هەواڵی ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ناوچەیەکی نوێی عێراقی وەك "ویلایەتی جەبەل" (پارێزگای شاخ) دیاریکردووە، پێویستی بە هۆشداریی ناپێویست ناكات، بەرپرسانی پارێزگای دیالە بە دیارونایان وت.
وتیان هێزەکانی عێراق بەتوندی کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەکەیان کردووە و ئاماژەشیان کرد بەوەی راگەیاندنەکە تەنیا ساختەیە و داڕێژراوە بۆ شاردنەوەی لاوازبوونی پێگەی گروپەکە و بۆ دروستکردنی ئەو خەیاڵەی کە گروپەکە خۆی رێکدەخاتەوە و بە هێزەوە دەگەڕێتەوە.
سەرچاوە ناوخۆییهكان دەڵێن داعش ئەو ناوچەیەی لە باکوری خۆرئاوای دیالەوە درێژدەبێتەوە بەرەو پارێزگاکانی سەلاحەدین و کەرکوك راگەیاندووە بە "ویلایەتی جەبەل".
سهرچاوهكان رایانگهیاند گروپەکە دەنگۆیهكی بڵاوکردەوە دەربارەی بەکارهێنانی شارۆچکەی کشتوکاڵیی موتەیبجە-- لە میقدادیەی باکوور، لەسەر سنووری سەلاحەدین -- وەك فەرماندەیی سەرەکیی خۆی و ناوەندی کۆنترۆڵی ناوچەکە.
هەروەها ئاشکرایانکرد کە پلانی هەیە بۆ خۆڕێکخستنەوە لەوێ تا هێرشبکاتەوە سەر ناوچە رزگارکراوەکان.
بەڕێوبەری کاتیی قەزای میقدادیە حاتەم عەبد جەواد تەمیمی بە دیارونای وت: "داعش توانای پێویستی نیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە هیچ ئامانجێكی راستەقینە."
وتی بانگەشەکانی گروپەکە دهربارهی دامەزراندنی "ویلایەتی جەبەل" هیچ نین جگە لە پروپاگەندەی بێمانا و هەوڵێکن بۆ خەڵەتاندنی شوێنکەوتوانیان تا باوەڕبکەن بەوەی هێشتا هێزیان پێماوە.
'ئێمە چاودێرییان دەکەین'
تەمیمی وتی: "دۆخی راستەقینەی داعش لەمڕۆدا بەتەواوی پێچەوانەی ئەو وێنەیەیە کە دەیەوێت بانگەشەی بۆ بکات." ئاماژەشیکرد بەوەی گروپەکە هەر ئەوەی لێماوەتەوە چەند هێرشێکی هەڕەمەکی ئەنجامبدات لە ناوچەیەکی تەنگی نێوان دیالە و کەرکوك و سەلاحەدیندا.
وتیشی ئەندامانی داعش بزاوت دەکەن بە گروپی بچوك و لە تاریکاییدا و حەشارگە بنیاتدەنێن لەو ناوچانەی خەڵکیان تێدانیە و لە گوندی دوورەدەستدا تا سوود لەو ناوچە ئاڵۆزە ببینن کە کۆنترۆڵكردنی ئەمنیی بهتەواوی سەختە.
تەمیمی وتی: "هێزە ئەمنییەکان بەتوندی مامەڵە لەگەڵ هەر مەترسییەك دەکەن لەلایەن تیرۆریستانەوە بخرێتەکار، هەرچەند سنوورداریش بێت. بەردەوامن لە شوێنپێ هەڵگرتن و بەدوکەوتنیان و فڕۆکە جەنگییەکان لە حەشارگەکانیان دەدەن."
پۆلیسی عێراق و هێزەکانی سوپا جارجارە بەسەر پێگە نهێنییەکانی داعشدا دەدەن لە گردەکانی حەمرین و باخەکانی دیالەدا.
وتەبێژی پۆلیسی دیالە عەقید غالب عەتیە وتی ئەم هێزانە "رێ بە دوژمن نادەن بگەنە ئامانجەکانیان و ببن بە هەڕەشە بۆ شارە ئارام و رزگارکراوەکان".
عهتیه بە دیارونای وت: "بەوریاییەوە بەدوای زانیارییەکاندا دەچین و ههڵمهتی بەردەوام دهكهین بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆریستان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و سەلاحەدین."
وتی: "هەوڵدەدەن دزەبکەن و هەوڵدەدەن شوێنپێیەکی ئارام بدۆزنەوە لە گوندە دوورەدەستەکان و شارۆچەکانی باکوری خۆرئاوای پارێزگاکەدا،" بەتایبەتی لە موتەیبجە و مەخیسە و ناوچەکانی بەنداوی عەزیم. "بەڵام ئێمە چاودێرییان دەکەین."
وتیشی: "لە دوو مانگی رابردوودا، 19 تیرۆریستمان کوشتووە کە هەوڵی دزەکردنە ناو ئەو گوندانەیان داوە و لە حەشارگەکاندا ماونەتەوە، پلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی و هێرشی تیرۆریستی دژی خەڵکی شارەکانی پارێزگاکەمان."
'نائومێدی و دەستخەڕۆیی'
پۆلیسی دیالە کاردەکات بۆ زیادکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، بەتایبەتی ئەوانەی موڵك و دەغڵودانیان لەلایەن داعشەوە لەناوبراوە یاخود منداڵەکانیان لەلایەن ئەوانەوە ئازاردراون.
عەتیە وتی: "ئەو جۆرە کەسانە رەنگە زانیاریی بەهادار پێشکەشبکەن دەربارەی ئەندامانی گومانلێکراو و جوڵەکانیان."
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە خدر موسلیم وتی ئەندامانی داعش ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە گوایە خۆیان رێکدەخەنەوە لە ناوچە شاخاوییەکان "تا باری شانی شکستەکانیان سووك بکەن".
وتی بەڵام بیرۆکەی ئەوەی دەتوانن هێرش ئەنجامبدەن لەم ناوچانەوە تا کۆنترۆڵی ئەو شارانە بکەنەوە کە لەدەستیان چووە تەنیا خەیاڵە.
موسلیم بە دیارونای وت: "ئەم زانیارییە بەشێکە لەو نائومێدی و دەستخەڕۆبوونەی ئەندامانی داعش هەستی پێدەکەن." ههروهها ئاماژەی بەوەش كرد كه زۆربەی ناوچەکانی دیالە کە ئەوان دەڵێن گوایە بەشێکە لە "ویلایەتی جەبەل" لەڕاستیدا لەژێردەستی هێزەکانی عێراقدان.
وتیشی: "ئەم ناوچانە شایەتی دزەکردنی تیرۆریستانی داعشن لە شاری حەویجە و پارێزگای سەلاحەدینەوە، بەڵام بە ژمارەیەکی کەم و هەمیشەش دەکەونە بەردەستی هێزەکانمان یان لەناودەبرێن لە حەشارگەکانیاندا."