هه‌واڵه‌كانی عێراق
رەمەزان

رەمەزان لە ئەنبار: نزا و گردبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان

سەیف ئەحمەد لە ئەنبار

خواردن ئامادەکراوه‌ بۆ گردبوونەوەی بەربانگ بۆ دانیشتوانی فەلوجە، کە ئاهەنگی ئەم مانگە پیرۆزە دەگێڕن بەبێ بوونی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

خواردن ئامادەکراوه‌ بۆ گردبوونەوەی بەربانگ بۆ دانیشتوانی فەلوجە، کە ئاهەنگی ئەم مانگە پیرۆزە دەگێڕن بەبێ بوونی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

ئەو داب و نەریتانەی رەمەزان کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە قەدەغەکرابوون بۆ ماوەی سێ ساڵ، دووبارە لە پارێزگای ئەنبار دەرکەوتوونەتەوە.

کاتێك داعش کۆنترۆڵی چەند بەشێكی ئەو پارێزگایەی خۆرئاوای کردبوو، نوێژی تەراویح و دەنگی بەرزی بانگدانی لە مزگەوتەکانەوە قەدەغەکردبوو، چەندین جۆری گردبوونەوەی کۆمەڵایەتیشی سنووردارکردبوو.

سەرەڕای بەکارهێنانی فەتوای هەڵە بۆ رێگرتن لە هەندێك نوێژ بە پاساوی ئەوەی کە گومڕاکەرن، داعش نزرگەی هەندێك لە پیاوچاکی ئایینیی تەقاندەوە.

بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەنبار لیوا هادی کەسار رزه‌یج بە دیارونای وت لەوەتەی گروپەکە لە زۆربەی پارێزگاکە دەرکراوە، ناوچە ئازادکراو و سەلامەتەکانی ئەنبار ئاماژەی دووبارە گەڕانەوەی ژیانیان تێدایە.

وتی ئەم ناوچانە ئێستا "شایەتی گەڕانەوەی ئه‌و داب و نەریتانه‌ن کە خەڵکی پارێزگاکە پێی ئاشنان".

رزه‌یج وتی: "دەزگا ئەمنییەکان پارێزگاری له‌ هەموو مزگەوتەکان دەکەن لەکاتی نوێژی تەراویحدا، دوای نوێژی ئێوارە، لە هەموو رۆژێکی مانگی رەمەزاندا."

وتی ئەوان ئامادەیی ئەمنییان لە بازاڕ و نزیك باخچە گشتی و پارکەکانیشدا بەهێزکردووە بۆ پێشگرتن لە ئەگەری هەر هێرشێك.

شێخ هاشم جه‌وحانی لە دیوانی وەقفی سوننە وتی: "هەموو مزگەوتەکان لە شارەکانی ئەنبار کراوەن تا نوێژ و زیکر و دوعا و نوێژی تەراویحیان تێدابکرێت."

جه‌وحانی بە دیارونای وت ئەمە ئامۆژگاری و وتاری ئاینییش لەخۆدەگرێت کە نەریت وایە پێش نوێژی عەسر بکەوێت لە مانگی رەمەزاندا.

وتی: "هەموو نەریتەکانی رەمەزان [لەسایه‌ی داعشدا] قەدەغەکرابوون، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی سەقامگیری و ئامادەیی هێزەکانی عێراق و هاوکاریی هاوڵاتیانی ئەنبارەوە هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان سەلامەته‌."

هه‌روه‌ها وتی چوونە ناو مزگەوت تەنیا لە نوێژی تەراویحدا پشکنینی دەوێت و وتیشی ژمارەیەکی زۆری خواپەرستان ئامادەی ئەم نوێژانە ده‌بن.

چالاکی کۆمەڵایەتی لەکاتی رەمەزاندا

جەوحانی وتی: "شەوانی رەمەزان لەوانیدیکە جیاوازن، چونکە خێزانەکان دەچنە پارکەکان دوای شکاندنی رۆژوەکانیان."

شێخ قەتەری سەمەرمەد لەقەزای بەغدادی، خۆرئاوای رەمادی، وتی لێرە سەردانی خزمانیان دەکەن و لەگەڵ خێزانی دیکەدا تێکەڵدەبن.

سەمەرمەد بە دیارونای وت دوای بەربانگ "کافێكان و هۆڵه‌كانی وه‌رزش و هه‌موو مەیدان و پارکەکان [لە بەغدادی] ئاماده‌یی خەڵکێكی زۆر به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن."

وتی کێبڕکێی موحەیبس دامەزرێنراوە لەنێوان تیمە جەماوەرییەکاندا، "لەگەڵ خولی تۆپی پێ لەنێوان گەڕەکەکاندا".

خالید عەبدوڵا موحەمەدی، دانیشتوی فەلوجە، بە دیارونای وت: "مانگی رەمەزان تامێکی تایبەتیی هەیە."

وتی: "سەرەڕای بەڕۆژووبوون و پلەی گەرمای بەرز، خێزانەکان بەیانیان دەچن بۆ بازاڕ بۆ ئامادەکاری بۆ ژەمەکانی بەربانگ و پارشێو."

وتیشی: "مانگی رەمەزان چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە لە رۆژانی ئاساییدا نایبینین، له‌وانه‌ موسەحەراتی (بەخەبەرکه‌ره‌وه‌ی پارشێو) کە بە شەقام و گەڕەکەکاندا دەسوڕێتەوە تا خەڵکی لە خەو خەبەربکاتەوە."

بەگوێرەی محەمەد موسەحەراتییەکان پێشتر لەلایەن داعشەوە هەڕەشەی مەرگیان لێدەکرا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500