لەنێو پاڵنانی پیادەکان و هاواری سەر شەقامەکاندا لەکاتی شەوانی رەمەزاندا لە موسڵ، سەختە بڕوا بەوەبکرێت تەنیا مانگێك لەمەوپێش شەڕێکی توند لە شارەکەدا هەبوو كه هێشتاش لە موسڵی کۆن بەردەوامە.
لە دەستپێکی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە بازاڕەکانی زوهور و موسەننا و گەڕەکە بازرگانییەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی موسڵ جەنجاڵن بە چالاکی تا درەنگانێکی ئێواران.
بەڕێوبهری پۆلیسی پارێزگای نەینەوا، عەمید واسیق حەمدانی، بە دیارونای وت بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی ئەمنیەتی تەواو لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، پۆلیس پلانێکی بۆ رەمەزان داناوە.
وتی: "ئەمڕۆکە هەموو ئەندامانی هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ و سوپای عێراق کاردەکەن لە شارەکەدا بۆ دابینکردنی یاسا و رێسا و گەڕاندنەوەی خۆشی بۆ هاوڵاتیان دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ژیان لەژێردەستی تیرۆریستاندا."
هاوکات، ماوەیەك دەبێت حکومەتی ناوخۆی نەینەوا کاردەکات بۆ دابینکرندی کار بۆ هاوڵاتیان لەکاتی رەمەزاندا لەڕێگەی کارەبای گشتی و موهلیدەکانی کەرتی تایبەتەوە.
عەلی یونس کە سەرۆکایەتی لیژنەی موهلیدەکانی کەرتی تایبەت دەکات لە ئۆفیسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، وتی موهلیدەکان کاتژمێری زیاتر کاردەکەن لەم مانگە پیرۆزەدا.
یونس بە دیارونای وت: "پارێزگاکە کاتژمێرەکانی کارکردنی موهلیدەکانی بە 10 کاتژمێر لە رۆژێکدا داناوە، لە 2ی پاشنیوەڕۆوە تا 12ی شەو بە 800 دینار (0.66 دۆلار) بۆ هەر سەعاتێك."
شیرینیەکانی موسڵ و ژەمەکانی رەمەزان
دانیشتوانی موسڵ جارێکی تر ژەمە بەناوبانگەکانی رەمەزان ئامادەدەکەنەوە، لەنێویاندا شەربەتی مێوژ، زەلابیە (شیرینی)، سجوق (شیرینی کە لە ترێ و گوێز دروستدەکرێت) و کوببەی موسڵی (گۆشتی قیمە و ساوەر)، لەگەڵ تورشی موسڵ (سەوزەی بەترشیاتکراو).
فرۆشیارێکی شەربەتی مێوژ بە دیارونای وت دانیشتوانی موسڵ دەستیانکردۆتەوە بە دروستکردنی شەربەت، کە شارەکە پێی بەناوبانگە، بە هەمان خاسیەت و کوالیتیی رابردوو، کاتێك بە دیاری دەیانبرد بۆ خزمەکانیان لە بەغدا.
نزیك بە دوکانی شەربەت فرۆشەکە، کاروكاسبیی دوکانێکی ئامادەکردنی زەلابیە باش بهڕێوهدهچێت -- شیرینیەکی بەناوبانگی موسڵە کە بە دوو رەنگ دروستدەکرێت، زەرد و سوور -- بە ئارد و شیر و شەکر.
ئارد، کە کەمبوو لەژێر فەرمانڕەوایی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، لەئێستادا بەبڕی پێویست دهستدهكهوێت بۆ ئامادەکردنی شیرینیی بهئهندازهیهكی بهرفراوان، کە دانیشتوانی موسڵ بەشێوەیەکی ئاسایی دوای ژەمی بەربانگ چێژی لێدەبینن.
خاوەنی دوکانی شیرینیەکە بە دیارونای وت: "ئەو خۆشگوزەرانیە ئابورییەی دانیشتوانی موسڵ دوای ئازادکردنی شارەکە چێژی لێدەبینن، یاریدەدەرە لە کڕین و فرۆشی شیرینیدا."
جیا لەم خواردنە بەناوبانگانە، نەریتەکانی دیکەی رەمەزان بریتین له سەردانی خێزان و هاوڕێیان لە ئێواراندا و بازاڕکردنیش بۆ جەژنی رەمەزان، هەربۆیەش بازاڕی نەبی یونس قەرەباڵغە بە كڕیاران تا کاتژمێرەکانی درەنگی شەو.
ژنان دەبینرێن بەنێو بازاڕدا دهسوڕێنهوه و بازاڕدەکەن بەبێ ئەو سنورانەی داعش بەسەریدا سەپاندبوون کاتێك دهستیگرتبوو بهسهر شارەکەدا.
ئاوارە عێراقییەکان بەردەوامن لە ئازارچەشتن
بەڵام باشبوونی رێژەیی بارودۆخی موسڵ وا دەردەکەوێت نەگەیشتبێتە کەمپی ئاوارەکان، کە زۆر کەس هێشتا بەدەست گەرما و کەمیی خۆراکەوە دەناڵێنن.
هەرچەندە بارودۆخهكه بهپێی کەمپەکان دهگۆڕێت، زۆربەیان دەبێت قایلبن بەو كهموكوڕییه سهختهی خزمەتگوزاری و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.
دانیشتوانی کەمپەکان سکاڵای ئەوە دەکەن خێمەکان بۆ ژیان ناشێن، بەهۆی گەرما و کەمیی ئامێری فێنککەرەوه و قەیرانی کارەباوە لە کەمپەکەدا.
ئەوانیدیکە سکاڵادهكهن لەدەست نەبوونی ئاوی سارد بۆ خواردنەوە و دەڵێن ناچارن ژەمی بەربانگ بخۆن بە ژەمێکی کەمی خۆراکەوە و ئاوی بەلوعە بۆ خواردنەوە بەکاردێنن.
وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ستار نەورۆز، وتی: "هەموو ئەمانە لەکاتێكدایە کە ژمارەی ئاوارەکان بەردەوام زیاددەکات، لهكاتێكدا هێزهكانی عێراق زیاتر پێشڕەوییدهكهن بەنێو خۆرئاوای موسڵدا."
نهورۆز بە دیارونای وت ژمارەی ئاوارەکان تەنیا لە خۆرئاوای موسڵەوە گەیشتە نزیکەی 633,000 لە 10ی حوزەیراندا.
وتی ئهوه هاندەرێکی باشە کە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان دەستیانکردووە بە گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵاتی موسڵ. وتیشی 200,000 کەس گەڕاونەتەوە، بەهۆی باشبوونی بارودۆخەکەوه لە گەڕەکەکاندا.