە [لە هەرێمی کوردستان] نیشتەجێن و لەوێ ماونەتەوە."
وتیشی: "خەڵکهكه پێیانباشتربوو بگەڕێنەوە لەوەی لە کەمپی ئاوارەکاندا بمێننەوە یان لە خانو و باڵەخانەی کرێدا سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکەدا و ئەو زیانەی بەر زۆرێك لە ماڵەکان کەوتووە."
عەوسەج وتی ئێستا تەرکیز لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشترە بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە "بەو بڕە پارەیەی لەبەردەستماندایە"، بوارەکانی وەك پەروەردە، تەندروستی، رێگەوبان و پرد لە ئەولەویەتی هەرە باڵان.
وتیشی: "ئێستا بنیاتنانەوەی ژمارەیەك پرۆژەی یژێرخانی رووخێنراوی نێو شارەکە بەردەوامە، وەك نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان و 15 لە كۆی 200 خوێندنگە، لەگەڵ هەشت پردی گرنگ و پرۆژەی ئاو و کارەبا."
عهوسهج ئاماژهی بهوهش كرد كه هەندێك لەم پرۆژانە لەلایەن سندوقی نیشتیمانیی بنیاتنانەوەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێن و ئەوانیدیکە لەلایەن بانکی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و وڵاتانی بەخشەرەوە.
وتی "رێژەی زیان له رەمادی گهیشتۆته لهسهدا 82." جەختیشیکردەوە لە پێویستی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی زیاتر بۆ تەواوکردنی پلانی بنیاتنانەوە، کە "پاڵپشتیی دارایی زەبەلاحی پێویستە، لە دەرەوەی توانای حکومەتی عێراق و ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە بۆ حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار".