هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

دانیشتوانی ئیدلیب ترسیان لێنیشتووە لە باڵاده‌ستبوونی تەحریر شام

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دانیشتوانی شاری ئیدلیب دەڕواننە ئەو زیانەی بەهۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ کەوتۆتەوە، کە ژمارەیەك چەکداری تەحریر شامی کوشت نزیك فلکەی زراعە لە 23 تەمموزدا. خەڵکەکە دەترسن کە رووداوی هاوشێوە لە رۆژانی داهاتوودا رووبداتەوە. [خاوەندارێتی وێنە: موسعەب عەساف]

دانیشتوانی شاری ئیدلیب دەڕواننە ئەو زیانەی بەهۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ کەوتۆتەوە، کە ژمارەیەك چەکداری تەحریر شامی کوشت نزیك فلکەی زراعە لە 23 تەمموزدا. خەڵکەکە دەترسن کە رووداوی هاوشێوە لە رۆژانی داهاتوودا رووبداتەوە. [خاوەندارێتی وێنە: موسعەب عەساف]

دانیشتوانی ئیدلیب ترسیان لێنیشتووە دوای ئەوەی تەحریر شام -- هاوپەیمانێتیەکی توندڕەو کە بەرەی نوسرەی کۆنی تێدایە -- دەسەڵاتیان لە شارەکە و زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەریدا گرتەدەست، چالاکوانانی خۆجێی بە دیارونایان وت.

ترسەکەیان لەو راپۆرتە رۆژنامەوانییە هەرێمییانەوە سەرچاوەی گرتووە کە شارەکە رەنگە ببێتە هۆی هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانان یان هێرشی زەمینی بۆ دەرکردنی توندڕەوان، به‌هه‌مانشێوه‌ی شاری موسڵ له‌ عێراق و شاری رەققە له‌ سوریا.

تەحریر شام ئیدلیبی گرت یەکشەممە (23 تەمموز) دوای کشانەوەی رکابەرەکەی، هاوپەیمانێتی ئەحرار شام.

ئەندامانی ئەحرار شام شارەکەیان جێهێشت و بەرەو باشوری پارێزگاکە رۆیشتن، دوای ئەوەی رێککەوتنێکی ئاگربەست رۆژی هەینی بەسترا دوای چەند رۆژێك لە شەڕ لەنێوان ئەو دوو گروپەدا کە بە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

تەحریر شام زیاتریش دەسەڵاتی خۆی بەسەر خاڵە سنورییەکانی باب هەوا و خەربە جەوز لەگەڵ تورکیادا توندکردەوە و هەموو دەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی شاری ئیدلیبی گرت.

چالاکوانی بواری رۆژنامەوانی له‌ ئیدلیب، موسعەب عەساف، کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا لەبەر سەلامەتی خۆی، وتی: "تەواوی ناوچەکە لە ئێستادا لەژێرده‌ستی تەحریر شامدایە و بە دەیان لایەنی بچوك بەڵێنی دڵسۆزییان پێداوە لەم چەند رۆژەی رابردوودا."

عه‌ساف بە دیارونای وت ترسەکان زیاتربوون دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری ئەوەی رەنگە شارەکە بکرێتە ئامانجی هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانان و هێرشێکی زەمینی و گه‌مارۆدان. هه‌روه‌ها ئاماژەشیکرد بەوەی دانیشتوانی ئیدلیب هەوڵیاندا شارەکەیان بێلایەن بمێنێتەوە، به‌ڵام له‌وه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتن.

وتی هەندێك شارۆچکە لە ناوچەکانی دەوربەری ئیدلیب رێککەوتنیان لەگەڵ تەحریر شام کرد کە چەکدارانی نەهێنێتە ناوەوە، لەبەرامبەر ده‌رچوونی هەموو چەکدارانی تردا لەو شارۆچکانەی رێککەوتنیان لەگەڵدا کراوە، بەتایبەتی جەرابلوس و غاب و جەبەل زاویە.

گۆڕینی ئاڵا لە ئیدلیب

عەساف وتی لەنێو شاری ئیدلیبدا، تەحریر شام ئاڵای شۆڕشی سوریای گۆڕیوە بە ئاڵای خۆی و هەڵکردنی ئەو ئاڵایەی قەدەغەکردووە.

وتیشی هاوپەیمانێتییەکە دەستبەجێ ئەو چالاکوان و کەسایەتییانەی کە دژایەتی دەکەن بۆ لێپرسینەوە کۆکردەوە و جگە لەوانەی خۆی، هەر چالاکییەکی رۆژنامەوانی و کۆمەڵایەتیی قەدەغەکرد.

وتی بە سەدان چەکداری هاوپەیمان هێنران تا شارەکە توندبکەن دژی هەر کەسێك بیەوێت بیگرێت و وتیشی: "هاوپەیمانێتییەکە خاڵی پشکنینی لەنێو شارەکە و له‌ده‌م دەروازەکانیدا داناوە، بەڵگەنامەی هەرکەسێك دەپشکنن بێتە ناو شارەکەوە یان به‌جێیبهێڵێت."

دانیشتوان نیگەرانیی خۆشیان دەربڕی لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و بەکارهێنانی بۆمبی دەستکرده‌وه‌، دوای ئەوەی یەکشەممە ژمارەیەك لە چەکدارانی تەحریر شام لە تەقینەوەی بۆمبێکدا کوژران لە فلکەی زراعە.

سەرەڕای ترس لە ئەمنیەتی خۆیان، دانیشتوانی ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری رووبەڕووی دۆخێکی ئابووریی خراپ بوونەتەوە.

چالاکوان و پرۆفیشناڵی بواری میدیا لە لیژنەی هەماهەنگیی سەلامیە، سومەر ئاغا، وتی زۆرێك لە رێکخراوە مرۆییەکان ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان هەڵپەسارد لە ناوچەکە دوای ئەوەی هاوپەیمانێتییە توندڕەوەکە به‌رفراوانتر بوو، ئه‌مه‌ش کاریگەریی بۆسه‌ر سەدان خێزان هەبوو.

ئاغا وتی: "دوای داخستنی دەروازەی سنووریی باب هەوا -- رێچکەیەکی گرنگ کە پیایدا خواردن، شمەك، کاڵای تەندروستی و شتومەکی پێویستی دیکە دەگوازرێتەوە -- نرخی خۆراك و کاڵای دیکە بێسنوور بەرزبووه‌وە."

وتیشی تەحریر شام و ئەحرار شام رێککەوتنێکیان کرد لەنیوان خۆیاندا بۆ پێدانی کارگێڕیی دەروازە سنورییەکە بە گروپێکی مەدەنی و دابەشکردنی پارەکەی لەنێوان دوو گروپەکەدا، ئەمە لەکاتێکدا پێشتر تەواوی [پارەکە] هەمووی دەچوو بۆ ئەحرار شام.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500