هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خێڵەکانی ئەنبار کەمپینێك دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی شاڕێگەیەکی ستراتیژی

خالید تائی

چەکدارانی حەشدی خێڵەکیی ئەنبار پاسەوانی دەکەن دژی هێرشەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە حەدیسە. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوكی حەشدی خێڵەکیی ئەنبار]

چەکدارانی حەشدی خێڵەکیی ئەنبار پاسەوانی دەکەن دژی هێرشەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە حەدیسە. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوكی حەشدی خێڵەکیی ئەنبار]

هێزەکانی حەشدی خێڵەکیی ئەنبار پێنجشەممە (29 حوزەیران) هه‌ڵمه‌تێكیان دەستپێکرد بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ شاڕێگەیەکی بیابانیی گرنگ لەدژی رێخکراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت.

فەرماندەی فەوجی جەزیرەی هێزەکانی حەشدی خێڵەکیی ئەنبار، عەقید سامی موشەیەع فەهداوی، وتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ئاسایشی شاڕێگەی کیلۆ 160 دابیندەکات کە درێژدەبێتەوە لە خۆرئاوای پایتەختی پارێزگای ئەنباره‌وه‌، رەمادی، بۆ نەخیب لە باشور.

فەهداوی بە دیارونای وت: "بە هەماهەنگی لەگەڵ فیرقەی 1ی سوپای عێراق، هەوڵدەدەین ئاسایشی شاڕێگەکە بە تەواوی دەستەبەربکەین و لە هەڕەشەی ئەندامانی داعش بیپارێزین."

وتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ تیمی جێگیر و گەڕۆك ده‌خاته‌گه‌ڕ و خاڵی پشکنینی شەوان و کردەی چاودێرییکردن ئەنجامدەدات بە قوڵایی بیاباندا لەهەردوولای شاڕێگەکەوە.

فەهداوی وتی: "ئەو شاڕێگە گرنگە رێگەی سەرەکیی پێکەوەبەستنەوەی پارێزگاکەیە بە ناوەندی عێراقەوە."

وتیشی بۆ کاروانی حەج و [گواستنەوەی] باریش بەکاردەهێنرێت.

داعش هەوڵدەدات شاڕێگەکە کۆنترۆڵبکات

چەکدارانی داعش زۆرجار هەوڵدەدەن هێرشبکەنە سەر شاڕێگەکە بەهۆی گرنگییە ستراتیژییەکەیەوە وەك خاڵی دەستپێڕاگەیشتنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکە، لەنێویاندا رەمادی و هیت و حەدیسە.

فەهداوی وتی: "داعش وەك دەروازەی گەیاندنی پاڵپشتی بەکاریدەهێنێت بۆ ئەو ئەندامانەی لە قائیم له‌ خۆرئاوای ئەنبار گیریانخواردووە."

وتیشی چەند رۆژێك لەمەوبەر، چەکدارانی داعش پێنج موشەکی کاتیۆشا و هاوەنیان گرتە هێزەکانی عێراق کە لەسەر شاڕێگەکە جێگیرکرابوون.

هه‌روه‌ها وتی "هێزە سەربازییەکانمان دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکەیان دایەوە و هەڕەشەکەیان نەهێشت." ئاماژەشیكرد بەوەی هیچ قوربانییەكی لێ نەکەوتەوە.

فەهداوی، کە سەرکردایەتی هێزێکی خێڵەکیی 200 کەسی دەکات، تکای لە حکومەت کرد کە چەك و ئۆتۆمبیل بداتە ئەو هێزە خێڵەکییانەی ئێستا پاسەوانیی شاڕێگەکە دەکەن.

وتی: "ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین کە ئامرازی سەربازی پێویستمان پێبدات."

وتیشی: "چەکدارمان بەپێی پێویست هەیە، بەڵام چەك و هۆكانی جوڵە و ئامێری چاودێری و شوێندیاریکردنمان نیە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500