هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

تیمە عێراقیەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی موسڵن لە مین

خالید تائی

پسپۆڕانی مینی زەمینی ئه‌و تەقەمەنییانه‌ پوچەڵدەکەنەوە کە لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە لە نەخۆشخانەی گشتی موسڵدا چێنراون. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی بەڕێوەبەرێتی کاروباری مینی زەمینی]

پسپۆڕانی مینی زەمینی ئه‌و تەقەمەنییانه‌ پوچەڵدەکەنەوە کە لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە لە نەخۆشخانەی گشتی موسڵدا چێنراون. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی بەڕێوەبەرێتی کاروباری مینی زەمینی]

پاشماوەی ئه‌و تەقەمەنییانه‌ی به‌جێهێڵراون لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ بەشێکی گەورەی موسڵیان ته‌نیوه‌، بەتایبەتی بەشی خۆرئاوای شارەکە و بوونه‌ته‌ هەڕەشەیەکی هەنوکەیی بۆ دانیشتوان.

بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و رێخۆشکردن بۆ دانیشتوانی گەڕەکە ئازادکراوەکان بۆ گەڕانەوە، حکومەتی عێراق لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییه‌كاندا کاردەکات بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە تا کاروباری بنیاتنانەوە بەچڕی دەستپێبکاتەوە.

ماددەكانی تەقەمەنی، زۆرێکیان لە جۆری تەقەمەنیی قەبارە جیاوازدا، بە شەقامەکانی موسڵدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی مینی زەمینی عێراق، خالید رەشاد، بە دیارونای وت: "زۆرکەم ناوچەیەك لە شارەکەدا هەیە ئەو جۆرە پاشماوانەی لێنەبێت."

وتیشی بەربڵاویی ئەم پاشماوانە زۆر زۆرە و ئاماژەشی كرد بەوەی "لەئێستادا دیاریکردنی وردی ژمارە و شوێنی تەقەمەنییەکان سەختە."

وتی دوای ئەوەی خۆرهەڵاتی موسڵ ئازادکرا، "دەستمانکرد بە کاری ئەندازیاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و هاوبەشەکانمان بۆ نەهێشتنی تەقەمەنیەکان،" ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە لە گەڕەکەکان و وێستگەی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان دەستیپێکرد.

وتیشی ئەو ناوچانەی پاککراونەتەوە سەرەتا ئەوانەن کە خەڵکێکی زۆری ئاوارەی گەڕاوەیان تێدایە، لەگەڵ ئەو ناوچانەی دانیشتوانێکی چڕیان هەیە وەك حەمام عەلیل و گەیارە.

ئێستا تیمەکان ناوچەکانی خۆرئاوا پاکدەکەنەوە

رەشاد وتی: "لەئێستادا کار لەسەر بەشی خۆرئاوا دەکەین، تیمە پسپۆڕەکانمان رووماڵی سەرەتایی هونەریی دەکەن بۆ دیاریکردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی تەقەمەنی و ئەوەی لەکوێ چڕبوونەتەوە."

وتی ئەرکەکە پشتدەبەستێت بەو "پێوەری کارکردنانه‌ی رێنادات بە تیمە ئەندازیارییەکان بەهەڕەمەکی یان بەپەلە کاربکەن بەبێ لێکدانەوەی پێویست" و وتیشی: "هەوڵدەدەین وریابین، چونکە مامەڵەکردن و پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی ئاسان نیە."

رەشاد تێبینی کرد کە بۆمبی دەستکردی قەبارە جیاواز -- كه‌ لەلایەن داعشەوە بە ئامێر و ماددەی سەرەتایی دروستکراون -- قورسترین و مەترسیدارترین تەقەمەنیین بۆ مامەڵەکردن.

وتی ئەمانە "رەنگە لە قەبارە و ئەو ماددەیەی تیایاندا بەکارهێنراوە جیاوازبن، یان ئەوەی چۆن دەتەقێنرێنەوە، بەگوێرەی دروستکەرەکەی". وتیشی: "هەریەکەیان پێویستی بەوپەڕی وریایی و زانیاری هەیە بۆ پوچەڵکردنەوە، تا نەبنە هۆی قوربانیخستنەوە."

