هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ئەندامانی داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی عێراق دەکەن لە دیالە

خالید تائی

پۆلیسی دیالە شەش کەس دەستگیردەکات بە تۆمەتی تیرۆریزم و تاوان. بەمدواییانە 17 ئەندامی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' خۆیان رادەستی هێزەکانی عێراق کرد لە پارێزگای دیالە. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی پۆلیسی دیالە]

پۆلیسی دیالە شەش کەس دەستگیردەکات بە تۆمەتی تیرۆریزم و تاوان. بەمدواییانە 17 ئەندامی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' خۆیان رادەستی هێزەکانی عێراق کرد لە پارێزگای دیالە. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی پۆلیسی دیالە]

ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پارێزگای دیالە خۆیان رادەستدەکەن بەژمارەی بێوێنه‌، دوای ئەو زەبرە پشتشکێنەی لە موسڵ بەریانکەوت، فەرماندەیەکی سەربازیی عێراق دووشەممە (17 تەمموز) رایگەیاند.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە فەریق موزهیر عەزاوی وتی: "حەڤدە ئەندامی داعش کە بە ماددەی 4ی یاسای دژەتیرۆر داواکرابوون، خۆبەخشانە خۆیان رادەستی هێزەکانمان کرد لە حەوز وەقف، له‌ باکوری بەعقوبەی پایتەختی پارێزگای دیالە."

عەزاوی بە دیارونای وت فەرماندەییەکە لێکۆڵینەوە لەو ئەندامانە دەکات لەسەر رۆڵیان لەو گروپە تیرۆریستییەدا و گه‌رەنتی دادگاییەکی دادپەروەرانەیان پێدەدات بە پابەندبوون بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان حەیدەر عەبادی.

عەزاوی وتی فەرماندەییەکەی زانیاریی هەیە دەربارەی خواستی ئەندامانی دیکەی داعش بۆ خۆڕادەستکردن و وتیشی پێشبینیدەکات "لە ماوەی داهاتوودا ژمارەکە زیادبکات".

دابەشبوون داعش توشی به‌ڵا دەکات

عه‌زاوی خۆڕادەستکردنه‌ بێوێنەكانی ئەمدواییانەی له‌ دیالە گەڕاندەوە بۆ شکستی ئەمدواییەی گروپەکە لە موسڵ و کوژرانی زۆرێك لە سەرکردەکانی و هەڵاتنی ئەوانیدیکە.

وتی: "دابەشبوونی بەهێز هەیە لەنێوان ئەندامانی داعش و سەرکردەکانیدا لە دیالە دوای شکستە تاڵەکەیان [لە موسڵ] و زنجیرەیەك لە پاشەکشە کە کردوویانە لەسەر دەستی هێزەکانمان لەو پارێزگایە."

عەزاوی وتی: "سەرکردە باڵاکانی داعش کە لە حەویجە جێگیرن چەند رۆژێك پێشتر بانگێشتی چوار سەرکردەی گروپەکەیان کرد لە دیالە و کوشتیانن."

وتیشی: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەمانە، لەسێدارەدانەکان ئەنجامدران دوای ئەوەی ئەو سەرکردانە تۆمەتبارکرابوون بە شکستی تەواو لە بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانیان."

هێزەکانی عێراق پیلانێك شکستپێدەهێنن

عه‌زاوی وتی: "ئێمە ئابڵۆقەمان زیادکردووە و سەرکەوتوبووین لە شکستهێنان بە گەورەترین هێرشی تیرۆریستی لەوجۆرە کە پلانیان بۆ ئەنجامدانی دانابوو لە رەمەزانی رابردوودا."

وتیشی بەسەردادانە ئەمنییەکان بۆسەر حەشارگە نهێنییەکانی داعش لە دیالە بووه‌هۆی کوشتنی 17 خۆکوژ کە پلانی خۆتەقاندنەوەیان دانابوو لەنێو مەدەنییەکان و لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا.

هه‌روه‌ها وتی: "دوای ئۆپەراسیۆنەکە، 30 تیرۆریستمان کوشت کە لە باخەکانی ناوچەی مەخیسە خۆیان شاردبووه‌وە، له‌ باکوری دیالە، بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە پێگەی تیرۆریستی گرنگیان کردە ئامانج."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500