هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

سوریەکانی ئەو شارۆچکەیەی بە سارین هێرشیکرایەسەر یادی 100 رۆژه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌

ئاژانسی فرانس پرێس

پیاوێکی سوری نزادەکات لە 12ی تەمموز لە گۆڕستانیك لە خان شەیخون، 100 رۆژ دوای ئه‌و هێرشەی گومانده‌كرێت به‌ گازی ژەهراوی ئه‌نجامدرابێت و وه‌ك راگەیەندرا 87 کەسی کوشت، لەنێویاندا 31 منداڵ. [عومەر حاج کادۆر/ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێکی سوری نزادەکات لە 12ی تەمموز لە گۆڕستانیك لە خان شەیخون، 100 رۆژ دوای ئه‌و هێرشەی گومانده‌كرێت به‌ گازی ژەهراوی ئه‌نجامدرابێت و وه‌ك راگەیەندرا 87 کەسی کوشت، لەنێویاندا 31 منداڵ. [عومەر حاج کادۆر/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەد رۆژ دوایئەوەی هێرشی کوشندەی سارین شارۆچکە سوریەکەی کردە ئامانج، دانیشتوانی خان شەیخون دوکانەکانیان داخست و شکۆدارانە رێزیان لە قوربانیەکانیان گرت لە گۆڕستانە سادەکەیاندا.

هێرشەکەی 4 نیسان لە باکوری رۆژهەڵاتی شارۆچکەکە لە ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، لانیکەم 87 کەسی کوشت، لەنێویاندا منداڵ و بووە هۆی یەکەم هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆسەر هێزە سەربازیەکانی حکومەتی سوریا.

کەسوکاری قوربانیەکان چوارشەممە (12 تەمموز) بە شێوەیەکی نیمچەبازنەیی کۆبوونەوە لە شوێنی هێرشەکە و وێنەی ئازیزانیان بەرزکردەوە -- کە زۆربەیان منداڵی ساوا بوون.

عەبدولحەمید یوسف، 28 ساڵ، وتی: "ئازاری جیابوونەوە منی بەجێنەهێشتووە بۆ تەنیا چرکەیەك -- من و هیچ کام لەوانەی کەسێك یان ئازیزێکیان لەدەستداوە."

دوو منداڵە دوانەکەی و خێزانه‌كه‌ی و 19 خزمی لە 4 نیساندا کوژران.

وێنەیەکی ناخهەژێنی یوسف کە بەهۆی بۆردومانەوە توشی شۆك بوو کە لاشەی بێڕوحی منداڵەکانی هەڵگرتبوو لە رۆژی هێرشەکەدا دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێکەوتەوە.

یوسف بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "هەموو هیوایەتم ئەوەیە منداڵەکانم دوایین کەس بن بکوژرێن. ئازار سەختە. جیابوونەوە سەختە. هیوادارم ئەمە کۆتایی پەژارەکانی سوریا بێت."

یوسف سەردانی گۆڕی منداڵەکانی کرد له‌كاتێكدا خۆر ئاوابوو، ده‌ستیكرده‌ هه‌ڵكه‌ندنی گژوگیای دەوروبەری گۆڕە سادەکانیان.

پیاوێکی بەتەمەن لە نزیکیەوە لەسەر زه‌ویه‌كه‌ هەڵکورمابوو، بەرە و پێشەوە و دواوە بەبێدەنگی خۆی راده‌ژه‌ن لەکاتێکدا چاوی لە کێلی قەبرەکان بڕیبوو.

رێکخراوێکی چاودێریی چەکی کیمیایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی، مانگی رابردوو گەیشتە ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی کە سارین بەکارهاتووە وەك چەکێکی کیمیایی لە خان شەیخوندا.

راپۆرتەکە لۆمەی کەسی نەکردووە بۆ هێرشەکە، بەڵام زۆرینه‌ -- هه‌ر لە دەسەڵاتدارانی خۆرئاوا و دانیشتوانی خودی شارۆچکەکەوه‌ -- راستەوخۆ لۆمەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەکەن.

یوسف بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "هیواداربووم کە ئازارەکە نەمێنێت بە روخانی بەشار ئەسەد و کۆتایی توندو تیژی لە سوریا،" بەڵام ئەمڕۆ کۆتایی کێشەکە هێشتا لەهیچ شوێنیك نابینرێت.

خەڵکی ناوچەکە داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد لە شارۆچکەکە، دوکاندارەکان دوکانەکانیان داخست تا هاوشانی خێزانی قوربانییەکان راوەستن.

محەمەد ئەحمەد مەعارەتی کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کارگێڕیی خۆجێی دەکات وتی خەڵکەکە "هەوڵیاندەدا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راکێشن بۆ ئەو راستییەی کە ئەو رژێمەی کە ئەو تاوانە و چەندین تاوانی دیکەی لە سوریا ئەنجامداوە، ئازاد ماوەتەوە".

تیمێکی هاوبەشی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا بەرپرسن لەسەر بڕیاردان لەوەی کێ هێرشەکەی خان شێخونی ئەنجامداوە.

تیمەکە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانی حکومەتی سوریا بەرپرس بوون لە هێرشی گازی کلۆرین بۆسەر سێ گوند لە 2014 و 2015 و رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) گازی خەردەلی بەکارهێنا لە 2015.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500