هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش بەردەوامە لە راکێشان و مەشقکردن بە سەربازانی منداڵ

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' منداڵان ئامادەدەکات بۆ بوونە چەکدار، ته‌نانەت لەکاتێکدا تووشی شکست دەبێتەوە و چەکدارە پێگەیشتوەکانی هەڵدێن یان لە شەڕدا دەمرن. [خاوەندارێتی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' منداڵان ئامادەدەکات بۆ بوونە چەکدار، ته‌نانەت لەکاتێکدا تووشی شکست دەبێتەوە و چەکدارە پێگەیشتوەکانی هەڵدێن یان لە شەڕدا دەمرن. [خاوەندارێتی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

ئەو منداڵانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە "بێچوەشێرانی خەلافەت" ناویاندەبات، لە شاری رەققەی سوریا دیارنەماون له‌گه‌ڵ نزیکبونەوەی هێزەکان لە بنکەی گروپەکە، دانیشتوان بە دیارونایان وت.

هاوکات، گروپەکە "خوێندنگەی بێچوەشێران"ی دیکەی لە دەوروبەری دیمەشق دامەزراندووە، کە مەشق بە منداڵان دەکات تا ببنە چەکدار.

ئەم هەنگاوە وا لێکدەدرێتەوە کە هەوڵێك بێت بۆ هێشتنەوەی یەدەگی مرۆیی تا داعش بتوانێت لە داهاتوودا کردە تیرۆریستییەکانی ئەنجامبدات، تەنانەت گەر لە گشت ناوچەکانی ژێردەستیدا بوونی نەمێنێت.

دانیشتووی ناوچەکە، ئەمجەد محەمەد، کە لەبەر سەلامەتی خۆی ناوی خوازراوی بەکارهێنا، وتی: "منداڵە سەربازەکانی داعش، کە جارناجارێك دەبینرێن بە چەکەکانیانەوە بەسەر شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە، چیتر لە رەققە نابینرێن."

ناوبراو بە دیارونای وت منداڵان، کە لە نەتەوەی جیاوازن، لەنێو کەمپ و دەوروبەری شارەکەدا جێگیرکراون.

وتی هەندێکیان هەتیون و لەلایەن ئەندامانی داعشەوە لە چەند بەشێکی جیاوازی سوریا کۆکراونەتەوە، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە دراونەتە دەست داعش لەلایەن دایك و باوکیانەوە لە بەرامبەر قەرەبووی داراییدا تا ببنە "چەکدارانی ئایندە".

وتیشی توانیویەتی ئەوە پشتڕاستبکاتەوە کە زۆرێك لەم منداڵانە نێردراون بۆ بەرەکانی شەڕ لە دەوروبەری رەققە بۆ شەڕکردن دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هه‌روه‌ها وتی ئەم هەنگاوە نراوە "بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە ژمارەدا کە گروپەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت" و ئاماژەشی كرد بەوەی منداڵان تەنیا چەند هەفتەیەکە خۆیان لە کەمپەکانی "بێچوەشێرانی خەلافەت"دا تۆمارکردووە.

محه‌مه‌د وتی ئەوە ئاشکرایە کە گروپەکە ئەم منداڵانە و هەندێك لاوی تر کە بە پاساوی جیاواز دەستبەسەریکردوون، بەکاردەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە ژمارەی چەکدارەکانیدا.

وتیشی: "گەنجان بە بیانووی جیاواز دەستگیردەکرێن و راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی مەترسیدار تا ئەرکی لۆجستی ئەنجامبدەن وەك لێدانی خەندەق، گواستنەوەی شمەك و کەلوپەل یان گواستنەوەی خۆراك بۆ چەکداران لە بەرەکاندا."

راوکردنی دایك و باوکان و منداڵان

چالاکوان تاریق عەبدۆ وتی بە چڕبوونەوەی شەڕی رەققە و داخستنی کەمپەکانی مەشقی داعش لە ناوچەکە، گروپەکە خوێندنگەی بۆ راهێنانی منداڵانی چەکدار کردۆتەوە لە حەجەر ئەسوەد، باشوری دیمەشق.

بەگوێرەی عەبدۆ، کە دامەزرێنەری پرۆژەی "نا بۆ راکێشان و بەکارهێنانی منداڵان لە كرده‌ی چەکداریدا لە سوریا"، گروپەکە سەخت کاردەکات بۆ بانگەشەکردن بۆ خوێندنگە نوێیەکەی لەڕێگەی سەردانەکانیەوە بۆ ماڵان.

بەگوێرەی بانگەشەکانی و ئەو زانیارییانەی لەلایەن هەندێك لە دایك و باوکانەوە دراوە، داعش هەوڵیداوە قایلیان بکات منداڵەکانیان بنێرنه‌ ئه‌و خوێندنگەیه‌ كه‌ منداڵانی 12 ساڵ و ئەوانەی خوێندنی سەرەتاییان تەواوکردووە، وەردەگرێت.

خوێندکاران دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ لەم خوێندنگەیەدا بمێننەوە تا خوێندنەکەیان تەواوبکەن وەك چەکدار، دوای ئامادەبوون لە وانەکاندا دەربارەی شەریعە و زانستی سەربازی و بابەتەکانی دیکە.

عەبدۆ وتی لە هه‌ڵمه‌تی بانگەشەکەیدا، گروپەکە ئیدیعای ئەوە دەکات ئامانجی خوێندنگەکە ئامادەکردنی "نەوەیەکی نوێی چەکدارە بۆ بەرگرییکردن لە موسڵمانان".

پسپۆڕی گروپە تیرۆرستیەکان، ژەنەراڵی خانەنشین لە سوپای میسردا، عەبدولکەریم ئەحمەد، وتی راکێشانی منداڵان و پڕکردنەوەی مێشکیان بەو ئایدۆلۆژیا لادەرە "بابەتێکی جددیە و دەبێت باسیبکرێت و سنوورداربکرێت".

ناوبراو بە دیارونای وت: "ئەم منداڵانە دەکرێنە بۆمبی گەڕۆك و دەکرێت هەر ساتێك بێت بتەقنەوە کاتێك فەرمانیان پێدەگات، تەنانەت گەر گروپەکە لەناو سوریاشدا بنەبڕبکرێت."

وتی بەدەستهێنانی لیستی تەواوی ناوی ئەو منداڵانە و نەتەوە و شوێنی لەدایکبوونیان پێویستە بۆ دۆزینەوە و چاکسازییان و ئاماژەشی كرد بەوەی وانەبێت نازانرێت چ کارەساتێك دەخوڵقێنن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500