هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هاوپەیمانێتی توندڕەوان هەوڵدەدات داعش لە ئیدلیب دەربکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئەندامانی هاوپەیمانێتی توندڕەوی تەحریر شام لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' دەوەستن دوای چەند هێرشێك لە ئیدلیب. [خاوەندارێتی وێنە: ئاژانسی هەواڵی ئەنبای سەر بە تەحریر شام]

ئەندامانی هاوپەیمانێتی توندڕەوی تەحریر شام لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' دەوەستن دوای چەند هێرشێك لە ئیدلیب. [خاوەندارێتی وێنە: ئاژانسی هەواڵی ئەنبای سەر بە تەحریر شام]

هاوپەیمانێتی توندڕەوانی تەحریر شام هێرشێکی دەستپێکردووە لە پارێزگای ئیدلیب بۆ لەناوبردنی شانەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، چالاکوانان بە دیارونایان وت.

تەحریر شام، هاوپەیمانێتییه‌كی لایەنە توندڕەوەکانە کە بەرەی نوسرەی کۆنی تێدایە -- ئێستا بە بەرەی فەتح شام ناسراوە -- "هێزێکی تایبەت"ی پێکهێناوە کە ئەرکی ئەنجامدانی هێرشه‌ کە 9ی تەمموز دەستیانپێکرد و تەرکیزیان لەسەر شارەکانی ئیدلیب و سەرمینە.

هاوپەیمانێتییەکە داعشی رکابەر تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی دزەکردنە ناو شارەکان دەدات.

لەکاتی هێرشەکەدا، یەکەکانی تەحریر شام بەتەواوی گەمارۆی شارەکانیان دا و هەڵیانکوتایە سەر زیاتر لە 100 ئەندام و هاوکاری داعش.

چالاکوانی بواری میدیا و خەڵکی ئیدلیب، مەحمود حاج کامل، بە دیارونای وت لە شەوی 8 تەمموزدا، چەکدارانی تەحریر شام هەموو دەروازەکانی ئیدلیب و سەرمینیان گرت.

وتی: "ئەندامانی داعش هەوڵیاندا پاشاگەردانی لە ناوچەکە بڵاوبکەنەوە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك تیرۆر و تەقینەوە بۆ رێگەخۆشکردن بۆ شاڵاوی گروپەکە بۆ نێو ئەم ناوچانە."

وتیشی تەحریر شام بە هاوڵاتیانی راگەیاند لەنێو ماڵەکانیاندا بمێننەوە و خۆیان بەدووربگرن لە گردبوونەوە لە شوێنە گشتییەکانی وەك بازاڕ و نانەواخانە و مزگەوتەکان.

حاج کەمال وتی: "یەکەکانی تەحریر شام دەستیانكرد بە ئەنجامدانی بەسەردادانەکان لەسەر بنەمای زانیاری کە پێشتر دەستیانکەوتبوو دەربارەی شوێنی ئەو شانانە."

وتیشی دایان بەسەر دەیان ماڵ و كۆگا و دوکاندا و زیاتر لە 150 ئەندام و هاوکاری داعشیان دەستگیرکرد لە 9 تەمموزدا.

هه‌روه‌ها وتی لەنێویاندا "ئەمیری ئیدلیب"ی داعش ئەبو سولێمان روسی هه‌بوو، كه‌ ئەمیرێکی داعش بوو لە ناوچەکانی باکوری ئیدلیب، ناسراو بە ئەبو ئیبراهیم عێراقی و هه‌روه‌ها "بەرپرسی شەریعە" ناسراو بە ئەبو سەودای میسری.

حاج کەمال وتی: "هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشانه‌دا، چەند پێکدادانێكی هەڕەمەکی روویدا."

وتیشی زانیویەتی کە تەحریر شام كۆمه‌ڵێك یەکەی نوێی "هێزی تایبەت"ی دروستکردووە بۆ شەڕەکە، کە چەکی مۆدێرنیان پێیە و راهێنانی پێشکەوتوویان پێکراوە.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەم یەکانە زۆربەی هەڵکوتانەسەرەکان ئەنجامدەدەن، بە پاڵپشتی ئەو ئەندامانەی کە ئەمنیەتی چوارچێوە سنوورییەکان دابیندەکەن کە هێرشیانکراوەتە سەر."

