هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

خۆکوژێکی داعش سەرکردەکانی گروپەکەی خۆی دەکاتە ئامانج لە قائیم

خالید تائی

وێنەیەك لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە بڵاوکرایەوە كه‌ ئه‌و چەکدارانه‌ نیشاندەدات لە 7 ئایاردا هێرشیانکردە سەر بنکەیەك لە کەرکوك. خۆکوژێك خۆی تەقاندەوە لە کۆبوونەوەیەکی داعشدا لە پارێزگای ئەنبار، یەکشەممە (25 کانونی دووەم) لەکاتێکدا ململانێی نێوان ئەندامانی گروپەکە پەرەدەسێنێت. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووه‌وە]

وێنەیەك لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە بڵاوکرایەوە كه‌ ئه‌و چەکدارانه‌ نیشاندەدات لە 7 ئایاردا هێرشیانکردە سەر بنکەیەك لە کەرکوك. خۆکوژێك خۆی تەقاندەوە لە کۆبوونەوەیەکی داعشدا لە پارێزگای ئەنبار، یەکشەممە (25 کانونی دووەم) لەکاتێکدا ململانێی نێوان ئەندامانی گروپەکە پەرەدەسێنێت. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووه‌وە]

خۆکوژێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) خۆی لەنێو ئەندامانی گروپەکەدا تەقاندەوە لە کۆبونەوەیەکدا لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبار نزیك سنووری سوریا، بەرپرسانی ناوچەکە دووشەممە (26 کانونی دووەم) وتیان.

قائیمقامی قائیم، فەرحان فیتەیخان، بە دیارونای وت: "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە پێماندراوە، ئەندامێکی داعش کە بۆمبی لەخۆی بەستبوو خۆی لەنێو ئەندامانی گروپەکەیدا تەقاندەوە، زۆربەیان لە سەرکردەکانی داعش بوون."

وتی تەقینەوەکە یەکشەممە روویدا کاتێك ئەندامانی داعش "کۆبووبوونه‌وه‌ بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شکست و زیانە مرۆییەکانی گروپەکە کە لە موسڵ بەریکەوتووە".

وتیشی: "ئەم خۆکوژە بەشدارییكردبوو له‌ کۆبوونەوەکەدا، کە تێیدا مشتومڕێکی گەرم لەنێوان ئەندامانی داعش و سەرکردەکانیاندا دروستبوو دەربارەی چۆنێتی وەستاندنی داڕمانی سەربازییان."

هه‌روه‌ها وتی: "زانیاریی وردمان لانیە دەربارەی زیانەکانی داعش لەو تەقینەوەیەدا." وتیشی کە "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، زۆر ئەندامی داعش کوژراون یان برینداربوون".

نائومێدی و بێزاری

فیتەیخان وتی هێرشەکە رەنگدانەوەی دۆخی نائومێدییە لەنێو ریزەکانی داعشدا.

وتیشی: "ئەمە بەڵگەی لاوازییانە و ئەوەیە لەئێستادا لە دۆخی نائومێدیدان، چونکە ناتوانن رێ لە داڕمانی ریزەکانیان بگرن."

هه‌روه‌ها وتی: "سەرچاوەکانمان پشتڕاستیدەکەنەوە کە چەکدارانی داعش لە سەرکردایەتیەکەیان تووڕەن، کە تەنیا گرنگی بە پاراستنی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان و کۆکردنەوەی پارە و دەسەڵات دەدەن، لەکاتێکدا چەکداران دەنێردرێن بۆ کوشتارگە."

فیتەیخان وتی چاوەڕواندەکات دابەشبوون و پێکدادانی نێوان ئەندامانی داعش و سەرکردەکانیان بەردەوامبێت لە پەرەسەندن.

جەختیشیکردەوە لەسه‌ر پێویستیی سوودبینین لە ورەی نزم و شەڕی خۆبەخۆیان بۆ هێرشکردنەسەر و دەرکردنیان لە دوا بنکەیان لە ئەنبار.

وتی "زۆرینەی دانیشتوانی [قائیم] هەڵاتوون و تەنیا ئەوانە لە شارەکەدا ماونەتەوە کە ئەندام، سەرکردە یان خێزانی [ئەندامانی] داعشن"، کە ژمارەیان بەردەوام له‌ بەرزبوونه‌وه‌ و نزمبوونه‌وه‌دایه‌ بەهۆی ئەوەی شارەکە نزیکە لە ئەلبو کەمال لە بەری ئەوبەری سنوور (لە سوریا).

فیتەیخان وتی بە نزیکبونەوەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ لە کۆتاییەکەی بەهیوایە کەمپینێك بەمزوانە دەستپێبکات بۆ رزگارکردنی قائیم و شارۆچکەکانی هاوسێی لە عەننە و راوە و عەکاشات، کە داعش هێشتا تیایاندا ماوەتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500