سوپای عێراق پێنجشەممە (29 حوزەیران) گرتنەوەی مزگەوتێکی ئایكۆنیی راگەیاند لە موسڵ کە سەرکردەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەبوبەکر بەغدادی تیایدا تاکە دەرکەوتنی نێو جەماوەریی خۆی تۆمارکرد و داوای لە موسڵمانان کرد گوێڕایەڵی بن.
راگەیاندنی گرتنەوەی مزگەوتەکە -- کە داعش هەفتەی رابردوو تەقاندیەوە دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق نزیكبوونەوە -- سێ ساڵ دوای ئەو رۆژە دێت کە توندڕەوان جاڕی "خەلافەت"یان تێدا دا لە عێراق و سوریا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر دەستیانگرت بەسەر مزگەوتی نوری و (منارەی) حەدبادا."
دوای ئەوەی فەرماندەیەکی باڵای هێزە تایبەتەکان وتی مزگەوتەکە لەڕاستیدا نەگیراوەتەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان روونکردنەوەی دا کە مەبەستی ئەوەبووە هێزەکانی عێراق ناوچەکەیان دابڕاندووە و "پێشڕەویی دەکەن بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانیان".
مزگەوتەکە و مناره لاره بەناوبانگهكهی، حەدبای (پشتکۆم) یهكێك له نیشانهكانی موسڵ بوون و گرنگییەکی بەرچاویشیان هەبوو لە مێژووی فەرمانڕەوایی داعشدا لە عێراق.
بەغدادی بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوتی نوور دەرکەوت لە 2014، هەرزوو دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر دووەمین شاری عێراقدا گرت و داوای لە موسڵمانان کرد گوێڕایەڵیی بکەن.
جیهادییەکان لە 21 حوزەیراندا مزگەوتەکە و منارەکەیان تەقاندەوە دوای ئەوەی بەرگرییەکی نائومێدانەیان دژی پێشڕەویی هێزەکانی عێراق کرد.
بەرپرسانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایانگەیاند کە تێکشکاندنی پێگەکە ئاماژەیهكه به شکستی گروپە جیهادییەکە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە موسڵ، سەرهكوەزیران حەیدەر عەبادیش بە "جاڕی شکستی فەرمی" ناویبرد.
لەدەستچوونی ئەو منارەیەی سەدەی 12 -- یەکێك لە مۆنومێنتە هەر ناسراوەکانی ئەم وڵاتە کە هەندێك کات بە بورجی پیزای عێراق ناودەبرا -- وڵاتەکەی تووشی شۆك کرد.
میراتێك وێرانكرا
بەڵام ئهم وێرانكارییه زۆر چاوەڕوانکراوبوو، فەرماندەکانیش رایانگەیاند کە داعش رێگەی بە هێزەکانی عێراق نەدەدا ئەو سەرکەوتنە سیمبۆڵییه گەورەیە تۆماربکەن بە گرتنەوەی ئەو پێگەیە.
مزگەوتەکە لە موسڵی کۆن دوایین بوو لە لیستێکی درێژی ئەو کەلەپورە مێژووییانەی داعش وێرانیكردوون لەکاتی فەرمانڕەوایی سێ ساڵەی خۆیدا لە بەشێك لە عێراق و سوریا.
منارەکە، کە لە 1172 تەواوکرا و ماوەی چەندین سەدەیە ماوەتەوە، لەسەر پارەی 10,000 دیناری عێراقی هەیە و رەمزی سەرەکیی دووەمین گەورە شاری عێراق بوو -- ناوی ژمارەیەکی زۆر لە رێستۆرانت و کۆمپانیا و تەنانەت یانەی وەرزشیش لە موسڵ بەناوی ئەوەوە نراوە.
رووخاندنی مزگەوتەکە سێ رۆژ دوای ئەوە هات هێزەکانی حکومەت هێرشێکیان کردە سەر موسڵی کۆن، دوایین بهشی موسڵ کە هێشتا لەژێردەستی داعشدایه.
باوەڕوایە نزیکەی 100,000 کەس هێشتا لەو ناوچهیه گیریان خواردبێت بەهۆی داعشەوە کە مەدەنییەکان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.
ئەو ناوچەیەی هێشتا لەژێردەستی توندڕەواندا ماوە بچووکە بەڵام شەقامە تەسكەکانی و بوونی مەدەنییەکی زۆر وایکردووە ئۆپەراسیۆنەکە مەترسیداربێت.