داعش نیازی بوو 'پاشاگەردانی بڵاوبکاتەوە'

چالاکوانی بواری میدیا، سومەر ئاغا، کە لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگیی خۆجێیی سەلامیە چاودێریی دۆخی ئیدلیب دەکات، وتی تەحریر شام ئۆپەراسیۆنەکەی دەستپێکرد دوای ئەوەی یەکێك لە یەکەکانی چەند بنکەیەکی داعشی نزیك بە سەرمین ئاشکراکرد.

ئاغا بە دیارونای وت پێکدادانێك هەڵگیرسا لەنێوان یەکەکە و ئەندامانی داعشدا لەو شوێنە، کە کۆتایی هات بە دەستبەسەرکردنی هەشت ئەندامی داعش.

وتیشی: "ئەندامی نۆیەم رەتیکردەوە خۆی رادەستبکات و خۆی تەقاندەوە کە پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو."

ئاغا وتی زانیویەتی کە "هێرشکردنە سەر ئەو حەشارگانەی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە بەکارهێنرابوون سەریکێشا بۆ دۆزینەوەی بڕێکی زۆری پارە و دەستبەسەراگرتنی ژمارەیەکی زۆر دەمانچەی بێدەنگ".

وتیشی بۆمبی دەستکردی ئامادەکراو بۆ تەقینەوە و تەقەمەنیی تریش دۆزرانەوە.

هه‌روه‌ها وتی بەگوێرەی سەرچاوەکانی، کاڵا دەستبەسەرداگیراوەکان ئاماژەن بەوەی کردەی تیرۆریزم و تەقینەوە لەگۆڕێبوو "بۆ بڵاوکردنەوەی پاشاگەردانی لە ناوچەکە".

ئاغا وتی: "ئەمە پشتڕاستکراوەتەوە بەو رووداوانەی لە رابردوودا روویانداوه‌." لەنێویاندا تیرۆرکردنی سەرکردەی تەحریر شام ئەبو یەحیا میسری و بەشار شێخ دیب و براکەی.

لەناوبردنی داعش نەك توندڕەوی

پسپۆڕی بواری گروپە تیرۆریستییەکان و ئەفسەری خانەنشینی سوپای میسر، لیوا دکتۆر وائیل عەبدولموتەلیب، وتی بە هێرشکردنی توند بۆ سەر داعش، تەحریر شام هەوڵدەدات خۆی وەك بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو وێنابکات.

عه‌بدولموته‌لیب بە دیارونای وت ئەمە بەشێکە لە هەوڵێك بۆ وێناکردنەوەی خۆی و دوورخستنەوەی خۆی لە قاعیدە تا بتوانێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایلبکات بەوەی چیتر بەشدارنیە لە تیرۆریزم و دەتوانێت پێگەیەکی بەرزتر بۆخۆی بەدەستبهێنێت.

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا، وتی بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان، تەحریر شام پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ قاعیدە ماوە و زۆرێك لە سەرکردەکانی "ناسراون بە توندڕەوی و بوونی پەیوەندیی ئۆرگانی بە قاعیدەوە".

عەبدولموتەلیب وتی چاوەڕوان دەکات پێکدادانی خوێناوی لە ئیدلیب بەردەوامبێت لە پرۆسەی بنەبڕکردنی داعشدا، کە ئێستاکە "شانەی پەرشوبڵاو"ی لە ناوچەکەدا هەیە، لەکاتێکدا لایەنەکانی تەحریر شام بەنێو ناوچەیەکی فراواندا بڵاوبوونەتەوە.

وتیشی هەرچەندە هاوپەیمانێتییەکە خاڵی بەهێزی جوگرافیی هەیە، لانیکەم ماوەی مانگێك دەخایەنێت تا بەتەواوی شارە سەرەکییەکان و دەوروبەری ئیدلیب لە داعش پاکبکاتەوە.

لەکاتێکدا زۆرێك لە دانیشتوانی ئیدلیب خۆشحاڵدەبن بەوەی داعش بڕوات، پێشوازی لە تەحریر شام ناکەن، کە پێشتر هەوڵیدا شێوازێکی توند لە شەریعە بسەپێنێت کە سزای بۆ پێشێلکارییەکان تێدابوو.

به‌شێك له‌و پێشێلكارییانه‌ بریتیبوون له‌ پابەندنه‌بوون بە رێسای توندی پۆشاکی ئیسلامیه‌وه‌ و جگەرەکێشان، کە سزاکان هاوشێوەی ئەوانەی داعش بوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500