لەکاتی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، عیراقییەکان دەستی یارمەتییان درێژکردووە بۆ ئەو خێزانانەی لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین بە پێشکەشکردنی خواردن و شێوازی دیکەی پشتگیری، وەك ئامێری فێنککەرەوە.
لە گەڕەکی جامیعەی خۆرئاوای بەغدا، هەموو رۆژێك کۆمەكی خواردن و فریاگوزاری دەگات، وەك بەشێك لە پرۆژەیەکی خۆبەخشانەی خەڵکی ناوچەکە پێشکەشدەکرێت.
بەرپرسی کەمپەکە، رەمزی عەزاوی، بە دیارونای وت کەمپەکە 100 خێزانی تێدایە کە زۆربەیان لە موسڵ و ناوچەکانی بەعاج و زومار و پارێزگای ئەنبارەوە ئاوارە بوون.
وتی نزیکەی نیوەی خێزانەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتنە کەمپەکە، دوای گەشتێکی درێژ و شەکەتکەر کە تیایدا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی دەڕۆیشتن پێشئەوەی لە بەغدا نیشتەجێبن.
عەزاوی وتی لەوەتەی کەمپەکە لە نیسانی 2015 کراوەتەوە، دانیشتوانەکەی "پاڵپشتی بەرچاو"یان پێدەگات لە خەڵکی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەوە.
زۆربەی کۆمەكەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوەیە
عەزاوی وتی: "زۆربەی ئەو کۆمەكەی دەگاتە کەمپەکەمان لەلایەن هاوڵاتیانەوەیە. خەڵك باشترین کاڵای خۆیانمان پێدەدەن و کاتێك گوێبیستی گەیشتنی ئاوارەی نوێ دەبن، دەستبەجێ بهپهله دهگهنه فریایان."
وتی: "لەکاتی بۆنە گشتی و ئاینییەکاندا، بڕی کۆمەك دووهێندەیە، کە تا ئەوپەڕی بەرجەستەی هاریکاریی نیشتیمانییمان دەکات."
عەزاوی وتی چێشتخانەی کەمپەکە هەموو رۆژێك ژەمی گەرم پێشکەشدەکات و "لەئێستادا نانی بەیانی بەکۆمەڵ هەیە بۆ مانگی رەمەزان".
وتیشی: "هاوڵاتیان هەموو رۆژێك خۆراك دابیندهكهن و ئێمهش چێشت لێدهنێین بۆ خێزانە ئاوارەکان."
ههروهها وتی: "خەڵكی پارێزگا باشورییەکان هیچ شتێك نهماوه نهیكهن بۆ یارمەتیدانی برا ئاوارەکانیان لە پارێزگاکانی باکور و خۆرئاوای وڵاتهوه."
عەزاوی وتی لە دەستپێکی هاویندا، بانگەوازێکی بڵاوکردۆتەوە لە وێستگەی تەلەفزیۆنە لۆکاڵییەوەکانەوە و داوای لە خەڵك کردووە یارمەتی دانیشتوانی کەمپەکە بدەن بە ئامێری فێنککەرەوە تا بتوانن بەرگەی گەرما بگرن و باری رۆژوگرتنیان لەسەر سوك بێت.
وتیشی: "تەنیا چەند رۆژێكی بەسەردا تێپەڕیبوو پیاوێك لە شاری نەجەفەوە پەیوەندیی پێوەکردم بۆ بەخشینی 40 ئامێری فێنککەرەوە [موبەریدە] بە کەمپەکە."
کەمپەکە چەندین بڕی سوتەمەنیشی پێگەیشتووە لە بەخشەرانی دیکەوە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەی کارەبایی و دابینکردنی وزەی بەردەوام لەکاتی رەمەزاندا.
کۆمەك تایهفەكان تێدەپەڕێنێت
حەمید حەمادی، 50 ساڵ، کە ئاوارەیەکی ئەنبارە و نزیکەی دوو ساڵە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کەمپی جامیعە دەژی، وتی خەڵکەکە هەمووکات کۆمەك دەبەخشنە خێزانە ئاوارەکان.
حەمادی بە دیارونای وت: "بەڵام لە رەمەزاندا پشتگیری زیاد دەبێت، چونکە ئەمە مانگی بەخشین و خێر و هاوسۆزییە بۆ هاوڵاتیان لەگەڵ یەکتری، بێ لێکدانەوەی ئایین و تایهفە و گروپه ئێتنییه جیاوازهكان."
وتی خۆی و خێزانەکەی دوای گەشتێکی سەخت گەیشتوونەتە کەمپەکە. وتیشی: "لەوەتەی گەیشتووین، لە هەموو لایەکەوە دەستی یارمەتی درێژکراوە بۆمان."
"ئەم هاوسۆزییە بەشێوەیەکی بەرچاو مەینەتیەکانمانی کەمکردۆتەوە."
وتی: "ئێمە سوننەین و زۆربەی بەخشینی کۆمەكی خواردنمان لە ناوچە شیعەکانەوە پێدەگات وەك مهدینه سەدر و پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا. ئەم دەستپێشخەرییانە یەکێتی و خۆشەویستیمان بۆ یەکتر نیشاندەدەن."
پشتگیری دەگاتە خێزانە نا-موسڵمانەکان
بەڕێوەبەری کەمپی مەریەم عەزرا لە زەیونە، قەشە مارتن هەرماز داود، وتی پشتگیریی خەڵك دەگاتە خێزانە نا-موسڵمانەکانیش، بەوەی خێزانەکانی بەغدا خێر و کۆمەك دەبەخشنە ئاوارە مەسیحییەکان.
داود بە دیارونای وت: "خەڵك لە چواردەوری پایتەختەوە دێن بەرەو ئێرە تا بپرسن دۆخی دانیشتوانی کەمپەکە چۆنە و خواردن و جل و شمەکیان پێبدەن."
وتی: "لە رەمەزاندا، لە مانگی موحەڕەم و ئاهەنگە ئاینییەکانی برا موسڵمانەکانماندا، ژمارەی سەردانەکان زیاد دەکات." ههروهها ئاماژەشیکرد بەوەی 142 خێزانی مەسیحی، زۆربەیان ئاوارەی دەشتی نەینەوا، لە کەمپەکەدا دەژین.
حەسەن محەمەد، 45 ساڵ، کە خەڵکی دۆرەیە و یارمەتی دابەشکردنی کۆمەكی خۆراك دهدات بەسەر خێزانە ئاوارەکانی ناوچەکەدا، وتی: "ئێمەی عێراقی یەك گەلین و یارمەتیی یەکتر دەدەین."
ناوبراو بە دیارونای وت: "یارمەتیدانی خەڵکە ئاوارەکه ئەرکی نیشتیمانیمانە. رەمەزان نزیکترمان دەکاتەوە لەیەکتر و هێزی زیاترمان پێدەبەخشێت تا دەستی یارمەتی و کۆمەکیان بۆ درێژبکەین."