حکومەتی هەرێمی کوردستان سێشەممە (27 حوزەیران) رایگەیاند نزیکەی دوو ساڵە هیچ کەیسێکی تۆمارنەکردووە تیایدا گەنجێك پەیوەندیی كردبێت بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، مەریوان نەقشبەندی، بە دیارونای وت راکێشانی گەنجانی کورد لە هەرێمەکەیان لەلایەن داعشەوە لە 2013 و 2014 لە لوتکەدا بوو.
وتی: "لەوکاتەدا داعش توانی ژمارەیەکی زۆر لە کوڕانی لاو هەڵبخەڵەتێنێت و رایانبکێشێت."
وتیشی: "نزیکەی 500 کوڕی گەنج لە تەمەنی نێوان 13 بۆ 25 ساڵ پەیوەندییان بە تیرۆستانەوە کرد -- هەندێك لەوانە هاوسەرگیرییان کردبوو، خێزان و منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆیان برد."
وتی نزیکەی 300 لەوانە لە شەڕهكانی رزگاركردندا دژی داعش کوژراون، لەکاتێکدا 150 کەسیان "یان خۆیان رادەستکردووە یان لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە [پێشمەرگە] دەستگیرکراون و ئێستا دەستبەسەرن لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندا".
"بۆ ئەوانیدی، چارەنوسیان نازانین ئاخۆ هێشتا زیندوون و شەڕدەکەن هاوشانی داعش یاخود کوژراون."
نەقشبەندی وتی: "لە ناوەندی 2015وە، هیچ کەیسێکمان تۆمارنەکردووە کە گەنجێکی کوردی هەرێمەکە پەیوەندیی كردبێت بە داعش یان گروپە توندڕەوەکانی دیکەوە."
رووبەڕووبوونەوەی راکێشان
سەرەتای 2015، وەزارەتی ئەوقاف بە هاوکاریی وەزارەتهكانی رۆشنبیری و ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێم، لیژنەیەکی کاری هاوبەشی دامەزراند بۆ روبەڕوبوونەوەی هەموو چالاکییەکی تیرۆریستان.
نەقشبەندی وتی لیژنەکە بەتایبەتی تەرکیزی لەسەر راکێشانی خەڵك بوو لەلایەن تیرۆریستانەوە و خولێکی چاکسازیی رێکخست بۆ گەنجە زیندانیکراوەکان.
وتیشی: "ئامانجەکە راستکردنەوەی ئەو چەمك و دیدگایانە بوو کە تیرۆیستان هەوڵیاندەدا لە عەقڵیاندا بیانچێنن."
ههروهها وتی: "ئەنجامی ئەرێنییمان بەدەستهێنا و توانیمان رێنماییان بکەین بچنەوە سەر رێگەی راست بەهۆی ئامۆژگاری و رێنمایی ئایینیهوه."
حکومەت داوای لە هەموو وتارخوێنانی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان کرد -- كه نزیکەی 3,000 مزگەوتن -- لە وتاری هەینی و وانە ئایینیهكاندا تەرکیز بخەنەسەر پەرەپێدانی لێبوردەیی و میانڕەوی.
وتیشی: "بەتەواوی پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیای توندڕەومان قەدەغەکرد و سزای توندمان سەپاند بەسەر بڵاوکردنەوەی هەر کتێب یان نامیلکەیەكدا یان بەشدارییکردن لە چالاکییەكدا کە توندوتیژی یان تیرۆریزم بەرهەمبهێنێت."
ههروهها وتی: "پێمانوایە سەرکەوتووبووین لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان، بەڵام بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان."