هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

بازاڕەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ جەنجاڵن بە بازاڕکەران

خالید تائی

دوکانەکانی موسڵی ئازادکراو کاڵای جیاواز نیشاندەدەن بۆ فرۆشتن، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر قەدەغەکرابوون لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە. [خاوەندارێتی وێنە: ناوه‌ندی رۆژنامەوانیی نەینەوا]

دوکانەکانی موسڵی ئازادکراو کاڵای جیاواز نیشاندەدەن بۆ فرۆشتن، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر قەدەغەکرابوون لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە. [خاوەندارێتی وێنە: ناوه‌ندی رۆژنامەوانیی نەینەوا]

خەڵکی موسڵ دووبارە ئەو کاڵا و شمەکانە دەکڕن کە بۆ نزیکەی ماوەی سێ ساڵ لەژێر فەرمانڕەوایی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا قەدەغەکرابوون.

لە بازاڕی نەبی یونس لە خۆرهەڵاتی موسڵ، پەنجەرەی دوکانەکان رازێنراونەتەوە بە جۆری جیاواز لە پۆشاك و كه‌لوپه‌لی جوانکاری.

وەسیق تائی، 41 ساڵ، کە دوکانێکی بچوکی پۆشاکی ئافرەتانی هەیە وتی: "پێشتر ئەندامانی حه‌سبە [پۆلیسی ئایینیی داعش] رۆژانە بە بازاڕەکاندا دەسوڕانەوە تا دڵنیابن لەوەی تەنیا ئەو شتانە دەفرۆشین کە ئەوان رێگەی پێدەدەن."

تائی بە دیارونای وت: "لیستی شته‌ قەدەغەکراوەکانیان درێژبوو، هەمووشتێك قەدەغەبوو."

وتی: "ئێستا دەتوانین ئەوە بفرۆشین کە خەڵک دەیەوێت و ئەوانیش دەتوانن ئەوە بکڕن کە دەیانەوێت، هەروەك رۆژانی کۆن."

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند چالاکیی بازاڕکردن لە موسڵ بوژاوەتەوە سەرەڕای هێرشە تیرۆریستییە هەڕەمەکییەکان، کە دواهه‌مینیان هێرشێکی خۆکوژی بوو لە گەڕەکی موسەننای خۆرهەڵاتی موسڵ لە 23 حوزەیراندا کە سێ کەسی کوشت.

کاروكاسپی پەرەدەسێنێته‌وه‌

راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا، دورەید حیکمەت توبیا، وتی رۆژانە بە سەدان لۆری باکراو بە کاڵا دێنە موسڵەوە.

توبیا بە دیارونای وت دوای چەندین ساڵ لە بێبەشبوون، "دووبارە ئیشوکار پەرەیسەندووە و بەمدواییانە بازاڕەکان قەرەباڵغن بە بازاڕکەران". وتیشی هێزەکانی عێراق هەوڵی زۆر دەدەن تا رێ لە هێرشی تیرۆریستی بگرن و سەلامەتیی دانیشتوان دابینبکەن.

دوکانەکانی پۆشاك دووبارە جۆری زۆر لە تەنورە، عەزی، پانتۆڵ، جینز و جلی وەرزشی دەفرۆشن.

وتی: "قوتوی عەتر، جوانکاری، ماکیاژ، ئێکسسوار و کاڵا تاکەکەسییه‌كان دووبارە لەسەر رەفەکان دەبینێرین دوای ئەوەی لەلایەن داعشەوە قەدەغەکرابوون." وتیشی هەرکەسێك پابەند نەبوایە بە فەرمانەکانی گروپەکەوە سزای توند دەدرا.

رۆژنامەوانێکی خەڵکی موسڵ، ریاز عوبێدی، وتی: "کاتێک بەناو بازاڕەکانی شارەکەماندا دەڕۆین، هەست بە گۆڕانکاری زۆر و بەرچاو دەکەین."

عوبێدی بە دیارونای وت: "بازاڕکردن سنوردارکرابوو تەنیا بۆ پیاوان و منداڵان بەبێ ژنان و ئەو جلانەش کە دەفرۆشران هەموویان یەك شێوەیان هەبوو."

وتی هیچ كه‌لوپه‌لێكی جوانکاری، کرێمی پێست و جەستە یان یاری منداڵان و ئاژەڵانی دروستكراو بۆ گه‌مه‌كردنی منداڵان نەبوو.

وتیشی: "زۆر قەدەغەکراو هەبوون و سزای فەرامۆشکردن یان پێشێلکردنیان مەرگ بوو."

لێدان لە سەرچاوەكانی داهاتی داعش

عوبێدی وتی داعش پێشتر بازرگانەکانی موسڵی ناچارکردبوو هاوردەی هەموو شمەك و کاڵاکانیان لە ناوچەکانی ژێردەستی گروپەکەوە بکەن لە سوریا.

وتیشی ئەمە سەرچاوەیەکی نوێی دارایی بە گروپەکە بەخشی.

وتی بەڵام بەدەستپێکی شەڕەکانی رزگاركردن، هێزە ئەمنیەکان رێگاکانی نێوان موسڵ و شاری رەققەیان داخست، بەمشێوەیەش سەرچاوەیەکی داهاتی گروپەکەیان پچڕاند.

عوبێدی وتی ئەمڕۆکە بازرگانانی موسڵ لە سێ ده‌روازه‌ی سەرەکییه‌وه‌ کاڵاکانیان هاوردە دەکەن لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و کەرکوکەوە.

وتیشی: "بەڵام، توانای کڕینی هاوڵاتیان هێشتا لەخوار ئاستی خوازراوەوەیە."

مامۆستای دارایی و بانك لە زانکۆی موستەنسریە، سادق بەهادلی، وتی: "توانای کڕین پەیوەستە بە گەڕانەوەی هەموو چالاکیە ئابورییەکانی وەك کشتوکاڵ و پیشەسازیی و کەرتی بانکەوە."

گەڕانەوەی ئەم چالاکییانە، بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ کە پارێزگای نەینەوا بەوە بەناوبانگە، یارمەتی دروستی دەرفەتی نوێی کار بۆ دانیشتوان دەدات و سەرچاوەی داهاتیان هەمەجۆر دەکات.

بەهادلی وتی "ئابوریی شارەکە لەئێستادا تەنیا پشت بە کەرتی فرۆشیاری دەبەستێت، کە هه‌لی كاری زۆر فه‌راهه‌مناكات"، بەڵام گەڕانەوەی چالاكییه‌ رۆژانەییەکان لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە بەشداردەبێت لە ئاساییکردنەوەی ئابوورییدا.

وتیشی: "داعش شێوازێکی ژیانی بەسەر خەڵکی موسڵدا سەپاند کە پێچەوانەی بونیادی کلتوریی و ئایینییان بوو."

وتی ئەمە زاینی گه‌یاند به‌ شارەکە و خاوەن کارەکان و دوکان و پرۆژە بچوکەکان.

هه‌روه‌ها وتی: "بەڵام ئێستا، دوای رزگارکردنی لە تیرۆریزم، موسڵ لەسەر رێگەیە بەرەو بەدەستهێنانی ئابورییه‌كی کراوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500