هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هێزەکانی عێراق پێشڕەویدەکەن بەرەو دواین پێگەی بەهێزی داعش لە موسڵ

دیارونا و ئاژانسی فرانس پرێس

هێزەکانی عێراق پێشڕەوییانکرد لەناو به‌شه‌ دێرینه‌كه‌ی رۆژئاوای موسڵ وەك بەشێك لە هێرشەکەیان دژی دوایین قەڵای داعش لە شارەکەدا و هۆشدارییان دایه‌ هاوڵاتیان و داوایان لە چەکدارانی داعش كرد خۆیان بده‌ن بەدەستەوە. [ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی عێراق دووشەممە (19 حوزەیران) چوونە قوڵایی شاری کۆنی موسڵه‌وه‌ کە کۆتا بەشی شارەکەیە كه‌ هێشتا لەژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دابێت.

دوای هێرشێکی یەك مانگی، یەکە هاوبەشەکانی سوپا لە فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی دژە تیرۆر کۆتا هێرشیان لە بەرەبەیاندا ئەنجامدا بۆ گرتنەوەی ناوچەکە.

وتەبێژی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا، موقەدەم عەبدولئەمیر موحەمەداوی، بە دیارونای وت: "هێرشەکە سەختترین هێرشی هاوشێوەیە. بەرەکانی جەنگ پڕن لە مەدەنی و شەڕ لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر روودەدات بەهۆی بەرتەسکیی شەقامەکانەوە."

وتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێشڕەویی دڵخۆشکەرانە بەدەستدێنین. هێزەکانمان هێڵی سەرەکیی بەرگریی چەکدارەکانیان تێکشکاندووە لەدەوروبەری ناوچەکەدا و لە سێ لاوە چونەتە ناوی."

هێزەکانی عێراق پێشڕەویدەکەن لە موسڵی کۆن دوای ئازادکردنی گەڕەکی شیفاع لەده‌ست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

هێزەکانی عێراق پێشڕەویدەکەن لە موسڵی کۆن دوای ئازادکردنی گەڕەکی شیفاع لەده‌ست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ، وتی هێزەکانی عێراق شەقامی فاروق و مزگەوتی حەدیدیان گرتۆتەوە لە موسڵی کۆن.

رەسوڵ بە دیارونای وت ژمارەیەك چەکداری داعش کوژراون تاکو ئێستا، لەنێویاندا "ئەبوبەکر مەسری، کە سەرکردەیەکی باڵای گروپەکە بوو."

ئاگادارکردنەوە لەڕیگەی بڵندگۆوە

هێزەکانی عێراق چەند هەمەرێکیان جێگیرکرد کە بڵندگۆیان لەسەر دانراون لە نزیك مزگەوتی گەورە لە رۆژهەڵاتی موسڵی ئازادکراو و روویانکردە موسڵی کۆن کە داعش دوایین بەرگریی تێدا دەکات.

بڵندگۆکان پەیامیان بەدەنگی بەرز دەنارد بۆ شەڕکەرانی داعش و پێیان دەوتن: "تەنیا ئەم بژاردەیەتان هەیە: خۆبەدەستەوەدان یان مردن."

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە كه‌ پەیامەکان پەخشکراون بۆ خەڵکی مەدەنی لە موسڵی کۆن و ئاگاداریکردوونەته‌وە كه‌ هێزەکانی عێراق "خەریکن کۆتایی بە نەهامەتیەکانتان بهێنن."

هێزەکانی عێراق درەنگانی یەکشەممە نزیکەی 500,000 ئاگادارییان بەسەر شارەکەدا خستەخوارەوە و هۆشدارییان دا کە "دەستیانكردووه‌ بە هێرش لەهەموو لایەکەوە."

ئاگادارییه‌كان داوایان لە خەڵکی مەدەنی کرد "دووربکەونەوە لە شوێنە کراوەکان و ... هەر هەلێك بقۆزنەوە کە دێته‌پێشه‌وه‌ لەکاتی شەڕدا" بۆ هەڵهاتن.

مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردێن

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند داعش رەنگە زیاتر لە 100,000 مەدەنیی گرتبێت وەك قەڵغانی مرۆیی لە موسڵی کۆندا.

محەمەداوی بە دیارونای وت: "پێدەچێت 300 شەڕکەری داعش خۆیان حەشاردابێت لە خانوه‌كانی دانیشتوانی موسڵی کۆندا."

وتیشی چوار رێڕەوی ئه‌مین کراونەتەوە بۆ خەڵکی مەدەنی کە هێشتا گیریانخواردووە بەڵام "دوژمن ده‌ستناگرێته‌وه‌ لە کردنە ئامانجی دانیشتوانی هەڵهاتوو بە تۆپباران و قەناس."

هەروەها وتی: "چەکدارانی [داعش] کوشتاری بە کۆمەڵیان ئەنجامداوە دژی چەندین خێزانی ئاوارە بۆ تۆقاندنی دانیشتوانه‌ به‌جێماوه‌كه‌ و ناچارکردنیان تا لەماڵەکانیان بمێننەوە."

وتیشی چەندین مەدەنییان لەناو خانویەکدا دەستبەسەرکردووە و وەك بەربەستێك بەکاریاندەهێنێت دژی پێشڕەویکردنی هێزەکانی عێراق.

هەروەها وتی: "ئەو تاکتیکە ئێستا ئاشکرا بووە و ئێمە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500