شاری حەلەب، کە لە کانونی یەکەمدا لەلایەن رژێمی سوریاوە گیرایەوە، ئێستاکە بۆتە مەیدانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە کۆنترۆڵیان بەسەر گەڕەکەکانی شارەکەدا بۆتههۆی شەڕی ناوخۆ و هەندێکجار هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریاش، چالاکوانە خۆجێییەکان بە دیارونایان وت.
چالاکوانی بواری میدیا و دانیشتوی حەلەب، فەیسەڵ ئەحمەد، وتی هێشتا ململانێ زۆرە بەهۆی ئەو پێکدادانەی شەممە (8 تەمموز) دروستبوو لەنیوان میلیشیاکانی گەڕەکی شێخ تەها لە ناوەندی شارەکەدا.
میلیشیایەکی ناوچهكه، ناسراو بە ماردهل، دهستیانكرده شەڕەتەقە لەگەڵ میلیشیای هێزەکانی بەرگریی نیشتیمانی سەر بە حکومەت، دوای شەڕەقسەیەك لەنێوان ئەندامانیاندا نزیك بە قوتابخانهیهك لە شێخ تەها.
هێزە ئەمنییەکانی سوریا و هێزەکانی هەواڵگریی ئاسمانی رووبەڕووی تەقەی نیشانگرەکان بوونەوە کاتێك هەوڵیاندا شاڵاو ببەنە نێو قوتابخانەکە و هەندێك لە ئەندامانی میلیشیای ماردهل دەستگیربکەن، کە بووە هۆی پێکدادانی راستەوخۆ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك بەردەوامبوو.
دواتر هێزە ئەمنییەکان ناچاربوون لە ناوچەکە بکشێنەوە.
ئەحمەد بە دیارونای وت دۆخی ئەمنی لە شارەکە بەوجۆرە سەقامگیر نیە کە رژێم هەوڵدەدات وێنای بکات.
وتی هێزەکانی رژێمی سوریا بەشێوەیەکی فەرمی دهستیانگرتووه بهسهر شارەکەدا، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینە لای میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە، کە لەژێر چهتری هێزەکانی بەرگریی نیشتیمانیدا کاردەکەن.
وتیشی: "هەر میلیشیایەك دهسهڵاتی بەسەر ناوچەیەکی تایبەتەدا هەبوو، کە دواتر بووە دورگەیەکی ئەمنی و تەنیا یاساکانی فەرماندەی ئەو میلیشیایە بەکاربوون."
ههروهها وتی دۆخەکە بەجۆرێك خراپبووە کە رۆژانە پێکدادان روودەدات لەنیوان هێزەکانی رژێم و ئەندامانی میلیشیاکاندا.
بارودۆخی خراپی ژیان
ئەحمەد وتی: "بازرگانانی نێو شاری حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری ناچارکراون باج بدەن کە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە."
وتیشی ئەوان بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکرێت تا پارەی خۆپاراستن بدەن.
ئەحمەد وتی: "باج خراوەتە سەر ئەو لۆرییانەش کە باری شمەك بۆ شارەکە دەهێنن و دەبەن، کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخ، چونکە بازرگانان هەوڵدەدەن قەرەبووی ئەو بڕە پارەیە بکەنەوە کە دەبێت بیدەن."
وتیشی لانیکەم پێنج کەس برینداربوون دوای ئەوەی دانیشتوان خۆپیشاندانێکیان کرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر ئەم دۆخە.
ههروهها وتی: "ئەوان لەلایەن میلیشیاکان و هێزە ئەمنیەکانیشەوە هێرشیانکرایەسەر تا بڵاوەیان پێبکەن."
غالیب تەحان، کارمەندێکی خانەنشینی حکومەت لە شاری حەلەب، وتی سەرەڕای دۆخی ئەمنی، دانیشتوانی حەلەب بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن.
تەحان بە دیارونای وت کەمئاوییەکی زۆر هەیە، لەکاتێکدا کارەبا بۆتە کاڵایهكی خۆشگوزەرانی.
وتی هاوکات، "هەندێك ناوچە کە بەرپرسانی حکومی و ئەمنی و سەرکردەی میلیشیاکان لێی دەژین، بەردەوام سوود لەم خزمەتگوزارییانە دەبینن".
تەحان وتی زۆربەی شەقامەکانی شارەکە پڕن لە خۆڵ و خاشاك.
وتیشی: "[سهكۆ] رۆژنامەوانییەکانی رژێم هەوڵدەدەن وێنەیەکی ساختەی دۆخەکە پیشانبدهن بە وێنەگرتن و راپۆرتدانی هەواڵ تەنیا لەسەر ئەو ناوچانەی كهسایهتییه دهسهڵاتدارهكانیان لێیە."
ههروهها وتی: "خەڵکی شارەکە هەست بە ئارامی ناکەن و کچ و ژن ناتوانن ئازادانە هاتوچۆبكهن، چونکە بەردەوام لەلایەن چەکدارانەوە هێرشیان دەکرێتەسەر و تەنانەت لەهەندێك حاڵهتدا دەشڕفێندرێن."
تهحان وتی دانیشتوان بەردەوام پەنادهبهن بۆ حکومەت بۆ چارەسەری دۆخی ئەمنی، "بەڵام ئەوەی پێیاندەدرێت تەنیا بەڵێنە".