هێزەکانی عێراق رێوشوێنی ئەمنیی توندیان گرتۆتهبهر لە بەغدا و لەکاتی بۆنەی جەژنی رەمەزاندا بۆ پاراستنی دانیشتوانی شارەکە لەدژی کردەی تیرۆرستی، بەرپرسانی خۆجێی دووشەممە (26 حوزەیران) بە دیارونایان وت.
وتیان شوێنەکانی کاتبەسەربردن و پارکە گشتییەکان بە بەربەستی ئەمنی دەوریان گیراوە، لەکاتێکدا خاڵی پشکنینی جێگیر و گەڕۆك لەگەڵ سەگی پشکنیندا بەگەڕخراون لەسەر شەقامە سەرەکییەکان و لە دەروازەی گەڕەکەکاندا.
پەرلەمانتاری عێراقی و ئهندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری له پەرلەمان، ئەسکەندەر ویتویت، وتی: "هێزەکانی عێراق رادهی وریایی ئەمنییان بهرزكردۆتهوه تا دەرفەت نەدەن بە تیرۆرستان خۆشیی هاوڵاتیان تێکبدەن و سەلامەتییان بخەنەبەر هەڕەشە لەکاتی جەژندا."
ویتویت بە دیارونای وت هەنگاوەکان تەرکیزیان خستۆتهسەر شوێنهكانی پەرستش، ناوهندی ئایینیهكان، پارکە گشتییەکان، ناوچەکانی کاتبەسەربردن، بازاڕ و مۆڵەکان، کە بهتایبهتی لەکاتی جەژندا زۆر قەرەباڵغ دەبن.
وتی: "خاڵی پشکنینی هاوبەشی سوپا-پۆلیس-هەواڵگری دامەزرێندراوە لەسەر دەروازەی شەقامەکان بۆ پشکنینی ئۆتۆمبیل و بەڵگەنامە و ناسنامەی خاوەنەکانیان."
هەندێك رێگە، لەنێویاندا ئەوانەی دەچنەوەسەر شاری یاریی زەورا و سندیباد لاند و شەقامە سەرەکییەکانی بازرگانیی وەك کەڕادە و مەنسور بەشێوەیەکی کاتی بۆ ئۆتۆمبیل داخراون.
هاوکات، وەزیری گواستنەوە، بە هاوکاریی قائیمقامیەتی بەغدا، پاسی خۆڕایی گواستنەوەی بۆ پارکە گشتییەکان دابینکردووە.
لەڕێگەی چەند ناوەندێکەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بانگهشهی خاوەن ئۆتۆمبیلەکانی كردووه بۆ بهكارهێنانی هۆكانی تری هاتوچۆ تا رەوتی ترافیك ئاسایی بێت و جەنجاڵی دروستنەبێت.
ویتویت وتی: "هەوڵهكانی هەواڵگری چڕکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی شانە تیرۆرستییەکان و بەرپەرچدانهوهی هێرشەکانیان پێشئەوەی رووبدەن." وتیشی کە "هاوڵاتیان هاوبەشی سەرەکیین لە ئەمنییەتدا و دەبێت ئەم هاوبەشییە زیاتر بەهێزبکرێت".
دەزگا ئەمنییەکان هێڵی پەیوەندیی خێراشیان داناوە (130, 400, 131 و 153) تا خەڵك بتوانن خهبهربدهن لە هەڵسوکەوت و كهسان و ئۆتۆمبیلی گومانلێراو به بەرپرسان.