هه‌روه‌ها وتی تیمەکان بە هەزاران بۆمبی دەستکردیان لە تەواوی ناوچەکەدا تێکشکاندووە، کە بەتایبەتی بەچڕی لەو راڕەوانەدا چێنرابوون کە بەکاردەهێنران لەلایەن خێزانە هەڵاتووه‌كان و هێڵەکانی بەرگریی دوژمنەوە.

وتیشی: "بێوەستان کاردەکەین و هەرچی زووترە ئەرکی خۆمان جێبەجێدەکەین."

پێکەوە کارکردن بۆ پاککردنەوەی شارەکە

هاوبەشە ناوخۆییه‌كان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مینی زەمینی عێراق کاردەکەن، لەنێویاندا کۆمپانیای فەهد، کە تایبەتمەندە بە نەهێشتنی تەقەمەنی و پوچەڵکردنەوەی بۆمبی نەتەقیو.

ئەم کۆمپانیایە سەرکەوتووبووە لە پاککردنەوەی چەندین کێڵگەی مین لە خۆرهەڵات و باشوری موسڵ، لەنێویاندا نەخۆشخانەی حەمام عەلیل، وێستگەی گازی گوندی عەزبە و خاڵی پشکنینی عەقرەب لەسەر ئەو شاڕێیەی دەچێت بۆ بەغدا.

بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای فەهد، محەمەد عەتیە، بە دیارونای وت کۆمپانیاکەی ئاستی بڵاوبوونەوەی تەقەمەنیشی خەمڵاندووە لە شانزە گەڕەکدا.

وتی: "هێشتا کاردەکەین لەسەر پاککردنەوەی زانکۆی موسڵ و چەندین خوێندنگەی دیکە، ناوه‌ندی تەندروستی و وێستگەی پاککردنەوەی ئاو و کارەبا لە خۆرهەڵاتی شارەکە، لەگەڵ کارگەی چیمەنتۆ لە حەمام عەلیل."

وتیشی: "بە رووماڵی جوگرافی دەستپێدەکەین بۆ دەستنیشانکردنی ناوچە پیسبووەکان [بە تەقەمەنی] و دوای ئەوە پاشماوەکان لەناودەبەین، بەکارکردن لەگەڵ وەزارەتی بەرگری."

خۆرئاوای موسڵ 'کێڵگەیەکی مینی گەورەیە'

عەتیە وتی تیمەکان بەمدواییانە چونەتە نێو گەڕەکەکانی بەشی خۆرئاوای موسڵ، کە دەستیانکردووە بە کاری رووماڵ و چاودێری.

وتی: "روماڵێکی سەرەتاییمان کرد بۆ دەستنیشانکردنی بڕی پاشماوەی تەقەمەنی لە هەشت گەڕەکدا،" كه‌ ئەنجامەکەی پیشانیدا له‌سه‌دا 75ی ئەم ناوچانە تەقەمەنییان تێدابوو.

عەتیە وتی: "هیچ کەمتەرخەمی ناکەین لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دانیشتوانی موسڵ و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی، بە دیارونای وت داعش خۆرئاوای موسڵی کردووە بە "کێڵگەیەکی مینی گەورە".

وتی: "ئەندامانی داعش مینە زەمینیەکانیان لەسەر رێگەکان و کۆڵانان و ناو ماڵی خەڵکدا چاندووە، بەتایبەتی لە بەشە کۆنەکانی شارەکەدا،" بە ئامانجی خاوکردنەوەی پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان و زیانگەیاندنی زۆر بە مەدەنییەکان.

وتیشی: "پاشماوەی تەقەمەنی و مینی زەمینی سەرچاوەیەکی جددیی نیگەرانیین، چونکە سەلامەتی و بنیاتنانەوە جێبەجێناکرێن، بەبێ لابردنیان. بەڵام دڵنیاین لە توانای حکومەت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ئاستەنگەدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500