ژمارەیەك ئاوارەی سوری رفێندراون بهمهبهستی پارە لەلایەن چەتەکانی سەرسنورهوه، لهكاتێكدا بەڕێگاوە بوون بهرهو لوبنان، ئاوارەیەکی رەققە بە دیارونای وت.
بەگوێرەی سەعید رەققاوی کە نازناوی بەکارهێنا لهترسی سەلامەتیی خێزانەکەی، دوای رفاندنەکە ئەندامانی گروپە چەتەکان پەیوەندیدەکەن بە خزم و کەسیانهوه لە لوبنان بۆ داواکردنی پارە لەبەرامبەر ئازادکردنیاندا.
رەققاوی وتی بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی پێیداون، هێزەکانی لوبنان توانیویانە ژمارەیەك ئەندامی چەتەی سوری-لوبنانی بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن و 25 ئاوارەش رزگاربکەن کە بە دیل گیرابوون.
رەققاوی، کە کەسوکاری لە رەققە هەیە و هێشتا هەوڵدەدەن بگەنە دیمەشق، بە دیارونای وت ئەو لە رەققە هەڵهاتووە بۆ لوبنان زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر.
لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و رێسا سەپێندراوهكانهوه لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه هەڵهاتنی باوك و دایك و خوشکهكهی لە رەققەوە دواكهوتووه.
وتیشی دوای چاوەڕوانییەکی دورودرێژ خێزانەکەی لەچەند رۆژی رابردوودا توانیان لە رەققە رابکەن. بەڵام لهكاتێكدا چاوەڕوانی گەیشتنیان بوو لە لوبنان، پەیوەندیەکی تەلەفۆنیی لە کەسێکی نەناسراوەوە پێگەیشتووە بە ژمارەیەك کە نەیدەناسی.
پەیوەندیکەرەکە رەققاویی ئاگادارکردەوە کە خێزانەکەی بە بارمتە گرتووە و داوای 500 دۆلاری کردووە بۆ هەر کەسێك لەبەرامبەر ئازادکردنیاندا.
رەققاوی دواتر پەیوەندییەکی تری پێگەیشت لە کەسێکەوە كه خۆی وەك ئەبو فاروق ناساند و لەو پهیوهندییهدا هەوڵیدا دڵنیابێت کە خێزانەکەی سەلامەتە و دانوستان بکات لەسەر بڕە پارەکە لەگەڵ رفێنەراندا.
رەققاوی وتی ئەو نەیدەتوانی 1,500 دۆلارەکە بەتەواوی دابینبکات بۆ ئازادکردنی هەرسێ ئەندامی خێزانەکەی بەهۆی بارودۆخی دارایی سنوردارییهوه.
لە پەیوەندیەکی تۆمارکراودا کە رەققاوی پیشانی دیارونای دا رفێنەرەکە دەڵێت ئەو رفێندراوەکانی لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێك "کڕیوە" بە 300 دۆلار بۆ هەر کەسێك.
رەققاوی ئەو کارەی وەك فێڵێكی رفێنەرەکە لێکدایهوە بۆ ناچارکردنی تا تەواوی بڕە پارەکە بدات.
دەسەڵاتدارانی لوبنانی دێنە سەرخەت
دوای پەیوەندیەکەی ئەبو فاروق، رەققاوی چووە لای هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆی لوبنان و ئەو زانیاریەی هەیبوو پێیدان.
وتی: "ئەوان کاریان بە زانیاریەکان کرد و دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەك یەکەیەکی هەواڵگریی هێزە ئەمنیە ناوخۆیەکانی لوبنان هەڵیکوتایە سەر بارەگای چەتەکان لە بەڕ ئەلیاس لە 20 تەمموزدا و ژمارەیەك رفێنەری لوبنانی و سورییان دەستگیرکرد."
وتیشی ئەندامانی تری چەتەکان هەڵهاتن و بەدواداگەڕانیان بەردەوامە.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا هێزە ئەمنیە ناوخۆیەکانی لوبنان توانییان 25 پیاو و ژن و منداڵ ئازادبکەن کە چەتەکان بە بارمتە گرتبوویانن بۆ پارە وەرگرتن.
سەبارەت بە دهربازبوونی خێزانەکەی له رەققە، رەققاوی وتی ئەوە بە چەند قۆناغێك جێبەجێکرا.
وتی خێزانەکەی یەکەمجار 400,000 لیرهی سوری (1,866 دۆلار)یان دا بە قاچاغچیەکی سوری بۆ هەرکەسێك بۆ بردنیان بۆ دیمەشق لە گەشتێکی دوو رۆژەدا کە بەشێکی بە پێ و بەشێکی بە ئۆتۆمبیل بوو.
دواتر قاچاغچیەکی تر گواستنیەوە بە ئۆتۆمبێیل بۆ ناوچەیەکی چۆڵی سنوری لوبنان لە نزیك دەروازەی مەسنەع و بەپێ هاتنە ناو لوبنانهوه.
شۆفێری تەکسییەك چاوەڕێی دەکردن لەناو لوبناندا و یەکسەر رادەستی چەتەکانی کردن.
وتیشی: "قاچاخچیەکانی سوریا بەدڵنیایی دهستیان ههبوو لە رفاندنەکەدا چونکە کاتی گەیشتن و خاڵی پێكگهیشتنیان تەنیا لەلایەن ئەوانەوە دهزانرا کە هەماهەنگییان كردووه له رێكخستنی گەشتەکەدا بۆ خێزانەکەم لەناو سوریادا."