بە هەزاران سوری بەردەوامن لە گەشتێکی مەترسیدار لە باکوری شاری رەققەوە بۆ کەمپی جەنجاڵی ئاوارەکان، بێ گوێدانە مین و هێرشی ئاسمانی و تەقەی نیشانگران، تا هەڵبێن لەو دۆخەی شارەکە کە تادێت خراپتر دەبێت.
کارمەندێکی فریاگوزارییە لەسەر سنووری تورکیا-سوریا، ئۆجالان شێخانی، بە دیارونای وت ژمارەی ئەو کەسانەی لە رەققەوە هەڵاتوون زۆر بەرزبۆتەوە لەم رۆژانەی دواییدا، بۆ زیاتر لە 1,500 کەس کە رۆژانە دەگەنە کەمپی عەین عیسا، 50 کیلۆمەتر لە باکوری شارەکە.
وتی زۆربەی هەڵاتوان خەڵکی شارەکەن، لەکاتێکدا پێشتر زۆربەیان خەڵکی دەوروبەری شارەکە بوون.
وتیشی: "ئەو پشتگیرییەی ئێستا بۆ ئاوارەکان دابینکراوە لە ئاستی پێویستدا نیە بەهۆی کەمیی سەرچاوەی ئەو رێکخراوانەوه کە کەمپەکە بەڕێوەدەبەن."
ههروهها وتی رێکخراوە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکانیش کارمەندەکانیان کشاندۆتەوە لە ناوچەکە بەهۆی دۆخی ئەمنیی مەترسیدارەوە.
'ژیانێکی نوێ دەنوسرێتەوە'
ئەو خەڵکەی توانیویانە بە سەلامەتی بگەنە عەین عیسا باس لە دۆخی خراپی رەققە و رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەن چۆن مەدەنیەکان بەکاردەهێنێت وەك قەڵغانی مرۆیی دژی هێرشی ئاسمانی و هەڵمەتەکان.
ئەحمەد عەسافی، تەمەن 50 ساڵ، کە خەڵکی رەققەیە و ئێستا لە کەمپی عەین عیسایە، بە دیارونای وت لە 19 حوزەیران لە گەڕەکی بەیاترە هەڵات، بە سودبینین لەو پاشاگەردانییەی لەوێ هەبوو لهگهڵ نزیکتربوونهوهی شەڕەکە.
لەئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات چوار گەڕەکیان لەژێردەستدایە و سێشەممە (20 حوزەیران) پێشڕەویشیان کرد لە بەشی باشورەوە، زیاتر نزیکبوونەوە لەوەی بەتەواوی رەققە ئابڵوقەبدەن.
وتی چەکدارانی داعش "پێگە ئاساییەکانیان لەدەستدا" هەر کە شەڕەکە توندتربووهوە، ئەوەش رێگەی بۆ هەندێك لە خەڵکەکە کردەوە لە شارەکە هەڵبێن.
وتیشی جێهێشتنی رەققە زۆر سەخت بوو، بەڵام زانیارییان دەربارەی جوگرافیای ناوچەکە وایکرد بتوانن خۆیان لادەن لە گولهی داعش.
ئەوان هەڵاتن بۆ نزیکترین خاڵی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە گواسترانەوە بۆ کەمپی عەین عیسا لە کاروانی پاسەوانیکراودا.
عەسافی وتی: "ژیانێکی نوێ دەنوسرێتەوە بۆ ئەوانەی لە رەققە هەڵدێن."
خەڵکی گەڕەکەکانی ناوەوەی شارەکە لەژێر دۆخێکی سەختدا دەژین بەهۆی کورتهێنانێکی توندی ئاو و خۆراكەوە.
وتی: "[ئەندامانی] داعش کردوویانن بە قەڵغانی مرۆیی و تەقە لەهەر کەسێك دەکەن کە هەوڵبدات هەڵبێت."
وتیشی ئەندامانی گروپەکە پەنادەبەنە بەر ماڵی خەڵکهكه لەکاتی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی چڕدا.
عەسافی هیوای خواست بەوەی هەرچی زووترە هەموو دانیشتوان بتوانن لە رەققە هەڵبێن "چونکە تا هێزه رزگارکەرەکان لە ناوەندی شارەکە نزیکترببنەوە، هەڕەشە بۆ سەر دانیشتوان زیاتردەبێت".