هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

لە موسڵ گەڕان بەدوای ژنانی رفێنراوی ئێزدییدا روبه‌ڕووی ئاستەنگ دەبێته‌وه‌

خالید تائی

هێزە عێراقییەکان لە 8 تەمموزدا ویام حاجی حەمیدیان ئازادکرد، ژنێکی ئێزدی کە لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە لە گەڕەکی مەکاوی موسڵی کۆندا بە بارمتە گیرابوو. [خاوەندارێتی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

هێزە عێراقییەکان لە 8 تەمموزدا ویام حاجی حەمیدیان ئازادکرد، ژنێکی ئێزدی کە لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە لە گەڕەکی مەکاوی موسڵی کۆندا بە بارمتە گیرابوو. [خاوەندارێتی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

حکومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق دەکات بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ئەو ژنە ئێزدییانەی موسڵ کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە رفێندرابوون، دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن گروپەکەوە لە ئابی 2014.

هێزەکانی عێراق ژمارەیەك ژنی رفێندراویان ئازادکرد لەکات و دوای شەڕی موسڵدا، بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی ناوخۆیی ئێزدی، ژمارەکە "زۆر کەمترە" لەوەی چاوەڕواندەکرا و نیگەرانی ئه‌وه‌ن ئەوانەی تر هێشتا لەژێردەستی گروپەکەدا مابێتنه‌وه‌.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەرەکات شەممو، وتی: "پێشئەوەی هێرشی رزگاری دەستپێبکات، زانیارییمان هەبوو دەربارەی گروپێکی گەورەی ژنانی ئێزدیی رفێندراو کە پێشتر لە موسڵ رفێندرابوون و فرۆشرابوون."

شەممو بە دیارونای وت: "تەنیا نزیکەی 30 ژن و ژمارەیەك منداڵمان دۆزییەوە، کە زۆر کەمترن لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد و سەرچاوەکانمان ئاماژەیان پێدەکرد."

ئامارەکانی ئەمدواییەی نوسینگەی کاروباری ئێزدییە رفێنراوەکان ئاماژە بە رفاندنی نزیکەی 6,400 ئێزدی دەکەن، زۆربەیان ژن و منداڵن و لە شەنگال بوون.

تائێستا تەنیا 3,070 -- نزیکەی نیوەی سه‌رجه‌می ژمارەكه‌ -- شوێنیان دیاریکراوە یان ئازادکراون لەدەست گروپەکە.

لیژنەیەك بۆ گەڕان بەدوای ژنانی ئێزدییدا

شەممو وتی: "ئەنجومەن لە ناوەڕاستی تەمموزدا لیژنەیەکی تایبه‌تیی دامه‌زراند بۆ گەڕان بەدوای ژنانی ئێزدیدا لە موسڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ چەندین دەزگای ئەمنی دیکەدا."

وتی: "گومان لەوە دەکەین ژنانی رفێندراو لە گەڕەکەکانی موسڵدا هەبن یاخود لەنێو ئەو خەڵکە ئاوارەیەی کە هەڵاتوون پێشئەوەی شەڕەکە تەواوبێت." هه‌روه‌ها وتی رەنگە "بترسن لەوەی خۆیان دەربخەن".

وتیشی تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە ئەندامانی داعش زۆرینەی ژنانی رفێندراویان بەقاچاخ بردبێت کەمێك پێشئەوەی شەڕەکە دەستپێبکات.

شەممو وتی: "لیژنەکە دەستیکردووە بە کار. کۆبوونەوە هەیە، هەوڵی هاوبەش کراوە و سوورین لەسەر ئەوەی درەنگ یان زوو ئەنجاممان دەستبکەوێت."

وتی نوێنەرانی فەرمیی ئێزدییەکانی نەینەوا، كه‌ خۆشی یه‌كێكه‌ له‌وانه‌، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەپرسانی حکومی کردووە و تەرکیزیان خستۆتەسەر پێویستیی ئه‌نجامدانی هه‌رشتێكی پێویست بۆ ئازادکردنی هەموو رفێندراوان.

هه‌روه‌ها وتی ئەمەش دەستەبەرکردنی چاودێری و پارە لەخۆدەگرێت بۆ یارمەتیدانی رزگاربووانی مێینە لەدەست داعش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان.

پەرلەمانتاری عێراقی بۆ پارێزگای نەینەوا، حاجی قەندور شێخ، وتی: "لیژنەکە سەردانی مەیدانیی بۆ کەمپی خێزانە ئاوارەکانی موسڵ رێکدەخات بۆ گەڕان بەدوای ژنانی ئێزدیی رفێندراودا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا."

شێخ بە دیارونای وت ئەندامانی لیژنەکە کاردەکەن بۆ کردنەوەی دەرچەیەکی پەیوەندی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە و تکایان لێدەکەن هەر زانیارییەکیان هەبێت بیدەن دەربارەی چارەنووسی ژنانی رفێندراو.

ترس لە چارەنوسی ژنانی ونبوو

بەگوێرەی دوو کچی ئێزدی کە سوپا هەفتەی پێشوو لە گەڕەکی موشاهەدە دۆزییاننەوە، "ئەندامانی داعش لە دوو رۆژی پێشووی شەڕەکەدا، 10 ژنی رفێندراوی ئێزدییان لەسێدارەداوه‌".

کچەکان ئەم زانیاریەیان به‌ده‌سته‌وه‌ دا لەکاتی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئێزدی و سەربازانی فیرقەی 9ی سوپا، کە ئێستا دەگەڕێن بۆ جەستەی ژنە کوژراوەکان لە موسڵی کۆندا.

شێخ وتی هەواڵی ئەگەری کوژرانەکان نیگەرانیی دروستکردووە کە رەنگە رفێندراوەکانی دیکەش کوژرابن، هەرچەندە ئەگەری ئەوە هەیە "زۆرێك لەو ژنانە لەو ناوچانەدا بن کە هێشتا لەژێردەستی داعشدان".

سەرۆکی نوسینگەی کاروباری ئێزدییە رفێندراوەکان لە پارێزگای دهۆك، حسێن قەیدی، وتی: "ئەو زانیارییەی هەمانە ئاماژەده‌كه‌ن به‌وەی ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان و ژنانی ئێزدی رفێندراو لە شارۆچکەی تەلەعفەر و بەعاج و شاری رەققەی سوریین."

قه‌یدی بە دیارونای وت: "ئەمساڵ توانیمان دەیان لەوانه‌ رزگاربکەین، نزیکەی 200 رفێندراو، بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییە فەرمی و مه‌ده‌نییه‌كانیش."

قەیدی داوای لە بەرپرسانی حکومی کرد هەوڵەکانیان زیاتربکەن بۆ ئازادکردنی رفێندراوان و رێگرتن لە بەقاچاخبردنیان لەلایەن داعشەوە بۆ دەرەوەی ناوچەکە یان مەترسی دانان لەسەر ژیانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500